محــــــەمەد شوکــــــــــــری: خەریکین یاسای وەبەرهێنان لە کوردستان وەها هەموار بکەینەوە لە بەرژەوەندی هاووڵاتی و وەبەرهێنەر و حکوومەتیشدا بێ

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، سەبارەت بە هەندێک پڕۆژە کە وەستێنرابوون و ڕەگەزگۆڕینی بەشێک لەو پرۆژانە و خزمەتگوزاریی نێو پڕۆژەکان و ڕێکخستنەوەی یاسای وەبەرهێنان لە کوردستان، وەڵامی هەندێک پرسی دایەوە.

ماوەیەکە باس لە گۆڕینی ڕەگەزی پڕۆژەکان دەکرێت بێ ئەوەی هاووڵاتیان بزانن ڕەگەزگۆڕین چییە، چونکە هەندێک پڕۆژە لە بنەڕەتدا بازرگانین، بەڵام کراون بە نێشتەجێبوون، محەمەد شوکری لەم بارەوە گوتی: “حکومەتی هەرێم ڕێکاری تایبەتی داناوە بۆ گۆڕینی ڕەگەز لەنێو بڕیاری (٥87) ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بۆ ئەوەی ڕەگەزی ئەم پڕۆژانە بگۆرین کە ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆکوەزیرانیشی پێویستە. حکوومەت، سێ شتی سەرەکی بۆ یارمەتی هاووڵاتیان لەم پڕۆژانە وەردەگرێت: یەکەمیان، 3٥٪ لە نرخی ڕاستەقینەی ئەو زەویە لە وەبەرهێنەر وەردەگیرێ، ٥٪ تێکڕایی دروستکراوەکانی ئەو پڕۆژەیە دەبێتە مڵکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئیتر شوقە بێ یا شوێنی بازرگانی یا هەر شوێنێکی تری ناو پڕۆژەکە)، دووەمیان ڕێنمایی پێدانی زەوی یا مڵکاندنی زەوی بۆ پڕۆژەکان کە نیشتەجێ بوون، بە مڵک دەکرێ و سێیەمیشیان مڵکاندن یاخود بەمڵککردنە دیسان پێویستە وەبەرهێنەر لە ١٧% و ٣٢% بە پێی دوور و نزیکی لە سەنتەری شار لە نرخی ڕاستەقینەی زەوییەکە بدات، بۆیە ئەو پڕۆژانەی ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەیە و گونجاوە بۆ نیشتەجێ بوون، ئەم بڕە پارە و دروستکراوانەی کە حکوومەتی هەرێم وەریدەگرێت دەچێتە سندووقێکەوە کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران دروست دەکرێت بە ناوی سندووقی وەبەرهێانی هەرێمی کوردستان و جارێکی تر وەبەرهێنانی پێ دەکرێتەوە و بەمەش داهاتی زیاتر بۆ حکوومەت دەستەبەر دەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ زیاتر خزمەتی هاووڵاتیانی بکات.”
پێش دروستبوونی قەیرانەکان و بڕینی مووچە و دابەزینی بەهای نەوا لە دنیا، چەندین پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان وەستێنران کە پڕۆژەی گەورەش بوون. بۆ نموونە پڕۆژەکانی وەرین ستی و فلۆریا و دەشتی بەهەشت و ڤار پارک لەو پڕۆژە گەورانە بوون کە وەستان، بەڵام ئێستا هەندێکیان دەستیان پێ کردووەتەوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەم بارەوە گوتی: “کێشەی سەرەکی وەستانی پڕۆژەکان بریتییە لە پێدانی پڕۆژە بە وەبەرهێنەرێک کە شایستە نەبووە یا جێبەجێکارێکی خراپ بووە. هۆکاری وەستانی چەندین پڕۆژە لە چەند ساڵی ڕابردوو هەر ئەمەیە، بەڵام ئێستا لە قۆناغی چارەسەرین، بۆ نموونە (وەرین ستی) بڕیاری کۆتایی بۆ دراوە و لە ماوەیەکی کەم کێشەکان چارەسەر دەبن و دەکەوێتەوە بواری جێبەجێکردن. بۆ پڕۆژەکانی تریش بۆردێکی تایبەت دانراوە، بۆ نموونە (فلۆریا ستی) دەستی کردووەتەوە بە ئیشکردن و کەمێک کێشەی قەرەبووەکان و مقاولی ماوە کە لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەت و بۆردی تایبەت خەریکی چارەسەرکردنین. بۆ پڕۆژەی (دەشتی بەهەشت) و پڕۆژەکانی تر هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانیدا کردووە بۆ ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش دروست بکرێت تا بتوانرێ کێشەکانیان چارەسەر بکرێت. سەبارەت بە پڕۆژەی (ڤار پارک) ئەوە پڕۆژەی تایبەتە و پەیوەندی بە دەستەی وەبەرهێنانەوە نییە. بۆ زانیاری، نزیکەی ٤٠ پڕۆژە مۆڵەتی لە دەستەی وەبەرهێنان وەرنەگرتووە، بۆیە ئەوانە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و دەبێت شارەوانی یا ئیدارە سەربەخۆ و پارێزگاکان گرفتەکانیان چارەسەر بکەن.”
هەر پڕۆژەیەک نرخێکی هەیە لە کاتێکدا هەمان کوالێتیان هەیە، لێرەدا هاووڵاتی باجەکەی دەدا. بەم بۆنەوە دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری تایبەتی گرتووەتە پێش کە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان محەمەد شوکری گوتی: “لەم پڕۆژانە لە کاتێکدا گرێبەست دروست دەکرێت دوو ڕووبەر لە شوقەیەک هەیە ڕووبەرێکی بە پاکی ڕووبەری شوقەکەیە لەگەڵ ئەو ڕووبەرانەی زیاد دەکرێن بریتییە لە هۆڵ و شوێنی گەراج و بەلەکۆنە. پڕۆژەی تریشمان هەیە لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە دەکرێت کاتێک گرێبەست دەکرێت تەنیا ڕووبەری پاکی شوقەکە دانراوە. لە هەردوو حاڵەتدا کڕیار کاتێک شوقەکە دەکڕێ و ئیمزای دەکات ڕازییە بەو مەرجانە، ئەگەر ناڕازی بێ لەو بابەتانە دەتوانێ شوقەکە نەکڕێ و ڕەتی بکاتەوە.”
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، پرسی خزمەتگوزارییە کە ئێستا بووەتە جێگەی گلەیی زۆر، لەم بارەوە محەمەد شوکری باسی لەوە کرد کە “ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەر پڕۆژەیەک ئەو خزمەتگوزارییانەی تێدا نەبوو پێویستە دروستی بکات، لەلایەکی تر ئەو پرۆسەیەش لە کابینەی نۆیەم دەستمان پێ کردووە بۆ نموونە هەر پڕۆژەیەک قوتابخانەی نەبێ لە شوێنێکی تر پێمان دروست کردووە، هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان لە شوێنێکی نزیک دروست بکرێن تا دانیشتووانی پڕۆژەکە سوودمەند بن لەو خزمەتگوزارییانە و کاریگەریی خراپی نەبێ لەسەر دانیشتووانی پڕۆژەکە. ئێستا ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە و چەندین پڕۆژەی درووستکردنی قوتابخانە لەبەردەستمانە بۆئەوەی قەرەبووی ئەوە بکاتەوە. کاتێک پڕۆژەیەکی چەند تاوەری دروست دەکرێت و شوێنی قوتابخانەی تێدا نییە، وەبەرهێنەر خەریکی دروستکردنی قوتابخانەن لە نزیک تاوەرەکە حکومەت زەوی هەیە قوتابخانەکە لەسەری دروست دەکەن.”
دوا قسەی محەمەد شوکری لەسەر گۆڕینی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بوو کە داخۆ هەموار دەکرێتەوە یان نا، ئەویش لەم بارەوە گوتی “بێگومان یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە، ئێمە یاسای 2٠٠٦مان هەیە کە یاسایەکی خراپ نییە بۆ وەبەرهێنەران لەڕووی ئیمتیازاتەوە، بەڵام پێویستی بە وردەکاری زیاترە. لە 2019 درافتێک ئامادە کراوە و داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ئەو درافتە بۆ ئێمە بگەڕێتەوە. ئێستا لێژنەیەکی یاساییمان داناوە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو ڕێنماییانەی کە لە دوای 2٠٠٦ دەرچوونە و ڕۆڵی باشیان هەیە لە بەرەوپێشبردنی یاساکە و قازانجی حکوومەتیش لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەکەین بە بەشێک لەو یاسایە. هەروەها ئەو ئاسانکارییانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیهێنێتە پێشەوە لە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان، کە بریتی دەبێ لە دروستکردنی نەخشەی وەبەرهێنان دروستکردنی سیستەمی یەک پەنجەرەیی و دروستکردنی پۆرتاڵی تایبەت کە بریتی دەبێ لە مۆڵەتپێدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی. ئەمانە هەموو لە یاسا نوێیەکە شوێنی دەبێتەوە و هەوڵ دەدەین یاسایەکی مۆدێرن بێ، بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بکەین تا وەبەرهێنان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بێنین بۆ ناو هەرێمی کوردستان لەو بوارانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی بەتایبەتی سێکتەری ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار.”

ھەواڵی زیاتر