هەڕەشەکان دەبێ ببنە مایەی یەکگرتوویی زیاتری هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان

هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی تێیدا چالاکی هەیە، نوێترین ئامانجی هێرشی گرووپە میلیشیاکان بووە و هێرش بۆ سەرئەم کێڵگەیەش بە هەڕەشە بۆ سەر یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێ و ئەو پێویستییە هەنووکەییە هاتووەتە کایەوە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دژی نەیاران یەکگرتووتر بن.

ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بووەتە ناوچەیەکی مەترسیدار کە بە دەیان جۆری هێزی نایاسایی تێیدا چالاکییان هەیە و لەو ناوچانەوە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق . نوێترین هەڕەشە و مەترسی ئەو هێزە لە یاسابەدەرانە کە زۆر جار دەمامک دەگۆڕن و لە ژێر ناوی جیاوازدا پیلانەکانیان جێبەجێ دەکەن، ئەو هێرشە مووشەکییانەیە کە لە جۆری هاوەنن و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سێ جار یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی گازی سروشتی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.
ماوەی رابردوو کۆمپانیای دانەگاز بە فەرمی رایگەیاند تا ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی کێڵگەکە ٢٥% زیاد دەکەن و پەرەی زیاتر بە وەبەرهێنان لە کوردستان دەدات کە تا ساڵی ٢٠٢٧ قەبارەکەی بۆ سەرووی چوار ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە. ئەو قەبارە زۆرەی وەبەرهێنان کاریگەری دەبێت لەسەر پێشخستنی هەرێمی کوردستان لە بواری ئابووری و لە داهاتوودا رۆڵی زیاتری لە دابینکردنی وزە دەبێ و بە دڵنیاییەوە ئەو هەنگاوە گرینگانەش دۆست و دوژمنی خۆیان هەیە.
کێڵگەی کۆرمۆر کە نزیکە لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پێشتر تەنانەت لە سەردەمی بەهێزبوونی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیش کە تا چەند کیلۆمەترێک لەو کێڵگەیەش نزیک کەوتنەوە هیچ هەڕەشە و مەترسییەکی نەخرایە سەر، بەڵام ئێستا بووەتە ئامانجی هێرشەکان و خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرێ دەستێکی ڕەشتری لە پشت بێت و خوازیاری ئەوە بێت کێشە بۆ ئابووری کوردستان و سەرچاوەکانی ئابووری هەرێمی کوردستان بهێنێتە کایەوە.
ئەوەی جێی تێڕامانە ئەو دەستدرێژییە نایاساییانە هەر جارە و لە شوێنێک دووبارە دەبنەوە و لە کاتێکدا دەکرێن کە عێراق لە دۆخێکی خراپی سیاسیدایە و لایەنە سیاسییەکان دووبارە قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە لە چەقبەستوویی بهێننە دەرەوە و حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێنن.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا یەکەم جار نییە کە شوێنێکی هەرێمی کوردستان بە هاوەن یان مووشەک و تەنانەت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بکرێتە ئامانج، جیاوازیی ئەو زنجیرە هێرشەی چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ هێرشەکانی پێشتر لەوەدایە ئەمجارە هێرشەکە بۆ سەر ناوچەیەکی ژێر نفووزی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە.هەر دوای هێرشەکە ئەو گرووپانەی زیاتر گومانیان لێ دەکرا لە پشتی ئەو هێرشانە بن لە پەیجەکانی خۆیان بێبەری خۆیانیان راگەیاندووە و ئەمەش دەردەکەوێ ژمارەی نەیارەکان کەم نین .
ئەوەی لەوبارەیەوە شرۆڤەکارانی سیاسی و یاساناسان بە “هەولێر”یان گوتووە؛ هەمان ئەو تێبینییەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵیەوە هەیبوو لەبارەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوان پێیان وایە، ئێستا زیاتر ئەو نیەتە سیاسییە دەرکەوتووە کە لە ڕێگای دادگای فیدڕاڵییەوە سەرەتا ویستی خۆی نیشاندا بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و ویستی شەرعیەت بە یاسایەکی سیاسیی بدەن دژی هەرێمی کوردستان. چاودێرێکی سیاسی، باس لەوە دەکات، سەرجەم بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بڕیاری هەمەجیانە بووە و لە ماوەیەکی زۆر کورتیش بریارەکان دران کە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە خۆیدا بڕیارەکان ئامادە کراو بوونە. ئەو چاودێرە سیاسییە، هەر ئەو بڕیارانەش بە سەرەتای دەستپێکردنی هەڕەشەکان دادەنێت و بە “هەولێر”ی گوت؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت ئەو هێرشانە وەک هێرشی تیرۆریستی بناسێنێت بەوپێیەی هێرشە بۆسەر سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش و موڵکی گشتین سەرجەم کێڵگە گازی و نەوتییەکان.
یەکێتی و پارتی لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە یەکتر نزیک کەوتوونەتەوە و لە پرسی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش لە دوای کشانەوەی سەدر ئەم دوو لایەنە سەرەکییەی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی و هاوکارییەکانیان لەگەڵ یەکتریدا زیاتر بووە. هەر دوو لایەن کە پێکهێنەری حکوومەتیشن لە پرسی نەوت و گازی سروشتیدا هەماهەنگی و هاوکارییەکانیان لەگەڵ یەکتردا زیاتر بووە و لەو قۆناغە هەستیارەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆڵی لێ هەڵماڵیوە و خوازیارە ببێت بە سەرچاوەیەکی دابینکردنی گازی سروشتی لە ناوچەکە، ئەوەی لێ بەدی دەکرێت دوژمنەکانیشیان هەر وا بە بێ دەنگ دانەنیشن.
وەک رۆژی یەکشەم دکتور مەحموود عوسمان لە دیمانەیەکی هەولێردا پێداگری لەسەر کردبوو ئەوەی دەبێتە هۆی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بەسەر نەیارانی یەکگرتن و یەکگرتووییە و تەنیا ئەو کارتە بەهێزەیە کە وا دەکات دوژمنان زەفەری پێوە نەبەن.
یەکێتی و پارتی کە هێزی پێشمەرگە و ئەمنییان بەدەستەوەیە بە یەکگرتووییان دەتوانن بە هەماهەنگی و دانوستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچە کوردستانییەکان بگەرێننەوە و ناکۆکییەکانیشیان درێژەکێشانی دۆخی پێنج ساڵی رابردووی لێ چاوەڕوان دەکرێ.

ھەواڵی زیاتر