وەزارەتی شەهیدان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بودجەیەکی زۆری بۆ حکوومەت گەڕاندووەتەوە

شۆڕش غەفووری – هەولێر

یاسای چاکسازی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یاسایەکی گرنگ و بنەڕەتییە بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی سەروەت و سامان و گەندەڵی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری لە فەرمانگە و ناوەندە حکوومییەکان، کە بەردەوام هاووڵاتیان کاریان دەكەوێتە ئەو بەشانە.

ئەو زانیارییانەی لەم ڕاپۆرتەدا خراوەتە ڕوو ئەنجامی جێبەجێکردنی ئەم یاسایەیە لە وەزارەتی کارو کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە هۆکار بووە بۆ گەڕانەوەی داهاتێکی زۆر و دروستکردنی جۆرێک لە دادپەروەری. لە بواری ڕێکخستنەوەی ماف و ئیتمیازاتەکانی میراتگرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون و زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی، ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ کراوە:

  • هەڵوەشاندنەوەی مینحەی ١٣٢٨٨ بەخێوکەر، بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (٤٨) لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، کە مانگانە بڕی ٩٩٦ ملیۆن و ١٥٠ هەزار دینار گەڕاوەتەوە.
  • گواستنەوەی دۆسیەی ١٦٣ کەمئەندامی سەنگەر، کە کۆچی دواییان کردووە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ میراتگرەكانیان.
  • گواستنەوە دۆسیەی ١٠١٨ شەهیدی شەڕی داعش لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون، بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ میراتگرەكانیان.
  • تا ئێستا ١٤٥ زیندانیی سیاسی کۆچی دوایییان کردووە و، بە پێی یاسای خانەنشینی مامەڵە لەگەڵ میراتگرەكانیان کراوە.
  • بڕیاری خەرجکردنی ١٩ملیار و ٦٨٦ملیۆن و ٤٧٢هەزار و ٦٠٠ دینار بۆ کرێی خوێندنی کوڕ و کچانی هاوسەری شەهید و زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی یا یەکێک لە منداڵەکانیان، بە پێی ڕێنمایی دارایی ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٢٠ بە داشکاندنی ٢٥% و ئەو بڕە پارەیەش دراوە بە قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆ ئەهلییەکان و تا ئێستاش ١٨ملیار و ٦٤ملیۆن و ٥٤٧هەزار و ٦٠٠ دیناری لێ خەرج کراوە.
    هەر لەم وەزارەتەدا، کار لەسەر نەهێشتنی سوودوەرگرتن لە جارێک زیاتر لە بودجەی گشتی کراوە و، لیژنەی باڵای بایۆمەتری و فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاری، لیستی ناو و زانیاریی ١٠٨١٩ کەسی دەستنیشان کردوە، کە لە دوو جار زیاتر لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار کرابوون، بەمەش بڕی (١،٢٥٣،٦٢٦،٥٩١) دینار گەڕێنراوەتەوە نێو خەزێنەی حکوومەت.
    هەروەها لە پڕۆسەی ڕێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە پێش ڕێکەوتی ١ی تەمووزی ٢٠٢٠، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان لە ١٤ لیواوە بووەتە ١٩ لیوا و، میلاکی وەزارەت لە ٤٣٣٤٧ پێشمەرگەوە بووەتە ٥٦٥٧٥ پێشمەرگە و، فەرماندەییەکانی هێزەکانی پشتیوانیی ١ و ٢ـیش خراونەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.
    لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەردەوامە لە کارکردن بە پشتبەستن بە ڕێنمایی دارایی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە یەکخستنی خانەنشینی ئەوانەی لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٧)دا هاتوون، بەمەش لە خانەنشینی (١٣٨٤) دادوەر و پەرلەمانتار و وەزیر و بریکاری وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی (١١٤٠) کەسیان ڕێک خراونەتەوە.
    هەر لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (١١٥٩٥) لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢١، لە قۆناغی یەکەم دۆسییەی ٢ هەزار و ٤٢٤ خانەنشین کە (خانەنشینی سەربازی، خانەنشین بە هۆکاری تەندروستی، خانەنشینی کۆچکردوو) بوون، لیستی مووچە و میلاکیان گواستراوەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و لە قۆناغی دووەمیشدا وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە فەرمانی ژمارە (١٨٢٦٢) لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا، دۆسیەی ١٣٦ خانەنشینی دیکەی گواستووەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
    ئیتر ئێستا لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، ٣٣٨٠٠ پێشمەرگە مووچەکانیان لە بانک وەردەگرن کە ئەمەش هەنگاوێکی گەورەی بواری چاکسازی بوو بەوەی کە چیتر مووچە هەڕەمەکی خەرج نەکرێت بەڵکو لە ڕێگەی بانکەکانەوە ئەم کارە بکرێت.
    پڕۆسەی جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە لە یاسای چاکسازی، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان دەستی پێ کردووە و لە کۆی گشتی قەرزە بازرگانییەکان کە بڕی ٤٢٩ملیار و ٣٨٦ملیۆن و ٩٣٨هەزار و ٩٨٨ دینارە، بە سوودی کەڵەکەبووی بانکییەوە دەبێتە بڕی ٩٦٩ملیار و ٤٠٢ملیۆن و ٨١٥هەزار و ٨٤٩ دینار، تا ئێستاش بڕی ٤١ملیار و ٢٤٤ملیۆن و ١٩٩هەزار و ٤٠٧ دیناری گەڕاوەتەوە و ١٦٩ مڵکیش بەرامبەر قەرزەکانی ئاسانکاریی بانکی ڕەهن کراون.
    کۆی قەرزەکانیش بەم شێوەیە دابەش کراون:
    بڕی قەرزی ئاسانکاری: ٤٢٩،٣٨٦،٩٣٨،٩٨٨ دینار
    بڕی سوودی بانکی: ٥٤٠،٠١٥،٨٧٦،٨٦١ دینار
    کۆی قەرز + سوود: ٩٦٩،٤٠٢،٨١٥،٨٤٩ دینار
    ئەو پارەیەی گەڕاوەتەوە: ٤١،٢٤٤،١٩٩،٤٠٧ دینار
    ئەو پارەیەی نەگەڕاوەتەوە: ٩٢٨،١٥٨،٦١٦،٤٤٢ دینار
    لەگەڵ هەموو ئەمانەش، لیژنەی باڵای بایۆمەتری کە بە بڕیاری ژمارەی (٦٥) لە ڕێکەوتی ٧ی تەمووزی ٢٠٢٠ی ئەنجومەنی وەزیران پێک هات، تا ئێستاش لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەم کارانەی كردووە:
    ١. تەواوبوونی سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچەخۆران و گواستنەوەی مووچە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان
    ٢. تەواوبوونی ڕێژەی ٨٠%ی دروستکردن و گەشەپێدانی پڕۆگرامی نوێی بایۆمەتری
    ٣. تەواوبوونی ژێرخانی (API) بۆ پڕۆگرامی بایۆمەتری بۆ پێدانی زانیاریی کەسیی تۆمارکراو
    ٤. ئامادەکردن و بەردەستخستنی ٤٥٦ هەزار و ٢٢١ هەژماری کەسیی بێهاوتا بۆ مووچەخۆرانی جۆری (شارستانی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ)ی حكوومەتی هەرێم.
    ٥. ڕادەستکردنی ٤٣٣هەزار و ٢١٣ ژمارەی کەسیی بێهاوتا بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری.
    لە کۆتاییشدا دەتوانین ئەوە بڵەین کە دوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی خاوەن وەزیفە باڵاکانی هەرێمی کوردستان ئەو فەرمانبەرانەی بە پلەی شارەزا کە ژمارەیان ٤٩٦ فەرمانبەرن و بە پێی ئەو یاسایە خانەنشین کرابوون، مووچەکانیان هەموار کرایەوە. ئێستا، ئەو کەسانە یادداشتنامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردوە و ئەم یادداشتەش لە ژێر دیراسەدایە.
ھەواڵی زیاتر