شۆڕش غەفووری – ههولێر
ئاوی خواردنەوە، خواست و پێداویستییەکی بنەڕەتی و ستراتیژی و هەرە لەپێشەکانی هاووڵاتیانی کوردستانە؛ کەمداگەڕانی ئاوی ژێرزەوی و کەمبارانی و وشکەساڵی هۆکاری سەرەکین لەسەر ئەوەی کە هەم خواست بۆ ئاوی خواردنەوە زیاد بکات و هەمیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە خۆ بۆ چارەسەرکردنی کەموکۆڕییەکانی ئەم سێکتەرە.
دانیشتووان چەندە ئاوی خواردنەوەیان پێویستە؟
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە بڕی ٢ملیار و ٦٨٦ملیۆن و ٦٠٥ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات و خەرجی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەش لەسەر حکوومەت ساڵانە ١٢٨ملیار و ٦٩٩ملیۆن و ٤١٩هەزار و ٤٣٢ دینارە، ئەمە لە کاتێکدایە کە داهاتی ئاو ساڵانە ٤٢ملیار و ١٠٢ملیۆن و ٣٢٧هەزار و ٦٢٦ دینارە، واتە خەرجی دابینکردنی ئاو سێ هێندەی داهاتەکەیەتی. واتە هەمیشە حکوومەت لەم چوارچێوەیەدا ناچار بووە بوودجەی زیادە و تایبەت بۆ ئەم مەبەستە دیاری بکات و بە داخیشەوە هۆشیارکردنەوە لەم بوارەدا کەم بووە.
هەرێمی کوردستان ٨١ پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی لێ هەیە، لە کاتێکدا لە ڕێگەی ٥٧٨٧ بیریش ڕۆژانە ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان لە شار و شارۆچکەکان دابین دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا ئەو بیرانە زۆرینەیان یان وشکیان کردووە یا کەمیان کردووە.
هەرێمی کوردستان ١ ملیۆن و ١٤ هەزار و ٧٠٦ هاوبەشی ئاوی لێ هەیە و لە ماوەی رابردوودا ٧٠٤ هەزار و ٢٥٩ هاوبەش پێوەری ئاویان بەستووە، تا ئێستا ٣١٠ هەزار و ٤٤٧ هاوبەش پێوەری ئاویان نەبەستووە، بەردەوامیش حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی شارەوانی جەخت لەسەر بەستنی پێوەری ئاو، بۆ رێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی ئاو.
کێشەکانی ئاو و ئاوەڕۆ:
هەموو ساڵێک لە وەرزی هاوین و زستاندا کێشەی ئاو و ئاوەڕۆ سەر هەڵدەداتەوە و تا ئێستاش کابینەی نۆیەم چەندین پڕۆژەی جێبەجێ کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەروەها ساڵانەش بودجەی پێویستی بۆ لێدانی بیر و گەیاندنی ئاو بە تانکەر بۆ ماڵان تەرخان کردووە، هەروەها چەندین پڕۆژەش لە بواری ئاوەڕۆ بۆ رێگەگرن لە لافاو لە شار و شارۆچکەکان جێبەجێ کراون.
یەکەم: ساڵی یەکەمی کابینەی نۆیەم
لە ساڵی یەکەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ١٤ پڕۆژەی جیاوازی بۆ چارەسەر و گەیانی ئاو جێبەجێ کراون بە گوژمەی ١٦٠ ملیار دینار(٤٠٦ ملیۆن دۆلار) کاریان لەسەر کراوە و دەست پێ کراون کە هەندێکیان چەند ساڵێکی پێویستە بۆ تەواوبوون. لەگەڵ ئەوەشدا ١٠ملیار و ٦٩ملیۆن و ٦٠٠هەزار دینار بۆ کڕینی مەوادی پاککەرەوە بۆ پڕۆژەکانی ئاو و دابەشکردنی ئاو بە پرۆسەی تانکەرین تەرخان کراوە، هەروەها ١ملیار و ٥٦ملیۆن و ٢١٥هەزار دیناریش بۆ بەکرێگرتنی تەنکەر بۆ ئاودانی پارک و باخچە و بلوارەکان لە هەولێر و سلێمانی تەرخان کراوە.
لێرەشدا پڕۆژەکانی ساڵی یەکەمی کابینەی نۆیەم لەسەر ئاو بەم شێوەیە دەخەینە ڕوو:
- جێبەجێکردنی ٨ پڕۆژە بە گوژمەی ١٩ملیار و ٤٣٢ملیۆن دینار؛
- تەواوکردن و جێبەجێکردنی بەشی دووەمی پڕۆژەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گۆڕینی تۆڕی ئاو، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە بە گوژمەی ١٧٦ملیۆن و ١٤هەزار و ٥٠٦ دۆلار؛
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی بارزان و ٥١ گوندی؛ دەوروبەری بە گوژمەی ١٣٠ملیار دینار؛
- پڕۆژەی جێبەجێکردن و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە کەسنەزان و دوروبەری بە گوژمەی ١٠ملیۆن دۆلار؛
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر (٤) و چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی بە گوژمەی ملیارێک و ٢٠٠ملیۆن دۆلار؛
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی ٢٠ملیۆن دۆلار
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی ٩٠ ملیار دینار؛
- دابینکردنی بڕی ١٠ملیار و ٦٩ملیۆن و ٦٠٠هەزار دینار بۆ کڕینی مەوادی پاککەوە بۆ پڕۆژەکانی ئاو و دابەشکردنی ئاو بە پرۆسەی تانکەرین؛
- تەرخانکردنی یەک ملیار و ٥٦ملیۆن و ٢١٥هەزار دینار بۆ بەکرێگرتنی تەنکەر بۆ ئاودانی پارک و باخچە و بلوارەکان لە هەولێر و سلێمانی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی خۆیدا، کاری لەسەر یاسای چاکسازی کردووە و لە ساڵی یەکەمی کابینەدا بەم شێوەیە چاکسازی لە بواری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان کراوە:
- کارکردن بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی دامەزراوەکانی ئاو و ئاوەڕۆ؛
- دانانی نەخشەڕێگەی پەرەپێدان و چاکسازی لە کەرتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان؛
- پڕۆژەیاسای تایبەت بە پاراستنی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان؛
- پلانی کۆکردنەوەی کرێی ئاو و بەشێوەیەکی کاریگەرتر، لە رێگەی فراوانکردنی تیمەکان و ناوەندکانی کۆکردنەوەی کرێی ئاو؛
- پلانی وەرگرتنی کرێی ئاو لە پڕۆژەکانی نیشتەجێوونی وەبەرهێنان.
دووەم: ساڵی دووەمی کابینەی نۆیەم
لە ساڵی دووەمی کابینەی نۆیەمی حومەتی هەرێمی کوردستانیش ١٧١ پڕۆژەی گەورە و بچووک بۆ چارەسەر و گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بە گوژمەی زیاتر لە ٢٩٨ملیار دینار بە پارەی عێراقی (٣٦٥ملیۆن دۆلار) دەست پێ کراون کە ٥ ملیار و ٨٦٩ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار دینار بۆ مەوادی پاککەوە بۆ پڕۆژەکانی ئاو و ٤ملیار و ٢٠٠ملیۆن و ٥٩هەزار دیناریش بۆ دابەشکردنی ئاو بە پڕۆسەی تەنکەرین تەرخان کراوە.
لێرەشدا پڕۆژەکانی ساڵی دووەمی کابینەی نۆیەم لەسەر ئاو بەم شێوەیە دەخەینە ڕوو:
- ئەنجامدانی ١٠ پڕۆژە لە سێکتەرەکانی شارەوانی و ئاو بە گوژمەی ٥٨ ملیار و ٤١ ملیۆن دینار؛
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی بارزان و ٥١ گوندی دەوروبەری بە گوژمەی ١٣٠ملیار دینار؛
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی ٩٠ملیار دینار؛
- پڕۆژەی ئاوی دەربەند – رانیە – چوارقورنە بە گوژمەی ٢٥ملیۆن و ٩٩هەزار و ٣٠٧ دۆلار؛
- پڕۆژەی ئاوی پیرمام و دەوروبەری بە گوژمەی ١٤ملیۆن و ٤٦٠ دۆلار؛
- پڕۆژەی ئاوی ئامێدی بە گوژمەی ٩٦ ملیۆن و ٤٥٦ هەزار و ٢١٠ دۆلار؛
- کڕینی مەوادی پاککەرەوە بۆ پڕۆژەکانی ئاو بە گوژمەی ٥ملیار و ٨٦٩ملیۆن و ٥٤٠هەزار دینار؛
-دابەشکردنی ئاو بە پڕۆسەی تەنکەرین بە گوژمەی چوار ملیار و ٢٠٠ ملیۆن و ٥٩ هەزار دینار؛ - جێبەجێکردن و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە کەسنەزان و دوروبەری بە گوژمەی ١٠ ملیۆن دۆلار؛
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر (٤) و چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی بە گوژمەی ملیارێک و ٢٠٠ملیۆن دۆلار؛
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی ٢٠ملیۆن دۆلار؛
- تەرخانکردنی ١١ملیار و ٥٦٦ملیۆن و ٣٧٩هەزار دینار بۆ جێبەجێکردنی ١٥٥ پڕۆژە و پێداویستی لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ.
لەگەڵ جێبەجێکردنی بەرنامەی کابینەی نۆیەم لە ساڵی دووەم، کارکردن لەسەر یاسای چاکسازیی بەردەوام بوو لە بواری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان کە ئەم بەشانەی گرتەوە:
- رەوانەکردنی رەشنووسی یاسای پاراستنی ئاو و ئاوەڕۆ بۆ پەرلەمانی کوردستان؛
- ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر هۆکارەکانی شکانی بۆڕیییەکانی گواستنەوەی ئاو.