ئەردۆغان داوای لە سەرۆكوەزیرانی سوید كرد هەڵوێستیان بەرامبەر بە یەپەگە بگۆڕن

كارزان گلی – هه‌ولێر

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سكرتێری ناتۆ و سەرۆكوەزیرانی سوید، داوای كردووە، سوید هەنگاوی كرداری بهاوێت بەرامبەر بە یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە و پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، بەوەی وەكو تیرۆریست بیانناسێنێت و چالاكییەكانیان نەهێڵن.

بەگوێرەی راگەیێندراوێك، كە وەزارەتی گەیاندنی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، ئەردۆغان قسەی لەگەڵ یێنس ستوڵتێنبێرگ، سكرتێری ناتۆ و ماگدالینا ئاندەرسۆن، سەرۆكوەزیرانی سویددا كردووە و داوای كردووە، هەنگاوی جیدی بهاوێن دژی پەكەكە و یەپەگە، ئەمەش مەرجی توركیا دەبێت بۆ ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ.
ئەردۆغان گوتوویەتی، دەبێت سوید بەڵێن بدات كە هیچی تر هاوكاری یەپەگە ناكات، هەروەها گەمارۆی فرۆشتنی چەك لەسەر توركیا لا بدات و هەنگاوەكانیش دەبێت دڵسۆزانە و كرداری بن، نەك تەنیا قسە بن.
تاوەكوو ئێستا، توركیا بە تەواوی دەرگای بە ڕووی فینلەندا و سویددا دانەخستووە، ئەمەش لەسەر زاری ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا بڵاو كرایەوە، بۆیە بە نێوەنگیری سكرتێری ناتۆ و ئەمریكا، گفتوگۆ و كۆبوونەوە لەگەڵ توركیا بەردەوامە تا رازی بكەن، بەڵام توركیا داكۆكی دەكات، كە دەبێت چالاكی پەكەكە، لە فینلەندا و سوید سنووردار بكرێت و لیستێكیشی پێداون كە چەند ئەندامێكی پەكەكەی تێدایە و دەڵێت دەبێت رادەستی توركیا بكرێنەوە.
جیا لەوەش، توركیا داوای كردووە، هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و سوید و فینلەندا، یەپەگە وەكوو تیرۆرست بناسێنن و هاوكاری سەربازی و لۆجستیکی نەكەن.
مامەڵە و گفتوگۆ بەردەوامە، بەڵام دیار نیە بگەنە رێككەوتن یان نا، ئەوەشی پێشبینی كراوە، لە كۆبوونەوەی سەرانی ناتۆ، كە بڕیارە ٢٨ی ئەم مانگە لە مەدریددا بکرێت، نەگەنە رێككەوتن و كۆبوونەوە بەردەوام بێ.
چەند شرۆڤەكارێكی سیاسی لە توركیا پێیان وایە، ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لەسەر ئەوەی سوید و فینلەندا نەبنە ئەندامی ناتۆ، زیانەكانی بۆ توركیا زۆرە، چونكە رەنگە لە داهاتوو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، گەمارۆی ئابووری بخەنە سەر توركیا و زیاتر لە جاران پشتی یەپەگە بگرن.
هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیا، جگە لە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، هەمان بۆچوونی ئەردۆغانیان هەیە و دەڵێن، نابێت رێگە بدرێت سوید و فینلەندا ببنە ئەندامی ناتۆ، تا یەپەگە وەكو تیرۆریست نەناسێنێت، بۆیە لەم بابەتەدا، ئەردۆغان، ئۆپۆزسیۆنیشی لەگەڵدایە.
سەرۆكوەزیرانی سوید و فینلەندا، بە ئاشكرا دەڵێن پەكەكە تیرۆریستە و رێگە نادەن هیچ چالاكییەك بکات، هەروەها دووپاتی دەكەنەوە كە ناوی پەكەكە لە لیستی تیرۆری وڵاتەكەیاندا هەیە، بەڵام بۆ یەپەگە خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەكیش نەیانگوتووە یەپەگە تیرۆریستە، توركیاش چاوەڕێیە بەفەرمی ئەو قسەیە لە دەمیان بێتە دەرەوە كە یەپەگە و پەكەكە دوو رووی یەك دراون.