سەرۆك بارزانی لە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد)دا چۆن باسی ئەو كارەساتەی کردووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

كورد لە هەرێمی كوردستان، لە سەردەمی رژێمە لەناوچووەکەی بەعسدا، چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی لێ کراوە؛ هەر لە ئەنفالەوە بیگرە تا كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، كە هەموو ساڵێك یادی ئەو كارەساتە جەرگبڕانە دەكرێتەوە..

لە 9_6_1985، رژێمی بەعس، پێچەوانەی هەموو رێسایەكی نێودەوڵەتی، بە دڕندانەترین شێوە بۆردومانی زێوەی كرد و دەیان كورد، بە منداڵ و گەنج و پیرەوە بوونە قوربانی.
سەرۆك بارزانی، لە كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد)، لە لاپەڕەی 284 تا 290، بەدرێژی باسی لەو بۆردومانە كردووە.
سەرۆك بارزانی دەنووسێت: ”رۆژی 9ی حوزەیرانی 1985، رۆژێكی رەش بوو لە مێژووی گەلەكەماندا و یەكێكە لەو رۆژانەی هەرگیز لە یاد ناسڕێتەوە. لەو رۆژەدا رژێمی بەعس بە بۆردومانكردنی زێوە، یەكێك لە دڕندانەترین هێرش و گەورەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی و پێچەوانەی هەموو رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەكان كرد. كارەساتی زێوە خاڵێكی رەشی دیكەیە لە مێژووی تاوانبارانی بەعسدا. سەعات 9:11 خولەكی بەیانییە، چەندین فڕۆكەی دەسەڵاتدارە فاشیستەكانی بەعس، ئۆردوگای زێوەیان كردە ئامانجی بۆمبەكانیان و لە ماوەی چەند خولەكێكدا دەیان كەسیان لە منداڵ و ئافرەت و پیر و پەككەوتەیان خەڵتانی خوێن كرد“.
سەرۆك بارزانی، وەكوو ئەوەی لە كتێبەكەیدا باسی دەكات، لەگەڵ بیستنی هەواڵی بۆردومانی زێوەدا، سەردانی ئەوێ دەكات، دەڵێت مەرگ باڵی بەسەر ئۆردوگاكەدا كێشابوو و كەم كەس توانای بینین و خۆڕاگرتنی لە ئاست تراژیدیاكەدا هەبوو.
ئەو كارەساتە زۆر كاریگەری لەسەر سەرۆك بەجێهێشتووە، بۆیە بە فراوانی باسی دەكات و بینیویەتی كە دەیان ئافرەت و پیر و منداڵ شەهید بوونە و سەر و دەست و قاچیان تێكئاڵا بوو.
بارزانی باس لەوە دەكات، تا حەوتی ئێوارە كە خۆی لە گۆڕستان بووە، 89 كەسیان هێناوە و شاردویانەتەوە.
زانیاری ئەوەشی ئاشكرا كردووە، كە 160 كەسی تر، بەمەبەستی چارەسەركردن رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ كراون.
سەرۆك هەموو ئەو كەسانەی لەوێ شەهید بوونە و بریندار بوونە، بە قارەمان دەچوێنێت، بەڵام باس لە ئامینە خان دەكات(هاوسەری شەهید ناجی بەگ بیرۆخێ و دایكی چوار شەهید و خوشكی سێ برای شەهید)، كە بەلای ئەوەوە شتێكی جیاواز بووە و هەرگیز لە بیرەوەرییەكانیدا ناسڕێتەوە و بۆ هەتا هەتایە لە یادەوریدا دەمێنێتەوە.
بارزانی بەم شێوەیە باس لە ئامینە خان دەكات لە بۆردومانی زێوەدا و دەنووسێت: ”ئەو شێرەژنە خۆڕاگرە پارچە گۆشتی دوو كوڕ و نەوەیەكی لە كیسەیەكدا كۆ كردبووەوە، كاتێك چاوم پێی كەوت، خۆم پێ نەگیرا، كەچی هاتە لام و باوەشی پیا كردم و گوتی (نامەوێت بەچاوی گریانەوە بتبینم، هەموویان بە قوربانت بن، دوو كوڕم ماون، ئەوانیش بە قوربانی كوردستان بن)“.
سەرۆك، سوپاسی هەڵوێستی خەڵكی گوندەكانی دەڤەری (مەرگەوەڕی) دەكات لە رۆژهەڵاتی كوردستان، چونكە لە ساتی یەكەمی بۆردومانەكەدا بە جارێك رژاونەتە ئۆردوگا و درێخییان نەكردووە لە هەموو جۆرە هاوكارییەك و دەرگایان بەڕووی خەڵكی لێقەوماودا كردەوە و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین كردن.سەرۆك بارزانی لەو رۆژە خوێناوییەدا، بەڵێنی داوە كە تۆڵەی خوێنی ئەو شەهید و بێتاوانانە لە رژێمە دژەمرۆڤایەتییەكەی بەعس بكەنەوە و بەرەوام بن لەسەر خەبات و تێكۆشان تا رزگاری گەلی كوردستان.
هەر لە كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد)، سەرۆك باس لە بۆردومانێكی تری رژێمی بەعس دەكات هەر بۆ سەر زێوە لە 1_7_1985، كە لەوێدا هەڤاڵ دەسكۆ ئەحمەد ئیسقەیلی (ئەندامی لیژنەی ناوچەی زێوە)، شەهید بووە و 9ی تریش بریندار بوونە.
بەهۆی ئەوەی ئۆردوگا چۆڵ كرابوو، بۆیە ژمارەی قوربانییەكان كەمتر بووە، گەرنا وەكو ئەوەی سەرۆك باسی دەكات، بۆردومانەكە لەوەی یەكەم زۆر توندتر و قورستر بووە.

ھەواڵی زیاتر