چیایی تەیموور، ئەندامی پەرلەمانی عێـــــــراق؛ قۆناغێکی نوێ لە نەخشەی سیاسیی عێـــــراق بەڕێوەیە

دوای کشانەوەی سەدر، نەخشەی سیاسی گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە. ھەر چەند چوارچێوەی ھاوئاھەنگی ئێستا فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانە، بەڵام بەبێ دەنگی پارتی ناتوانێت حکوومەت پێک بھێنێت. بۆ ڕازیکردنی پارتی، بەڵێنی داوە کێشەکانی ھەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکات. پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێ، بەشداریکردنی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دەبێت، ئەوانیش بریتین لە ھاوبەشی، سازان و ھاوسەنگی.

نزیکەی دوو ھەفتە ماوە بۆ دەستپێکردنی وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە ٩ـی تەممووز دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە، ھەڵبژاردنی سەرکۆمار و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، دوو پرسی سەرەکی دەبن کە پەرلەمانتاران و لایەنە سیاسییەکانی سەرقاڵ کردووە.
دوای نەمانی دەنگی سەدر بۆ پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی، جارێکی دیکە ھەمان سیناریۆی حکوومەتەکانی ڕابردوو دووبارە دەبێتەوە ئەویش حکوومەتی سازانی نیشتمانییە، بەڵام بەڕای زۆربەی شارەزایانی سیاسی حکوومەتێک بەبێ سەدرییەکان حکوومەتێکی تەمەن کورت دەبێت.
چیایی تەیموور، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ھەولێر دەڵێت: “ڕەوشی عێراق دوای کشانەوەی کوتلەی سەدر ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیوە. ھەوڵ ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بەڵام ئەوە زیاتر دەکەوێتە سەر لایەنی چوارچێوەی شیعە بۆ پێکھێنانی حکوومەت. دەبێت چوارچێوەی ھەماھەنگی پێکھاتەکانی عێراق ڕازی بکەن بەشداری لە حکوومەتدا بکەن و حکوومەتێک دروست بکرێت شەرعیەتی یاسایی و دەستووریی ھەبێت. دوور نییە چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ پارتی و سیادە ڕێک بکەون و حکوومەت پێک بھێنن، بۆیە ھەوڵ ھەیە پاش جەژنی قوربان لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن و حکوومەت پێک بێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێکھێنانی حکوومەت کارێکی ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەش حکوومەتی نوێ بەبێ سەدر کارێکی زەحمەتە، چونکە ئەگەر سەدر ببێتە ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی، ئەوکات دژی حکوومەت شەقام دەجووڵێنێت، لەبەر ئەوەی لەنێو پەرلەماندا نەماوە، دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی و شەقامی بەدەستەوە دەبێت، بەشداریکردنی پارتییش لە پرۆسەی سیاسی عێراق لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دەبێت، ئەوانیش بریتین لە ھاوبەشی، سازان و ھاوسەنگی.
ئەو پەرلەمانتارەی کورد، گوتیشی: “دەستی دەرەکییش ھەیە، ئەگەر بێت و لایەنەکان ھەر نەگەنە ڕێککەوتن دوور نییە ویلایەتی کازمی بۆ ماوەیەک نوێ بکرێتەوە و جارێکی دیکە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بکرێتەوە، ئەوەش بارودۆخەکە قورستر دەکات.
تەیموور، ئاشکراشی کرد: “پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە، لە سەرانسەری عێراق ھەڵبژاردن چەند بازنەیەک بوو، لەو بازنانەی نوێنەرانی سەدر سەرکەوتن، دوای دەست لەکارکێشانەوەیان، ئەوانی دیکە کە لە دوای ئەوان دەھاتن بە ڕێژەی دەنگ ڕاستەوخۆ بوونە پەرلەمانتار.
چیایی تەیموور، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، دەشڵێ: “ئۆمێدەوارین کورد ھەموو ببنە یەک، چونکە ئەگەر کورد یەک نەبێت ناتوانێت مافەکانی خەڵکی کوردستان بەدەست بھێنێت، بۆیە ھیوادارین ھەموو لایەنە کوردستانییەکان یەک ھەنگاو بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی بە یەکگرتوویی لە بەغدا بتوانن نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان بکەن، دەستپێشخەری ھەیە، بەتایبەتی لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە بۆ ئەوەی ھەموو لایەنە کوردستانییەکان ببن بە یەک و وەکو یەک تیم ڕوو لە بەغدا بکەن، لەگەڵ ئەوەی ھەموو لایەنە عێراقییەکان چاوەڕوانی ھیمەتی سەرۆک بارزانی دەکەن، بۆ ئەوەی دووبارە دەستپێشخەریی بکاتەوە و عێراق لەو دۆخەی کە تێی کەوتووە ڕزگار بکات، چونکە ژیان و گوزەرانی خەڵک لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق زۆر خراپە، ئەگەر ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە خۆش نەکرێت دوور نییە خۆپیشاندان ڕوو بدات و عێراق بکەوێتە بارودۆخێک کە کەس ئاواتی بۆ نەخوازێت. بۆیە پارتی ھەموو ھەوڵێک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەدات لەپێناو دەرچوونی عێراق لەو ڕەوشە ناھەموارەی ھەیە و پێشتریش ھەنگاوی پارتی بەو ئاراستەیە بوون بۆ دروستبوونی لێک تێگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان.
لە کۆتاییدا ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە: “گرنگترین شت لای ئێمە، دەستووری عێراقە، سەرۆک بارزانی پێش چەند ڕۆژێک لە گوتارەکەیدا زۆر بەڕوونی ئاماژەی پێ کرد کە ئەگەر بەغدا بیەوێت کێشەکان لەگەڵ ئێمەدا چارەسەر بکات، دەبێت پابەندی دەستوور بن، ئێمە پابەندی ئەو یاسایانە نابین کە بە ناحەق دەردەچن، پێویستە دەست بە دانوستانەکان بکرێتەوە و بۆ ھەر شتێکیش لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و عێراقدا بێت، پارتی ئامادەیە”.

ھەواڵی زیاتر