هێمن قادر: سەرچاوەکانی ئاوی هەولێر پاکن و هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ نەهێشتنی پەتای کۆلێرا

شۆڕش غەفووری – هەولێر

نه‌خۆشی كۆلێرا زۆربەی کات لە وەرزی گەرما و پیسبوونی ئاو تووشی مرۆڤ دەبێت و بە هۆی گشتگیربوونی هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە وا دەکات بەردەوام هاووڵاتیان بکەونە مەترسییەوە و دەسەڵات و حکوومەتانیش بە گرنگییەوە پرسەکە وەبەرچاو دەگرن.

لە هەرێمی کوردستان چەندین حاڵەت لەم نەخۆشییە لە پارێزگاکانی سلێمانی بینرا و هاووڵاتییەکی زۆر تووشی ڕشانەوە و سکچوون بوونەوە و لە نەخۆشخانەکان خەوێنران و زۆریی سەردانکەرانی هاووڵاتیان بۆ نەخۆشخانەکان هۆکار بوو بۆ ئەوەی کە زەنگی مەتری لێ بدرێت و حکوومەت بکەوێتە خۆی. له‌ پارێزگای هه‌ولێریش چوار حاڵەت بینران و هەر ئەمە وای کرد کە پارێزگا ڕێكار و ئاماده‌كاریی تایبەت له‌م ڕووه‌وه‌ بگرێتە بەر. بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆیەکم لەگەڵ هێمن قادر جێگری پارێزگای هەولێر ئه‌نجام كه‌ تیایدا باس له‌ چه‌ند بابه‌تێكی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشی كۆلێرا و دابینكردنی پێداویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كان دەکات:

سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی هەولێر پاکن
سەرەتا هێمن قادر لەسەر پاکیەتی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان لە هەولێر کە گرنگترین هۆکاری زۆرترین تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرایە، گوتی: “دوو سەرچاوەی پڕۆژەی ئاومان هەیە لە پارێزگای هەولێر، سەرچاوەی یەکەم پڕۆژەی ئاوی ئیفراز (١-٢-٣)ـیه‌ لەسەر زێی گەورە کە‌ بۆ ناو شاری هەولێر دێت، ئەم پڕۆژەیەش لەڕێی ئەو فلتەر و ترومپایەی کە هەیەتی‌ چارەسەری بۆ کراوە، لەهەمان کاتیشدا لە ڕووی تەندروستییەوە کلۆر یان شەبی بۆ بە کار دێت بۆ پاککردنەوە و جیاکردنەوەی ئەو ئاوە و لەڕێی لیژنەی تایبەتیەوە و بە چەند جۆرێکیش بەردەوام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر پشکنین بۆ ئاوەکە دەکات. سەرچاوەی دووەمی ئاوی هەولێر بیری قووڵە واتا (بیری ئیرتیوازی)، ئەم بیرەش دوو جۆری هەیە، جۆرێکیان دەچێتە ژێر زەوی لە حەوزی ئاوی ژێر زەوییەوە ئاو دەردەهێنێت و جارێکی تر دەگەڕێنرێتەوە بۆ نێو تۆڕەکانی ئاو و دابەش دەکرێت بەسەر هاووڵاتیان، جۆری دووەمیش بیری ڕووکەشی پێ دەڵێن کە قەدەغە کراوە تەنیا لە دەوروبەری شار نەبێت بۆ پرسی کشتوکاڵ بەکار دێت. ئاوی جۆری دووەم بە هیچ شێوه‌یه‌ک ناشێت بۆ خواردنەوە و ئێمەش وەک حکومەت هیچ بیرێکمان لەم جۆرە نییە، بەڵام لە جۆری یەکەم کلۆری تێ دەکرێت و بەردەوام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشییە گوازراوەکان و خۆپارێزی، پشکنینی بۆ دەکرێت و هەر دوو مانگ جارێک ڕاپۆرتمان لەو بارەوە بە دەست دەگات کە لە سێ پشکنین پێک دێت: یەکەمیان لە سەرچاوەی ئاوەکەوەیە واتە لە بیرەکەوەیە، دووەمیان لە ناوەڕاستی پڕۆژەکەوەیە و سێیەمیشیان لە دوورترین ماڵ دەکرێت تا بزانرێت ڕێژەی پاکوخاوێنی ئاوەکە بە هەمان شێوەی سەرەتای سەرچاوەی ئاوەکەیە یان نا، بۆ ئەوەی لە کوالێتی و تەندروستییەکەی دڵنیا بینەوە و ئەم پشکنینانە بەردەوام دەکرێن. بۆیە دەتوانم بڵێم ئاوی هەولێر تا ڕادەیەکی زۆر باش پاکە و بۆ خواردنەوە دەشێت.”

سەوزە قەدەغەیە
جێگری پارێزگای هەولێر لەسەر ڕێکارەکانی پارێزگار لەمەڕ ئەم نەخۆشییە باسی لەوە کرد: “لە کۆبوونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هەولێردا لەسەر بابەتی پەتای کۆلێرا، چەند بڕیارێک دەرکراوە، کە یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە سەوزە لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە بکرێت و نابێت لە چێشتخانەکان و شوێنە گشتییەکان پێشکەش بکرێت، لە هەمان کاتیشدا لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپارێزی و نەخۆشییە گوازراوەکان وەک پێویست ڕێنمایی بۆ هاووڵاتیان بڵاو دەکرێتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتی لەوە ئاگادار بکرێتەوە کە خۆی بەدوور بگرێت لە خواردنی سەوزە چونکە ئەو سەوزەیە بە ئاو دەشورێتەوە و ئەگەر ئاوەکە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت ئەوا سەوزەکەش ئەو ڤایرۆسە هەڵدەگرێت، زانیارییەکی تریش هەیە بە پێی ئاماژەی پزیشکەکان شووشتنەوەی سەوزە بە خوێ هیچ ئەنجامی نییە و کاریگەریی لەسەر لابردن و کوشتنی بەکتریاکە نابێ، بۆیە ئێمە ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکەین لە ئێستادا سەوزە نەخۆن. سەبارەت بەو شوێنانەی سەوزەی لێ دەچێندرێت و بۆ ناو شاری هەولێر دێت، بەشێکیان لەسەر ئاوەڕۆکان ئاوی سەوزە دەدەن، لە هەمان کاتدا بیری تایبەتیشیان هەیە، بەڵام سەرپێچی دەکەن، لە ئاوەڕۆکان بە ئامێرێک ئاو بەرەو کێڵگەکان دەبەن، بۆیە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لەگەڵ قایمقامیەتی ناوەند و پۆلیسی شارەوانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی هەولێر، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیردرێتە بەر کە لە ئاوەڕ و کەندەکانەوە ئاو بۆ کێڵگەکانیان دەبەن و لە هەمان کاتدا ئێمە وەک پارێزگای هەولێر ڕێنماییەکانمان بۆ هەموو قەزا و ناحیەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ناردووە و داوایشمان کردووە ژووری ئۆپه‌راسیۆن لەسەر ئاستی هەموو قەزاو ناحیەکان دروست بکرێ و هەموو فەرمانگەکانی تایبەتمەند بەشدار بن و کۆبوونەوە بکرێ بۆ ئەوەی ڕێگری لەو پەتایە بكرێت و تەشەنە نەکات.”

دوو نەخۆشخانە لە هەولێر تایبەت کراون بە کۆلێرا
هێمن قادر جێگری پارێزگای هەولێر، لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازی لە نەخۆشخانی ئەم پەتایە لە پارێزگای هەولێر گوتی: “لە هەولێر نزیکەی ٥٠ حاڵەتی پشکنین تا ئێستا هەبووە، بەڵام ئەوانەی پشتڕاست کراونه‌تەوە کە تووشی کۆلێرا بوون تەنیا ٤ کەسن کە هەردوو نیشانەی سکچوون و ڕشانەوەیان بە یەکەوە هەبووە، ئێستا پشکنینەکان بەردەوامن لەوانەیە ئەو ڕێژەیە بەرز ببێتەوە یان هەروەک خۆی بمێنێتەوە، تا لە تاقیگە پشتڕاست نەکرێتەوە ناتوانین بڵێین ئەوە نه‌خۆشی کۆلێرایە، چونکە تێکەڵاوییەک هەیە لەنێو حاڵەتەکاندا هەندێک کات بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا یان تێکەڵاوی لەگەڵ کەسانی تر تووشی سکچوون یان ڕشانەوە دەبن مەرج نییە ئەوانە تووشبووی کۆلێرا بن. هەر بۆیە دوو سەنتەری گەورە دەکرێنەوە کە یەکێکیان نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵاتە و ئەوەی تریش لە ڕۆژئاوای هەولێرە، ئەگەر هاتوو حاڵەتی نەخۆشییەکە زۆر بوو لەوێ پێشوازیان لێدەکرێت، هەروەها ئەو کەسانەی هەڵگری نیشانەکانی پەتای کۆلێران، لە هەمان کاتدا بۆ دەوروبەری هەولێریش لە بنکەکانی تەندروستی داوا کراوە بە پێی پێویست یارمەتیان دەدەین لە دابینکردنی پێداویستییەکان، بۆ نموونە ژیناو (موغەزی)، چونکە نەخۆش لەو کاتەدا تووشی وشکی دەبێت بەهۆی (سکچوون و ڕشانەوە)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕاسپێردراوە ئەو پێداویستییانە ئامادە بکات و ئەگەر هەر کەموکوڕییەکی هەبێ داوا لە پارێزگا بکا بۆ ئەوەی بودجەیەکی تایبەتی بۆ دابین بکرێت لە هەموو بوارەکان وەک پێداویستی پزیشکی، بۆیە پێمان باشە لە هەموو قەزاو ناحیەکان و لە کۆمەڵگه‌کان نەخۆش لە شوێنی خۆی چارەسەر بکرێت و ئەوەی پێویستە لە ئاو و داودەرمانی تەواوی پێ بدرێت.”

ھەواڵی زیاتر