هانس سایدەڵ کۆنفرانسێکی لەباره‌ی رەوشی ئازادیی ئایینی و پێکەوەژیان لە هەرێم ساز کرد

شاندێکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی دەزگای هانس سایدەڵ (Hanns Sidel Sifting ) ڕۆژانی  ٢٢- ٢٤ی حوزەیران، سەردانی ئەڵمانیایان کرد و، بەشدارییان لە کۆنفراسەکەدا کرد و هەروەها سەردانی وەزارەتی هاوکاریی ئابووری و پەرەپێدانی ئەو وڵاتەیان کرد.

شاندەکە پێکهاتبوو لە بەڕێزان هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئانۆ ئەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و سعود مستۆ بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

یەکەم رۆژی دیدارەکە، بە ئامادەبوونی چەندین ئەکادیمیست و ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە پارتە جیاوازەکان، دەستی بە کارەکانی کرد. ئامادەبووان بریتی بوون لە پارتی کریستیان دیموکرات تۆماس ئێندڵ جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و، مارکۆس گروبێل لە لیژنەی بەرگری لە ئازادیی ئایینی لە حکوومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا، ڤۆلکمار کلاین کە لە هەمان کاتدا گوتەبێژی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی ئەڵمانیایە و لە پارتی سۆشیال دیموکرات فابیان فونکە، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ و  میشێل مولەر ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و پیتەر هایدت، ئەندامی پەرلەمان لە حیزبی ئازادی دیموکراسی و گوتەبێژی لیژنەی مافی مرۆڤ و هاوکاریی مرۆیی. ماکس لوکاس، ئەندامی پەرلەمان و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ، کێرستین سپرایتەرباخ، لە وەزارەتی هاوکاری ئابووری و پەرەپیدان، زامفیرا دلۆڤانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندی ئێزدیان لە ئەلمانیا.

مێزگردەکە بە سەرپەرشتی د. فیلیپ هیلدمان و دەیڤید مولەر لە دەزگای هانس سایدل و د. ئیرفان ئۆرتاج جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی ئێزدیان لە ئەڵمانیا و چەندین کەسایەتیی دیکەی سیاسی و ئەکادیمی ئەنجامدرا. سەرەتا باس لە باردۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بە گشتی کرا و پاشان دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و ئامادەبووان پرسیاریان دەربارەی رەوشی ئێستای ناوچەکە ئاراستەی شاندی میوان کرد و شاندی هەرێمی کوردستانیش وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە کە زۆربەیان دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان بوون لە رووی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی. 

لە مێزگردێکدا، هوشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر رۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە فەراهەمکردن و بەردەوامبوونی پێکەوەژیانی ئاشتیانە کە مێژوویەکی درێژخایەن و کەلتوری مروڤدۆستانەی گەلی کوردستانە. لە دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمیشەوە  پێکەوەژیان بووەتە بنەمایەکی سەرەکیی حوکمڕانی و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئازادن لە مومارەسەکردنی باوەڕی ئایینی و کەلتوری و نەتەوەیی خۆیان و پشتگیریی تەواویان دەکرێت لە قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانی کوردستان، رۆڵی بارزانیی نەمر لەو رووەوە بەرز نرخێندرا کە هەمیشە جەختی لە دامەزراندنی حکوومەتێکی مۆدێرن دەکردەوە کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بکات و بەشێک بن لێی.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، بە ناوی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی و گەلی کوردستانەوە سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکاری و پشتگیریی بەردەوامیان لە گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. رەوشی ئاوارەکانی بەشەکانی دیکەی عێراق و سووریا تاوتوێ کرا و جەخت لە گوزەرانیان کرایەوە کە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو یەکجاری و گەڕانەوەی سەربەرزانەیان بۆ شوێنی خۆیان.

هەروەها کێشەی و گرفتی دانیشتووانی شنگال و ئاوارە ئێزدییەکان و ژیان و گوزەرانیان بە وردی باسی لێکرا و جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگالی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم کرایەوە. بەڕێز سیوەیلی باسی لە کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم ئەو رێککەوتننامەیە کرد و رۆڵی تێکدەرانەی پەکەکەی لەو ناوچانە بۆ ئامادەبووان خستەڕوو. هەر لەو چوارچێوەیەدا باسی لە رەوشی خراپی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە ژیانێکی خراپ و پڕ مەترسیدا دەژین و چەکدارانی نایاسایی لەو ناوچانەدا بوونیان هەیە و رۆژانە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە یاسایی و ئابوورییەکانی دەکەن.

دۆخی رۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە و مەترسی بۆ سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی کورد باس کرا و دووپات لەوە کرایەوە کە پێویستە گیان و ژیانی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان بپارێزرێت و رێگە لە کارەساتی مرۆیی بگیرێت و رێگە بگیرێت لە هەر هێرش و گۆڕانکارییەک لەو ناوچانە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و ئارام بۆیان. 

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە رۆژنامەوانییەدا، هوشیار سیوەلی باسی لە گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری نێودەڵەتی کردوە بۆ بەردەوامبوونی سەقامگیری و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان لە کاتیکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی سەختدا تیدەپەڕێت. گۆڕانکاری و خراپبوونی بارودۆخەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەورووپا دەبێت، بۆیە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر لە نێوانماندا هەبێت بۆ رێگری لە پێشهاتە نەخوازراوەکان و پلانی هاوبەشمان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیان. 

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بریتی بون لە گرنگیی نوێکردنەوە و مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا وەک بەشێک لە هێزی هاوپەیمانی دژی تیرۆر و بەردەوامی لە هاوکاری و مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە ماوەکەیان لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم کۆتای دێت، گروپە تیرۆرستییەکان تاکو ئێستاش هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان و ئەگەر بەهێزەوە بەرەوڕوویان نەبینەوە گومانی گەرانەوەیان زیاد دەبێـت. 

بەڕێزان وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف باسیان لە رۆڵی حکوومەتی هەرێم کرد لە داڕشتنی یاسای پشتگیریی پێکهاتەکان و هاوکاریکردنیان لە کاتی هێرشی داعش و هەوڵدانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەهۆی ئەو جەنگەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای پشتگیری و هاوکاریی زیاتریان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد.

رۆژی دووەم، شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی هاوکاریی ئابووری و پەرەپێدانی ئەڵمانیایان کرد و چاویان کەوت بە بەرپرسانی باڵای وەزارەت و گفتوگۆیان لەسەر رەوشی هەرێم و ناوچەکە کرد و، لەلای خۆیانەوە بەرپرسانی وەزارەت دڵنیایی بەردەوامبوونی هاوکاریی مرۆییان بە شاندی هەرێم دا.