زیاتر لە 158 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 158 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە.

نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: “تائێستا لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان 158 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە”.

گوتیشی: “وەک قۆناغی سەرەتا ئێستا 35 ملیار دینار بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران هاتووە، لەو بڕەش 10 ملیار دابەشکراوە، ئەوەی ماوە لەم هەفتەیە بەسەر جووتیاران دابەش دەکرێت”.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، روونیکردەوە: “ئەمساڵ هەموو گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان رادەست دەکرێت و ناچێتە شارەکانی دیکەی عێراق، حکومەتی فیدراڵی لە چوارچێوەی بودجەی سیادی پارەکە دەنێرێت”.

هەر پەیوەست بە رادەستکردنی گەنمی جووتیاران، بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی رانیە رایگەیاند: “تا ئەمڕۆ 25/6/2022، زیاتر لە 18 ھەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و 82 جووتیاریش پارەی گەنمی رادەستکراویان وەرگرتووە”.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کشتوکاڵی رانیە، داھاتی گەنمی ئەم ساڵی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەگاتە سەروی 40 ھەزار تۆن بێت.

ئەمساڵ رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی دانا، پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی چەندین سایلۆی مۆدێرن و عەمبارکردن و بەرھەمھێنانی خۆراک و بە بازاڕکردنی گەنم و دانەوێڵە و دروستکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان، بە تازەترین تەکنەلۆجیا و بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان، کە ئەمەش ئاسانکاری زیاتری بۆ جووتیاران کردووە و ئەمساڵ گرفتنی رادەستکردنی گەنمیان نابێت، چونکە جووتیاران ساڵانی پێشتر بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی دانەوێڵە چاویان لە سایلۆکانی عێراق بوو، پارەی گەنمی جووتیاران لەکاتی خۆی خەرج نەدەکرا، بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەستیش بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران کراوە.