پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی دووشه‌ممه‌ 27/6/2022، كۆده‌بێته‌وه‌ و ده‌نگدان بۆ پرۆژه‌یاسای (گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) ده‌كات و هاوكات خویندنه‌وه‌ بۆ 5 پرۆژه‌ یاسای دیكه‌ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25/6/2022، په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ئاشكرای كردووه‌، كاتژمێر (10)ی به‌یانی، رۆژی دووشه‌ممه‌ 27/6/2022، په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌، هاوكات به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ ڕوو كه‌ بیتییه‌ له‌:

یەكەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای (گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان-عێراق) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٩٠، ٩١، ٩٣، ٩٦) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

دووەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پێشنیازەیاسایانەی خوارەوە، بەپێی حوكمی ماددەی (٧٩، ٨٠) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:
١ – پێشنیازەیاسای (سەندیكاى خاوەن پیشە تەندروستییەكانی هەرێمی كوردستان-عێراق).
٢ – پێشنیازەیاساكانی (پاراستنی ئاژەڵان لە هەرێمی كوردستان-عێراق) و (پاراستنی مافی ئاژەڵان).

سێیەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئەم پێشنیاز و پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٨٧، ٨٨، ٨٩، ٩٧) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
١ – پێشنیازەیاسای (بەركاركردنی یاسای فیدڕالی واژۆی ئەلیكتڕۆنی و مامەڵەی ئەلیكتڕۆنییەكان ژمارە (٧٨)ی ساڵی ٢٠١٢ لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
٢ – پڕۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
٣ – پڕۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٨).