وەزیری پەروەردە زانیاری نوێ سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ئاشکرا دەکات 

ئەمڕۆ هەینی ئالان حه‌مه‌ سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چەند زانیارییەكی گرنگی لەبارەی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی 12 ئاشكرا كرد و رای گەیاند تەنیا لە سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌مدا ئه‌وه‌ كراوه‌ کە قوتابی ئەو رۆژەی نمرەکانی وەردەگرێتەوە، دوای دوو کاتژمێر دەتوانێ هەموو پەڕەی وەڵامەکانی ببینێتەوە.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید لە لێدوانێكدا بۆ‌ ماڵپه‌ڕی كەناڵی “كوردستان24” رای گه‌یاند پڕۆسه‌ی بینینه‌وه‌ی نمره‌كانی قوتابیان بە تەواوی شەفافیەت و دادپەروەری جیبەجێ دەکات، قوتابی جیا لەوەی وەڵامەکەی خۆی دەبینێتەوە، ئەوەشی بۆ دیاری دەکەن، کە چی راستە و چ پرسیارێکی هەڵە وەڵام داوەتەوە و راستەکەشی کامەیە.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، خزمەتگوزاریی دیجیتاڵیی پەروەردەیی لەم کابینەیە گەیشتووه‌ته‌ لوتکە، بۆ یەکەم جارە پەڕەی وەڵامدانەوە، وێنەی قوتابی لەسەرە، ئەمە ئاسانکاری دەکات بۆ پرۆسەکە و شەفافیەت و دادپەروەری بەدی دەهێنێت.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی 12 تەواو بوون، هۆڵەکانی ئەزموون جیاکراونەتەوە، ناسنامەی تاقیکردنەوە بۆ قوتابیان دروست کراوە و بۆ قوتابخانەکانیان نێردراوەتەوە.

هه‌روه‌ها وه‌زیری په‌روه‌رده‌ دووپاتی كرده‌وه‌، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵان هەموو پرسیارێک دەگەڕێتەوە بۆ لیژنەی باڵای ئەزموونەکان لە وەزارەت هەر پەڕەیەکی وەڵام پەڕەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی لەگەڵدا نەبێت؛ نمرەی ئەو قوتابییە ئەژمار ناکرێت.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ گوتیشی “بۆ یەکەم جار هەر قوتابییەک ناوی تەواوی خۆی لەسەر پەڕەی پرسیارەکان هەیە، جگە لەوەی لەسەر پەڕەی وەڵامەكانیش هەیە، بە چەند رێگەیەک سیکیوریتی پرسیارەکان بەهێز کراون”.

ھەواڵی زیاتر