شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە بەشداری هاوپەیمانان لە بەغدا گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگی زیاتر و پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش دەکەن.

ئەمرۆ پێنج شەممە 23/6/2022، شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەركان دەچێتە بەغدا.

ستار چاوشین، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: “شاندەكەی وەزارەتی پێشـمەرگە بە سەرۆكایەتی فەریق عیسا عوزێری سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە و بە ئەندامیەتی جێگرانی سەرۆك ئەركان و بەڕێوەبەری گشتییەكان دەچینە بەغدا”.

لەبارەی ئامانجی سەردانەكە بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، گوتی: “لەم سەردانەدا لەگەڵ سەرۆكی ئەركان و ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق، لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش و ھەماھەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و پێكھێنانی دوو لیوا ھاوبەشەكە و دابینكردنی لایەنی لۆجستی و كێشەی قوتابیانی كۆلێژەكانی سەربازی، كە لە بەغدان گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین، بە ئامانجی گەیشتنە رێككەوتن لێكتێگەشتنی باش”.

گوتیشی: “لەم كۆبوونەوانەدا بەرپرسانی ھاوپەیمانان بەشداری گفتوگۆكان دەكەن”.