سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق:حکوومەتی هەرێم هیچ بیانوویەکی بۆ حکوومەتی عێراق نەهێشتۆتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێ:” ھیچ گفتووگۆیەکی نوێ لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی عێراق لە ئارادا نییە. دەشڵێ، حکوومەتی ھەرێم ھیچ بیانۆیەکی بۆ بەغدا نەھێشتۆتەوە، بەڵام ئەوان پابەندی رێککەوتنەکان نابن و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان رەوانە ناکەن.

سیپان شێروانی، بۆ “ھەولێر” روونیکردەوە:” کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بەردەوامی ھەیە بۆ چارەسەری ئەو پرسانەی کە ھێشتا چارەسەری تەواویان بۆ نەدۆزراوەتەوە، زۆربەی کارەکان بە باشی بەڕێوەچوونە و حکوومەتی عێراق ھیچ بیانۆیەکی نییە بۆ ئەوەی ٢٠٠ ملیارەکە و مافە داراییەکانی ھەرێم رەوانە نەکات، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی عێراق نایەوێت کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر بن، لەگەڵ ئەوەش ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە پێشێل کراون، یان ئاستەنگی بۆ دروست کراوە.
شێروانی، گوتیشی:” تا ئێستا حکوومەتی عێراق خاوەن یاسایی نەوت و گاز نییە، ھەر ئەمەشە کێشەی بۆ نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، نەبوونی یاساکەش مەبەست و ئامانجێکیان لە پشتە، بەو بیانووە دەیانەوێت رێگری بکەن لە فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، دواتریش بڕین و راگرتنی بودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێم، بەپێی رێککەوتنێک کە لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق کراوە لە ئەگەری نەبوونی یاسایی نەوت و گاز لە عێراق کە دوا مۆڵەت ٣١ – ١٢ – ٢٠٠٧ دیاری کرابوو لەم رێککەوتە بە دواوە حکوومەتی ھەرێم مافی خۆیەتی نەوت و گازی سرووشتی خۆی دەربھێنێت و بفرۆشێت بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا.
سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاشکراشی کرد:” ئەگەر ئیرادەیەکی بەھێز ھەبێت، ئەوا بە زووترین کات کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێکدێت، بەڵام بە داخەوە لایەنە عێراقییەکان ھیچ بەرژەوەندی گەلی خۆیان لەبەرچاو ناگرن، بۆیە پێکھێنانی حکوومەتی عێراق گەیشتۆتە ئاستێکی چەقبەستوو، لە بەغدا باس و خواستی پێکھێنانی حکوومەت لە ئارادا نییە و ھیچ گفتوگۆیەک لەو بارەوە نەکراوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ھۆکارەکە کورد نییە، بەڵکو گرفتی سەرەکی لەنێو ماڵی شیعەدایە و ئەوان لەنێو خۆیان ناگەنە رێککەوتن تا عێراق لەو کێشەی تێکەوتووە رزگار بکەن”.

ھەواڵی زیاتر