سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر:لە سێ ساڵی رابردوودا نزیكه‌ی ١١ ملیار دۆلار له‌ پارێزگای هه‌ولێر سه‌رمایه‌گوزاری كراوه

لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیاوزانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان عارەب، بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر، ڕایگەیاندووە؛ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان تاوه‌كو ئێستا، نزیكه‌ی ١١ ملیار دۆلار له‌ پارێزگای هه‌ولێر سه‌رمایه‌گوزاری كراوه‌ و له ‌ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردووشدا ١٩٥ مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانیش دراوه‌ به‌ پڕۆژه‌كان به‌ بەهای نزیکەی ٩ ملیار دۆلار.

سەبارەت بە کێشەی جەند پرۆژەیەکی شاری هەولێر، دەڵێت؛ لە سنووری پارێزگای هەولێر ٥ پڕۆژە کێشەی گەورەیان هەبوو، بەڵام لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەت پڕۆژەی (فلۆریا ستی) و (مەم و زین) کێشەیان چارەسەر کراوە، هەر یەک لە پڕۆژەکانی (وەرین ستی، دەشتی بەهەشت، کانی ئەڵمانی) بە پێی ڵێکۆڵینەوەکانی ئێمە ئومێد دەکەین بە ماوەیەکی نزیک چارەسەری کێشەکانیان بکرێت، ئەوەی گرنگە لە لایەن ئێمە و سەرۆکی حکومەت دیاری کراوە ئەوەیە نابێت بە هیچ شێوەیەک هاووڵاتییان لەو پڕۆژانە زەرەرمەند بن، پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە، یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی دەستپێکردنەوەی ئەم پڕۆژانە لەوە دایە کە هاووڵاتی لە ٢٥% ی تێچووەکەی بەخشراون لەگەڵ پاراستنی مافە یاسایی و مەدەنییەکانی تاوەکو بتوانێت سکاڵا لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان لەسەر وەبەرهێنەری پێشوو کە بەشێکیان هەڵاتوون تۆمار بکات و بە پێی یاسا و بڕیارەکانی دادگا مافەکەی بۆ بگەڕێنرێتەوە، بەڵام دەبێتە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون لەو شوقانە.
باسی لە پلانی داهاتوو کردووە بۆ گەشەسەندنی کەرتی پیشەسازی لە هەولێر و دەڵێت؛ پیشەسازی تیمار ناوچەیەکە دەکەوێتە باشوور و ڕۆژئاوای شاری هەولێر، کۆمەڵێک کارگەی وەبەرهێنان و کۆمەڵێک کارگەی بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی هەولێرە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگار و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و وەزیری شارەوانی، لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردنی کارنامەی تەواوی ژێرخانی ناوچەکەین، بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا له‌ ڕێی تەندەرێکەوە ڕابگەیەنرێت، تاوەکو ئەو خزمەتگوزارییانە بگەیەنین بەو ناوچەیە، هەروەک دەزانن ئەو ناوچەیە ناوچەیەکی بەرفراوانە و بەشێک لە کارگەکان دەست بە کار بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزاریان پێنەگەیشتووە، ئەوەش یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیاری لەسەر دراوە بریتییە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ناوچە پیشەسازییەکانی شاری هەولێر. ڕێژه‌ی ٩٠%ی ناوچەکە بە کارهێنراوە و بەشێکی زۆری کارگەکانیش مۆڵەتیان پێ دراوە و بەشێکی زۆریان بەرهەمیان هەیە، بەڵام ژێرخانی خزمەتگوزارییەکان لەو ئاستەدا نین، بۆیە ڕۆژانە سەردانمان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانین ئەو خزمەتگوزاریانە بگەیەنین، لە هەمان کاتدا لە ئێستادا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و ئەو بۆردە خەریکین هەردوو ناوچەی پیشەسازییه‌كه‌ی تر كه‌ یەکێکیان بە ناوچەی ئارارات ناسراوە و دەکەوێتە ڕێگای هەولێر خەبات، ناوچەکەی تریش لە دەشتی هەولێرە، ئەو ناوچانە خزمەتی کەرتی پیشەسازی لە پارێزگای هەولێر دەکەن، هەر وەک دەزانرێت کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بریتییە لە گرنگیدان بەکەرتی پیشەسازی هەرێمی کوردستان، بۆیە لە ئێستادا مۆڵەتی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پیشەسازی بە پلەی یەکەم دێت لەسەر ئاستی پڕۆژەکان لە پارێزگای هەولێر.
سەبارەت بە ڕەخساندنی هەلی کاریش ئاماژە بەوە دەدات لە هەوڵدان تا کۆتایی ساڵ ٧٠ هەزار هەلی کار بڕەخسێنن و دەڵێت؛ لە ماوەی ڕابردوودا لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر دەتوانم بڵێم ١٥ هەزار هەلی کار ڕەخسێنراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە ٣ ساڵی ڕابردوو ٣٥ هەزار هەلی کار ڕەخسێنراوە، ئەو داتایانەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەبەرهێنەرەکان و خاوەنی پڕۆژەکان و وەزارەتی کاروکارووباری کۆمەڵایەتی بە دەستمان کەوتووە. ئومێدیش دەکەین تا کۆتایی ساڵ، ٧٠ هەزار هەلی کار بڕەخسێنین، زۆربەی زۆری کرێکارەکان، کرێکاری خۆماڵین و ٧٥% مەرجی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ ئەم پڕۆژانە پێویستە بۆ کرێکاری خۆماڵی بن ئەو ٢٥% دەمێنێتەوە ئەو کرێکارانەن بۆ ماوەی ٦ مانگ تاوەکو ساڵێک ڕاهێنانیان پێ دەکەن بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ڕێژەیە بەرز بکەینەوە بۆ ئەو ڕادەیه‌ی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجییه‌تی.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پڕۆژەی ٢٠٢٠ی دەستەی وەبەرهێنان ڕاگەیەنرا، خۆشبەختانە شاری هەولێر ٤٢٠ پڕۆژەی وەبەرهێنانی لە سەرجەم سێکتەرەکان بەرکەوتووە، بە پێی ئەو پلانە لە ئێستادا وەبەرهێنان ئاراستە دەکەین بۆ ئەو سێکتەرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستییەتی بە تایبەتی سێکتەری کشتوکاڵ، فەرمانی سەرۆکی حکومەتە دەبێت زیاتر پەرەی پێ بدرێت و زۆربەی ئەو داواکاریانەی پێشکەشمان کراون زۆربەیان پڕۆژەی کشتوکاڵین تاوەکو بتوانین کۆچی پێچەوانە لە شار بۆ قەزا و ناحیەکان و بۆ گوندەکان بکەین، بە پێی ئەو پلانە چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی کشتوکاڵیمان ئامادە کردووە لەم نزیکانە مۆڵەت وەربگرن و تاوەکو باری خۆراکی خۆماڵی زیاتر پەرەی پێ بدرێت و جوتیارانیش سوودمەند بن لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر