کۆچبەرانی کورد ترسیان هەیە لە ڕەوانەکردنیان بۆ ڕواندا

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

بارزان و نەبەز دوو کۆچبەری کوردن، ئەوان پێشتر ڕێگەیەکی پڕ مەترسیداریان بڕیوە بۆ گەیشتن بە لەندەن، تووشی زەحمەتی زۆر بوون لەگەڵ قاچاخچییەکان و پۆلیسی سنوور، ئێستا پلان هەیە بنێردرێن بۆ ڕواندا، بڕیار بوو بە فڕۆکەیەک بنێردرێن بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لە دوا خولەکدا گەشتەکە هەڵوەشایەوە، بەهۆی ئەوەی یاسا نوێیەکەی کۆچبەران لە بەریتانیا مشتومڕ و هەرای زۆری دروست کردووە.

هەردوو کۆچبەرەکە ئێستا لە بەریتانیا چارەنووسیان نادیارە، حکوومەتی بەریتانیا سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکەی، سەرەڕای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری لەسەر ئەو گەشتەدا و هەڵی پەسارد، بەڵام هێشتا مەترسی ئەوە هەیە جێبەجێ بکرێت.
نەبەز کە کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەنێو ئەو کۆچبەرانە بوو، کە بڕیاربوو ڕەوانەی ڕواندا بکرێن، ئەو پێش هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکە، بە دەست بەستراوی بەرەو فڕۆکەخانە برا و ماوەی ٢٨ ڕۆژیشە لە سەنتەرەکانی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران دەستبەسەرکراوە، ئەو لەکاتێکدا لەو سەنتەرە دەستبەسەرکراوە بە ئەستەم توانی پۆلیسی ئەو سەنتەرە ڕازی بکات کە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ خوشکەکەی بکات، ئەو دەڵێ: “تەلەفۆنم بۆ خوشکم کرد، ئەو دەگریا و پێی گوتم ڕەوانەکردنتان هەڵوەشاوەتەوە، ئەو کۆچبەرە لە سەنتەری دوورە دەستی کۆڵنبرۆک قسەی کردووە و دەڵێ: “باوەڕم پێی نەکرد، بەڵام ئەو هەر پێی گوتم ناچیت بۆ ڕواندا، هەڵوەشایەوە، منیش بە هەمان شێوە گریام و هاوارم کرد، هەموو لەنێو فڕۆکەکە سەیریان دەکردم، منیش پڕ بەدەنگم هاوارم كرد و گوتم هەڵوەشایەوە .

بەرزان یەکێکی دیکە لەو کۆچبەرانەیە، ئەو چیرۆکی خۆی لە بەریتانیا دەگێڕێتەوە و دەڵێ: “بە نامە ئاگادارکرامەوە گەشتەکە هەڵوەشاوەتەوە و لە فڕۆکە هێنرامە خوارەوە، لە دۆخێکدا کە هێشتا تراومایە بۆ من، سەرەتا منیان برد بۆ فڕۆکەخانە، دەبوو بچم بۆ ڕواندا، من گوتم ناچم، بەڵام پێیان گوتم ئەوە بڕیاری تۆ نییە .
بەرزان پێشتر بە چەندین لۆری و بە ڕێگەی سەخت خۆی گەیاندووەتە بەریتانیا پاش ئەوەی لە سلێمانییەوە کۆچی کردووە بۆ ئەو وڵاتە، دوایین وێستگەی ئەو چوونی بوو بە بەلەمێک لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا لە ڕێگەی گەرووی ئینگلیزی، لەگەڵ ٥٣ کەسی دیکە، ئەو چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە دەڵێ، قاچاخچییەکان کۆچبەرێکیان ئەشکەنجەدا بەهۆی ئەوەی قسەی دیکەی هەبوو و ئامادە نەبوو بێتە نێو نۆکەندی ئینگلیز، لەو نۆکەندەوە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لانی کەم 150 کەس گیانیان لەدەست داوە و خنکاون .
بارزان دەڵێ: “من جیاوازییەک نابینم لە نێوان ئەو مامەڵەیەی لە ڕێگەی کۆچ لەگەڵمان دەکرا، لەگەڵ ئەوەی ئێستا لە بەریتانیا لەگەڵمان دەکرێت” .
پرسی ناردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا، مشتومڕ و هەرای زۆری لەسەر دروست بووە، چالاکوان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو پرسەیان وەکو پرسێکی دژە مافی مرۆڤ و پێشێڵکردنی مافەکانی مرۆڤ داناوە.
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ: “نابێت هیچ کۆچبەرێک تاوەکو سێ هەفتە دوای بڕیاری دادگە ڕەوانەی ڕواندا بکرێت ، هەرچەندە بڕیارەکە هەڵپەسێردراوە، بەڵام هێشتا کۆچبەرانی کورد لە بەریتانیا ترسیان هەیە لە ناردنیان بۆ ڕواندا ، نەبەز دەڵێ: “زۆر دەترسم حكوومەتی بەریتانیا سوور بێت لەسەر ئەو پرسە و بڕیاری ناردنمان بۆ ڕواندا بدات، ئێستا من لە سەنتەرێکم لە نزیک فڕۆکەخانە هەر فڕۆکەیەک دەبینم دەڕوات وا هەست دەکەم خۆمی تێدام، ترسم زۆرە .”
دۆمەنیک ڕاب، جێگری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەمەی ڕابردوو ڕایگەیاند: “بەم زووانە حكوومەت وردەکاری ئەو پڕۆژەیاسایەی لەبارەی مافەکان دانراوە دەخاتەڕوو کە جێگەی یاسای مافی مرۆڤی 1998 دەگرێتەوە ، ئامانج لە هەمواری یاساکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەیە کە دانرابوو.
بڕیارەکانی حکوومەتی بەریتانیا سەرەڕای مشتومڕ و هەرا، بەڵام هێشتا ترسی لای کۆچبەران دروست کردووە، چارەنووسی بەشێکی ئەو کۆچبەرانەش نادیارە کە لە نێو پلانی ڕەوانەکردندان بۆ ڕواندا .

ھەواڵی زیاتر