نۆڤین مسلیم بوزان: بۆ من سیاسه‌ت هۆیەک بووه‌ بۆ گۆڕانكاری

عەبدولقەهار هەولێری – هۆڵەندا

نۆڤین مسلیم بوزان، ئه‌و كچه‌ كوردێكی خەڵکی ڕۆژئاوایه‌ و مه‌به‌ستیه‌تی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای كاروانی ژیانی ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت نه‌رم بكات، له‌دیمانەیەكی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـدا، نۆڤین به‌ چه‌ند وشه‌یه‌ك کارنامە و سی ڤی خۆی بۆ خوێنه‌رانی ڕۆژنامه‌كه‌مان خسته‌ ڕوو:

ناوم نۆڤین مسلیم بوزانە و، ته‌مه‌نم ٢٠ ساڵانه‌. به‌ نه‌ژاد كوردم و خه‌ڵكی ڕۆژئاڤا. ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌ له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندام و له‌ خوێندنی باڵای پیشه‌یی له‌ ئوترێخت یاسا ده‌خوێنم، وه‌ك كچێكی بچووك له‌ ناوچه‌یه‌كی جه‌نگ هه‌ڵهاتم بۆ گه‌ڕان به‌دوای سه‌لامه‌تی و داهاتوودا. له‌ ته‌مه‌نی ١٢ ساڵاندا هه‌ڵاتم بۆ توركیا تا له‌وێ داهاتوویه‌ك بۆ خۆم بنیات بنێم، به‌ڵام باوكم بیری كرده‌وه‌ كه‌ كۆچ بكات بۆ ئه‌وروپا. دوای ئه‌وه‌ی باوكم هاته‌ هۆڵه‌ندا، ئێمه‌ش دوای شه‌ش مانگ به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی هاتینه‌ هۆڵه‌ندا. به‌ خێرایی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانم فراوانتر كرد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم زمانی هۆڵه‌ندی فێربم و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا هه‌بێت. وه‌ك خانمێكی كورد هه‌میشه‌ ناسیۆنالیزم له‌ مندا هه‌بووه‌. هه‌میشه‌ مه‌یلم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ وه‌ك كوردێكی سه‌ربه‌رز و بوێر خۆم پیشان بده‌م و ئاره‌زووم ئه‌وه‌ بووه‌ یارمه‌تی گه‌له‌كه‌م بده‌م و هانی گه‌نجانی كورد بده‌م بۆ به‌ده‌ستهێنانی باشترینه‌كان.
نۆڤین، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، بۆ من سیاسه‌ت یه‌كێك بوو له‌و ڕێگایانه‌ی كه‌ پاڵنه‌ری كورد و به‌تایبه‌تی گه‌نجانی كورد بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ ناو سیاسه‌ت و هاوكاریی یه‌كتر بكه‌ن، سیاسه‌ت گۆڕانكارییه‌ بۆ باشترین. زۆر شت هه‌یه‌ كه‌ حه‌ز ده‌كه‌م بیگۆڕم له‌و شاره‌ی كه‌ لێی ده‌ژیم. یه‌كێك له‌ گرنگترین شته‌كان یارمه‌تیدانی گه‌نجانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه‌وه‌ پشتیوانییان لێ بكرێت. هه‌روه‌ها كارده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كورد له‌ سوێست به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت، چونكه‌ ئه‌مه‌یه‌ وامان لێده‌كات گه‌لێكی به‌هێز بین، له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا هاوكاری و پشتیوانی یه‌كتر بین. به‌دڵنیاییه‌وه‌ جیاوازی ناكه‌م له‌ نێوان گه‌لان، یه‌كه‌م شت كه‌ له‌ هۆڵه‌ندا فێریبووم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جیاكاری ره‌گه‌زی قه‌ده‌غه‌یه‌، وه‌ك خانمێكی كورد هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م بۆ ئه‌وه‌ی شتێك بده‌مه‌وه‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا، به‌ڵام هاوكات یارمه‌تی وڵاته‌كه‌م و گه‌له‌كه‌م بده‌م تا بگه‌نه‌ لوتكه‌.
له‌م وڵاته‌دا ده‌مه‌وێت هه‌موو چانسه‌كانم وه‌ربگرم. ده‌رفه‌تم هه‌یه‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ژیری به‌كاری ده‌هێنم. جیاوازی ناكه‌م له‌نێوان ئه‌و كوردانه‌ی له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ دێن. ئێمه‌ی كورد یه‌كین و وه‌ك یه‌ك نه‌ته‌وه‌ ده‌مێنینه‌وه‌. هه‌نگاوم ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچمه‌ ناو سیاسه‌ته‌وه‌، چونكه‌ بینیم زۆر كه‌س له‌ سوێست به‌تایبه‌تی كورد هه‌ست ناكه‌ن بیستراون ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ی، كه‌ پێویستیان پێیه‌تی، به‌ تایبه‌ت خه‌مخۆری و مامه‌ڵه‌ی یه‌كسان. خه‌بات ده‌كه‌م بۆ یه‌كسانی، گرنگیدان به‌ گه‌نجان به‌ تایبه‌ت كۆچبه‌ران و په‌نابه‌ران. پێم وایه‌ ده‌بێت ده‌رفه‌تی خۆی بدرێت به‌ هه‌موو كه‌سێك و نابێت له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌ز مامه‌ڵه‌ی ڕه‌گه‌زی له‌گه‌ڵ كه‌سدا بكرێت. كاتێك بینیم كه‌ ده‌توانم زۆر شت بكه‌م له‌ هۆڵه‌ندا، خۆم وه‌ك كاندیدێك له‌ ئه‌نجوومه‌نی شار دانا، به‌ گه‌نجان نیشان ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی شتێكت ده‌وێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانیت به‌ده‌ستی بهێنیت. نه‌وه‌ی من پێشتر زۆر به‌ سه‌ختی خه‌باتیان كردووه‌ .. ئامانجمان وه‌ك GroenLinks چییه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ دۆستی ژینگه‌، یه‌كسانی، چاودێری زیاتر بۆ گه‌نج و پیر. ئێمه‌ سكاڵا له‌ خه‌ڵكه‌وه‌ وه‌رده‌گرین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاره‌سه‌ر بكه‌ین و یارمه‌تی خه‌ڵك بده‌ین له‌و باره‌یه‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ پڕۆژه‌ی وه‌ك پڕۆژه‌ی بیناسازی، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ش وه‌رده‌گرین كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی دروست كراون و ده‌بێت بڕیار بده‌ین كه‌ ئایا ئه‌وه‌ ده‌توانێت بچێته‌ پێشه‌وه‌ یان نا. هه‌روه‌ها هه‌وڵده‌ده‌ین زۆر قسه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی شار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئایا پێویستیان به‌ چ جۆره‌ شتێكه‌، ئایا سكاڵایان هه‌یه‌ له‌سه‌ر شتێك كه‌ ئه‌نجوومه‌نی شار ده‌توانێت شتێكیان له‌سه‌ر بكات…؟
ئه‌مه‌یه‌ كه‌ من به‌ رێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه‌ ده‌یكه‌م و هیوادارم ببمه‌ پارێزه‌ر بۆ پاراستنی مافی خه‌ڵك، هه‌روه‌ها له‌ په‌رله‌مان گۆڕانكاری به‌دی بهێنم، چونكه‌ گۆڕانكاری و باشتربوون ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌مانبێت.