نزیکەی ٥٠ هەزار خێزان فۆرمی شوقەیان پڕ کردۆتەوە

پڕکردنەوەی فۆرمی ناونووسکردن بۆ وەرگرتنی شوقە و سوودمەندبوون لە ئۆفەرێکی حکوومەت بەردەوامە و، ژمارەکە لە ٥٠ هەزار خێزان نزیک کەوتۆتەوە. بەرپرسێکی وەبەرهێنان زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو هەنگاوەی حکوومەت ئاشکرا دەکات و پێداگری لەوە دەکات پڕۆژەکە بە ڕێکارێکی گونجاو و قیستی ١٥ ساڵ جێبەجێ دەکرێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ڕاگەیاندنی دروستکردنی ٢٠ هەزار شوقە بۆ کرێچی و خەڵکی کەمدەرامەت، لە ڕێگەی ماڵپەڕێکی ئەلیکتڕۆنی فۆڕمێکی بڵاو کردۆتەوە کە تایبەتە بە کرێچییان و ئەوانەی خوازیاری ئەوەن ببنە خاوەنی شوقە و لەو خزمەتگوزارییەی حکوومەت سوودمەند بن، دەبێ فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە.
لە فۆرمەکەدا بە وردی داوای تایبەتمەندی خێزانەکان و زانیاری کەسی و ژمارەی منداڵ و چەند بەڵگەنامەیەکی پێویست کراوە و خەڵکیش بە گەرمی پێشوازییان لەو هەنگاوە کردووە و تا سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەم ٢٠ی حوزەیران سەرووی ٤٢ هەزار خێزان فۆرمەکەیان پڕ کردۆتەوە و پێشبینی دەکرێ ژمارەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە.
سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە هەر دوای بڕیارەکە لە لایه‌ن ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو پارێزگاكان كرا، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی پارێزگا كراوه‌، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شاره‌وانی كراوه‌ بۆ دابینكردنی شوێن، دوای پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمه‌كانیش له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و پارێزگای هه‌ولێر مۆڵه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌درێت.
یەکێک لە ئامانجەکانی بڵاوکردنەوەی ئەو فۆرمە بۆ ئەوەیە ئاماری داواکارییەکان وەربگیرێت و پاشان هەڵسەنگاندن بۆ زانیارییەکان دەکرێت و بە ڕێکارێکی گونجاو ئەوانە هەڵدەبژێردرێن کە شایانی ئەوەن ببنە خاوەنی خانوو و بە گوێرەی ئەولەیەت مافەکان ڕەچاو دەکرێن و ئەو بەرپرسەی وەبەرهێنانیش پێداگریی لەوە کردووە دادپەروەری بە تەواوی ڕەچاو دەکرێ.
ناوبراو دەڵێت: ”له‌سه‌ر بڕیاری جەنابی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستوه‌ردان و مه‌حسووبییه‌ت و مه‌نسووبییه‌ت ناكرێت، پڕۆسه‌كه زۆر به ‌شه‌فافی ده‌كرێت، ئێمه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌مان له‌ جەنابی سه‌رۆكی حكوومه‌ت وه‌رگرتووه‌، كه‌ هاووڵاتی به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فاف فۆڕمه‌كه‌ی پڕ ده‌كاته‌وه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای پێویستی و مه‌رجه‌كان فۆڕمه‌كان دابه‌ش ده‌كرێن و هاووڵاتیانیش سوودمه‌ند ده‌بن”.
جێی باسە ئەو ٢٠ هەزار یەکەیەی نیشتەجێبون کە ڕاگەیەنراوە تایبەت نییە بە هەولێر، بەڵکوو بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و هەر پارێزگایەک بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتووانی پشکی خۆی بۆ دیاری دەکرێت.
بۆ ئەمەش سوود له‌ ڕێژه‌ی دانیشتووان وه‌رگیراوە، كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیاری كراوه‌، به‌ پێی ئه‌و ئامارانه‌ی سامان عارەب ئاماژەی پێ کردووە پارێزگای هه‌ولێر چوار هەزار و ١٠٠ یه‌كه‌ی نیشتەجێبونی به‌رده‌كه‌وێت و ئەم ژمارەیەش بەسه‌ر قایمقامییه‌ته‌كانی ده‌شتی هه‌ولێر، قه‌زای خه‌بات و شه‌قڵاوه‌، دابەش دەکرێن.
یەکێک لەو بابەتانەی کە لەم ڕۆژانەدا خەڵکی بە خۆیەوە خەریک کردووە و زۆر کەس پرسیاری ئەوە دەکات کەی ناوەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە و کەی دڵنیا دەبن لەوەی ناویان لە لیستێکدا جێگیر دەکرێ، کە بڕیارە شوقەیان بۆ دروست بکرێ و چەند ساڵی پێ دەچێت تا دەبنە خاوەنی خانووی خۆیان.
بەڵام به ‌پێی به‌ره‌وپێشچوونی خشته‌ی كار، كاتێك پڕۆژه‌كه‌ به‌ به‌ڵێنده‌ر یا وه‌به‌رهێنه‌ر ده‌درێت، ماوه‌ی ته‌واوبوونی پڕۆژه‌كه‌ و ژێرخانی خزمه‌تگوزارییه‌كان دوو ساڵی دەوێت و ئەو بەرپرسەی وەبەرهێنانیش بە پێویستی دەزانێت خێرا ته‌واو بكرێت، گێڕانه‌وه‌ی قیسته‌كانیش به‌ درێژترین ماوه‌ ده‌بێت و ١٥ ساڵی بۆ دیاری کراوە و جگە لەمە کەمترین بڕی پێشەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو خانووانە وەردەگیرێت بۆ ئەوەی کەمترین گوشاری دارایی بخرێتە سەر کرێچی و خەڵکی کەمدەرامەت.
جێی باسە هێشتا دیار نییە چ کۆمپانیایەک پڕۆژەکان جێبەچێ دەکات، بەڵام لە داهاتوودا لەسەر بنەمای پێشبڕکێ جێبەجێ دەکرێن و كێبڕكێیه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كه‌مترین پێشه‌كی و درێژترین ماوه‌یان بۆ گەڕاندنەوەی پارەکە هەبێت.

ھەواڵی زیاتر