سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ بەڕێوەبەری دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان کۆدەبێتەوە 

ئەمڕۆ دووشەممە 20 ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان کۆبووەوە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە مەبەست لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەگەڵ راگەیاندن و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە، لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکەین بۆ بەرچاوڕوونی و خستنەڕووی زانیاری و روونکردنەوەی هەڵوێستی حکومەت لە بارەی چەندین بابەتی گرنگ.

سەرۆکی حکومەت، داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد، کە هاوکار و یارمەتیدری حکومەت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. ئاماژەشی بەوەدا کە راگەیاندن ئەرکێکی پیرۆز و گرنگی هەیە و پێویستە بە بەرپرسیارییەتیەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

 سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە ئازادی راگەیاندن و رادەبڕین و رەخنەگرتن دەکات بۆ چاکسازی و باشترکردن و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی کوردستان. بەڵام لە هەمانکاتدا، پێویستە راگەیاندن داکۆکیش لە پرسە نیشتمانییەکان و دەسکەوتەکان بکات کە لە ئەنجامی قوربانیدانێکی زۆری خەڵکی کوردستانەوە، بەدەست هاتوون.

سەرۆکی حکومەت، باسی لەوە کرد کە کابینەی نۆیەم، زۆرترین زانیاری بڵاوکردووەتەوە و روونکردنەوەی پێویستی بە پەرلەمانی کوردستان و رای گشتی داوە.

سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کە ئێمە لەناوچەیەکی قەیراناوی و نائارامدا دەژین، لە ساڵانی رابردووشدا رووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، وەك کۆڕۆنا و قەیرانی تەندروستی و دارایی، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوام بووین لە ئەنجامدانی پڕۆژە و چەندین چاکسازیمان لە سەرجەم بوارەکاندا ئەنجامدا. بەڵام وەك سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێدا، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی پێویستە و ئامانجیش لەم چاکسازییانە، بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەت هی هەموو هەرێمی کوردستانە و بەبێ جیاوازیيش، خزمەتی هەموو پارێزگا و شار و ناوچەکانی کوردستان دەکات.

لە بارەی پەیوەندییش لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە ئامادەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات، هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە و داواش دەکات مافە دەستوورییەکانی پێشێل نەکرێت.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت، وەڵامی سەرنج و تێبینی و راسپاردەی ئامادەبووانی دایەوە و کورتەیەکیشی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا خستەڕوو.