پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەكانی ٧٠ی پێشمەرگە: با پەكەكە بچنەوە خاكی خۆیان، بەرگری لەخۆیان بكەن

مەزهەر کەریم – سلێمانی

فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەدات كە سەرکردایەتیی یەکێتی و هاوڕێیانی لە فەرماندەی یەكەی 70، كار لەسەر یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن دەشڵێت:” یەكێكە لە ئەوەلیاتی كارەكانیان لەئێستادا”.

مستەفا چاورەش، فەرماندەی هێزی 70 لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ “هەولێر” باسی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و ئەوەش ئاشكرا دەكات” دووساڵی دیكەیان پێویستە تا هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخەن”.

هەولێر: قۆناغی یەكگرتنەوەی هێزەكانی حەفتا و هەشتا گەشتۆتە كوێ ؟
مستەفا چاوڕەش: لەماوەی ئەم ساڵدا هێزی پشتیوانی دوومان خستۆتەوە سەر وەزارەت، كە ژمارەیان پێنج هەزار و پێنج سەد كەسە، لیوای شانزە و حەڤدە و نۆزدەمان خستۆتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە‌ و چەند لیوایەكی دیكەشمان ئامادەكردووە، ئەمەش قۆناخ قۆناخ دەكرێت”.
هەولێر: دواخستنی یەكخستەوەی تەواوەتی هێزەكانی پێشمەرگە سیاسیە یان ئابوری یە؟
مستەفا چاوڕەش: یەكخستەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كاری ڕۆژ و دوو ڕۆژ نیە دوو ساڵی دیكەمان پێویسە بۆ یەكخستەوەی هێزی پێشمەرگە، چونكە دەبێت مقەڕاتیان بۆ بكرێتەوە و پێداویستیان بۆ دابین بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە لایەنە سیاسیەكان بەتایبەت پارتی ‌و یەكێتی دانیشتنی زیاتر ئەنجام بدەن بۆ خێرا یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە”.
هەولێر: لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت چیتان كردووە بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە؟
مستەفا چاوڕەش: چوار بۆ پێنج مانگ پێش ئێستا هەردوو هێزی حەفتا و هەشتا بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێم ‌و هەردوو جێگرەكەی كۆبووینەتەوە، بەڕێزیان لیژنەیەكیان ڕاسپاردووە تا ئەو كەموكوڕیانەی هەیە چارەسەر بكرێن كە ئەوكات شەڕی داعش هەبوو لە چەند ناوچە”.
هەولێر: هاوپەیمانان چیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كردووە؟
مستەفا چاوڕەش: مەشق‌ و ڕاهێنان بەهێزەكانی پێشمەرگە دەكەن‌ و چەكی پێویستیان بۆ دابین دەكەن‌ و سەرجەمی ئۆتۆمبیلی درع ‌و زۆرینەی ئۆتۆمبیلەكانی دیكەی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابین دەكرێت ‌و مانگانەش بڕە پارەیەك دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە”.
هەولێر: لێك نزیك بوونەوەی هێزە سیاسیەكانی كوردستان بەتایبەت پارتی‌ و یەكێتی نابێتە یەكێكی دیكە لەهۆكارەكانی زوو یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە؟
مستەفا چاوڕەش: بەدڵنیایەوە بە ڵێ هۆكارێكە بۆ زوو یەكگرتنەوە لەماوەكانی پێشوودا هاتنی سەرۆکی هەرێم كاك نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان‌ و پاشان ئەنجامدانی كۆبوونەوەكان شتێكی باش بوو بۆ بەڕێوەچونی كارەكان ‌و زوتر یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە”.
هەولێر: وەك پێشمەرگەیەكی دێرین دەتوانی بەڵێنی ئەوە بەخەڵكی كوردستان بدەیت لەسەردەستی ئێوە هێزەكانی حەفتا و هەشتا یەكبگرنەوە؟
مستەفا چاوڕەش: تەمەنا دەكەم، كێ بێت حەزنەكات ئەو كارە لەسەر دەستی ئەودا نەكرێت ، تا من لێرەبم مەسەلەی ویژدانی خۆم لەبەرچاو دەگرم ئەوە واجبی هەمومانە كورد یەكگرتوو بێت، حەز دەكەم لەسەر دەستی من‌ و هەمو ئەو هەڤاڵانەی وەك منن لەهەردوولا هێزی پێشمەرگە یەك بخرێتەوەو یەكگرتوو بێت”.
هەولێر: هیچ كاتێك حیزبەكەت ڕێگری كردوە لەیەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە؟
مستەفا چاوڕەش: حزبەكەم رێگر نیە لەیەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، لەگەڵ كاك پاڤڵ‌و هاوڕێیان‌و برادەرانی فەرماندەیی كار لەسەر ئەوە دەكەین هێزەكانی پێشمەرگە یەكبگرنەوە، یەكێك لە ئەوەلیاتی كارەكانمان، دەمانەوێت چی باشە بۆ هێزی پێشمەرگە و میللەتەكەمان ئەوە بكەین، بەڵام ئەگەر كەموكوڕیەك هەبێت گلەیی لێ بكەین یان قسەی لەسەر بكەین ئەوەش هەقی خۆمانە”.
هەولێر: بەبیانوی هەبونی بنكەی ئیسرائیل لەماوەكانی پێشودا هەولێر موشەك باران كرا ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟
مستەفا چاوڕەش: نابێت بەهیچ بیانویەك موشەك بنرێت بە هەولێرەوە مشكیلەتان هەیە وەرنە سەر مێزی گفتوگۆ بڵێن ئەوە ئیسرائیلە، بەڵام ئەوانە هەموی بیانوو كۆنە قینە شتی وەها نیە لەوڵاتی ئێمە، تیشكی ڕۆژ بە بێژنگ ناگیرێت”.
هەولێر: لەناوچە جێناكۆكان حەشدی شەعبی ‌و تیرۆرستانی داعش هەن، بەبڕوای ئێوە مەترسیان نیە بۆسەر كوردستان؟
مستەفا چاوڕەش: دیارە داعش تیرۆرست ‌و پیاو كوژن، پەیوەندیشمان لەگەڵ حەشدی شەعبی نیە، چونكە ئەوان دەیان گروپن هەریەكە و بەناوێكەوە لەژێر تەئسیراتی هەر وڵاتێكدا بن، ناكرێت سەرۆك كۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارمان هەبێت لەبەغدا و ترسی ئەوەمان هەبێت حەشدی شەعبی ڕۆژێك لەڕۆژان پەلامارتبدات! پێویستە ناوماڵی خۆمان یەك بخەین “.
هەولێر: هێزی پێشمەرگە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە بۆ هەر هێرشێكی لەناكاو گەر بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان؟
مستەفا چاوڕەش: هێزی پێشمەرگە لەئامادەباشیدایە لەسەر تاسەری كوردستان لەكفریەوە تا خانەقین ئەوەی پێمان بكرێت درێغی ناكەین تەمەنا دەكەین لەگەڵ ئەوانەی خۆیان بەخاوەنی عێراق دەزانن‌و وڵاتانی دیكەش فیشەكێك لەنێوانماندا نەتەقێ”.
هەولێر: قسەی ئێوە بۆ پەكەكە چیە بەردەوام لەسنورەكانی هەرێم لەگەڵ سوپای توركیا لەشەڕدان ‌و بارگرانیان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردوە؟
مستەفا چاوڕەش: تورکیا بە بیانووی پەکەکەوە هاتووەتە قوڵایی خاکی هەرێم و پێویستە بچێتەوە نێو خاکی خۆی، برادەرانی پەكەكە لە هەر جێگەیەكەوە پەلامار بدرێن بەرگری لەخۆیان دەكەن دەبێت موراعاتی وەزعی كوردستانیش لەبەرچاوبگرن شەڕ بەرنەوە ئەو شوێنانەی تورك و بچنەوە خاكی خۆیان، بەرگری لەخۆیان بكەن”.