پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە نیویوڕک رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئەلیز ندریتۆ یاریدەدەری سکرتێری گشتی UN بۆ نەهێشتنی جینۆساید کۆبوونەوە

لە کۆبوونەوەکەدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجامدراون وتی: هەرێمی کوردستان باجی زۆری داوە لەپێشێلکاریەکانی دژی مرۆڤایەتی وەک ئەنفال، کیمیا باران، وێران کردنی گوند و شارەکان تا دەگاتە هێرشە تیرۆریستییەکانی قاعیدە و داعش، لە شەڕی دژی تیرۆر حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بەربەستێکی گەورە بوون بۆ ئەوەی تیرۆر زیاتر پەرەنەسەنێت و لە بری جیهان بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان رووبەرووی داعش بۆوە و قوربانییەکی زۆری داوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئدیندار زێباری هێمای بۆ جێگیرکردنی جینۆساید لە یاسا ناوخۆییەکانی عێراق کرد و وتی: عێراق ئەندامە لە رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی نەهێشتنی جینۆساید، و پێویستە ئەمە لە یاسا ناوخۆییەکانی عێراق رەنگ بداتەوە و ببێتە هەنگاوێک بۆ دامەزراندنی دادگایەک بۆ تیرۆریستانی داعش، چونکە پێکهاتەکانی عێراق بەبێ جیاوازی دووچاری کۆمەڵکوژی هاتوون کە دەچنە خانەی تاوان دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید.

پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ تەوەرێکی گفتوگۆی نێوان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی UN بۆ نەهێشتنی جینۆساید بوو. لەم رووەوە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: پەسەند کردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە نیشانەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمە بە پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، ئەم پلانە گشتگیرە و UN و رێکخراوەکان بەشدارن لە جێبەجێکردنی و چەند،تەوەرێکی گرنگ لەخۆدەگرێت وەک نەهێشتنی ئەشکەنجەدان، نەهێشتنی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، ئازادی رۆژنامەوانی و رادەربڕین. لەم رووەوە تیشکمان خرایە سەرئەو بەشەی پلانەکە کە تایبەتە بە جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد بە خاتوو ئەلیز ندریتۆی راگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان جدیە لە هاوکاری کردنی تیمی یونیتاد و دامەزراندنی دادگایەک بۆ دادگایی کردن تیرۆریستانی داعش و باسی لە هەنگاوەکانی حکومەت کرد بەتایبەتی پڕۆژە یاسای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند، و داوای کرد کە UN و لایەنە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری دادوەر و ڵێکۆڵەرانی هەرێم بکەن لەبواری مەشق و راهێنان لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە پێشتر ئەزمونیان لەو بوارەدا نەبووە، لەلایەکی دیکەوە تەئکید کرایەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کارای هەبێت لە کۆنفرانس وکۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە جینۆساید، چونکە قوربانیی سەرەکی تاوانی جینۆساید بووە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان وتی: بوونی میلیشیا و هێزی چەکداری دەرەکی لە شنگال ونەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ سەر زێدی خۆیان، بۆیە پێویستە UN و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەرکی خۆیان هەستن لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە کە دەبێتە هۆکاری گەڕانەوەی ئاوارەکان و هێنانەدیی ئارامی و سەقامکیری ونەهێشتنی مەترسیەکانی داعش.

لەلایەن خۆیەوە ئەلیز ندریتۆ یاریدەدەر راوێژکاری تایبەتی سکرتێری UN بۆ نەهێشتنی جینۆساید، ئاماژەی بەوەکرد کە لە ماوەی رابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستان و شنگال و دەوروبەری کرد و لەنزیکەوە رەوشی ناوچەکە و وێرانکارییەکانی بینیوە، بۆیە پێویستە ئاوەدان بکرێتەوە و دۆخەکەی سەقامگیر بکرێتەوە بۆ مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان.