هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای سەربازی و ئەمنیی عێراقی كرد

بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، 2022/6/19 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای سەربازی و ئەمنیی عیراق بە سەرۆكایەتیی جەنەراڵ عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا سەرۆكی ئەركانی سوپای عیراق كرد كە لە فەرماندەكانی هێزی زەمینی، ئاسمانی، پاسەوانی سنوور، پۆلیسی فیدراڵی، هەواڵگری، هەوالگریی سەربازی و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و چەند پلەدارێكی دیكەی سەربازی و ئەمنی پێكهاتبوو.
لە دیدارێكدا شاندەكە پیرۆزبایییان لە گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنیان بۆ ئەو فەرماندە و پلەدارانە خواست كە لە پۆستەكانی وەزارەتدا دەستبەكار بوون.
شاندەكە دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەیان بەشێكە لە بەرنامەی هاوكاری و هەماهەنگیی سوپا لەگەڵ پێشمەرگە و ئامادەیییان بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەكان و هاریكاری و هەماهەنگیی وەزارەتی بەرگریی عیراق لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان، نیشان دا.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی كردن و دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەیان پەیامێكی بەهێزی پشتگیری و هاوكارییە و هیوای خواست بە چاوی هاوبەش و وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراقی سەیری پێشمەرگە بكرێت كە بۆ هەمان ئامانج كار دەكەن، ئەویش پاراستنی وڵات و ئارامی سەقامگیرییە.
هەڕەشە و جمووجووڵەكانی داعش بەتایبەتی لەو ناوچانەی كە جوگرافیایەكی سەخیتان هەیە و لە ناوچەكانی سەر سنوور لەگەڵ سووریا‌، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو. تیایدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان سوپا و پێشمەرگە و سوودوەرگرتن لە پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كردەوە بۆ بنەبڕكردنی یەكجارەكیی داعش.