ئەلمۆنیتەر: هێرشی پەکەکە لە هەرێم بۆسەر پێشمەرگە و میدیاکاران و پەرلەمانتارانیش زیادی کردووە

لەکاتێکدا هێرشی درۆنی لە هەرێمی کوردستان چەند جارێکە ڕوو دەدات و دووبارە دەبێتەوە و لە ماوەی کەمتر لە سێ ڕۆژیشدا دوو جار تورکیا پەکەکەی لە نێو باشووری کوردستان کردە ئامانج، لە بەرامبەریشدا هێرشی چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر میدیاکار و پێشمەرگە و خەڵک لە ناوچە جیاوازەکان زیادی کردووە؛ جگە لەوەش چەکدارانی پەکەکە بەردەوامن لە هەوڵی ڕاکێشانی مێردمنداڵان بۆ نێو ڕیزەکانیان .

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک هێرشی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە تۆمار کرا. لە 5ـی حوزەیراندا، پەکەکە پێشمەرگەیەکی لە شنگال ڕفاند، هێرشیشی کردە سەر شوێنێكیش لە دهۆک، ئەوە لەکاتێکدا بوو ساڵی ڕابردوو لەوکاتەدا پەکەکە بەهۆی مینێکەوە 5 پێشمەرگەی شەهید کردن.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ: “ئێستا گوشاری پەکەکە لەسەر میدیاکاران و تەنانەت پەرلەمانتارانیش زیادی کردووە، ١٨ـی ئایار هێرشی کردە سەر میدیاکارانی کوردستان ٢٤، ئەوکات سەنتەری میترۆ و لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا تورکیا دوو جار پەکەکەی لە شنگال و لە کەلار کردە ئامانج؛ لە بەرامبەریشدا پەکەکە گوشار دەخاتە سەر خەڵک و لە جیاتی وەڵام بۆ ئەو هێرشانە گوشارەکانی بۆ سەر هاووڵاتییان زیاد کردوون.
رۆژی 21ـی مانگی ئایار لە هێرشی درۆنێکدا ٥ ئەندامی پەکەکە کوژران. ڕۆژی دواتر گرووپێک بە ناوی ئەحرار سنجار، هێرشیان کردە سەر خاڵی سەربازیی تورکیا لە باشیک، ئەوەش ئاماژەی ڕوونی دەرخست لە پەیوەندیی نێوان پەکەکە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی .
لە ڕۆژی 8ـی حوزەیراندا، پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد ئەو گرووپە بەشێکە لە سوپای پاسداران و لە ناو خاکی عێراق کارەکانی دەکات .
لە 22ـی ئایاردا چیا شەریف ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاندووە نامەی هەڕەشە ئامێزی لایەنگرانی پەکەکەم پێگەیشتووە پاش چەند تویتێکم لەبارەی پەکەکە.”وە
ناوبراو گوتی نامەکانی لە فەیسبووک و تویتەرەوە پێگەیشتووە، بە ژمارەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە باکووری کوردستان و تورکیا .
چیا شەریف دەڵێ:”ئەرکی منە قسەی خەڵک بکەم و نوێنەری ئەوانم، من لەگەڵ شەڕدانیم و ناشمەوێت هیچ شتێک لەبارەی شەڕەوە بڵێم.”
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار هۆشداریان داوەتە تورکیا و پەکەکە کە مەیدانی شەڕی خۆیان ببەنە دەرەوە لە هەرێمی کوردستان، پەکەکەش هۆکار بووە بۆ چۆڵکردنی سەتان گوند لە ناوچە سنوورییەکان بەهۆی جموجۆڵ و نزیکبوونەوەی پەکەکە لە ئاوەدانی خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان، ئێستا نیگەرانیش هەیە لە هەرێمی کوردستان کە پەکەکە لە ناوچەی جیاواز هەوڵی ڕاکێشانی مێردمنداڵان دەکات بۆ ڕیزەکانی.
لە دەیەی ڕابردوودا، پەکەکە دەستی هەبووە لە بێسەروشوێنبوون و کوژرانی خەڵكێکی زۆر، حوسێن کەلاری بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “پەکەکە و گرووپەکانی سەر بەپەکەکە هەوڵ دەدەن منداڵانی ١٠ بۆ ١٢ ساڵ ببەنە ڕیزەکانیان .
بەپێی گوتەی کەسوکاری بەشێکی ئەو منداڵانە، منداڵەکان دەبرێنە کەمپەکانی پەکەکە لە قەندیل، ماوەیەک لەمەوبەر کچە کوردێکی ١٧ ساڵان ڕفێنرا، دواتر دەرکەوت گرووپەکانی سەر بە پەکەکە کارەکەیان کردووە .
لە شوباتی ڕابردوودا هەندێک زانیاری بڵاو کرانەوە، کە پەکەکە کچ و کوڕی ١٢ و ١٣ ساڵی دەرفێنێت و دەیان بات بۆ کەمپەکانی بە زۆری، ئەوکارەش لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و بەڵێنی درۆیین دەکات، ماوەیەکی زۆریش بڵاوبوونەوەی وێنەی دوران کاڵکان کە دەستی لەسەر شانی دوو کچە گەریلایە دەنگدانەوە و هەرایەکی زۆری دروست کرد، ئەوە لەکاتێکدایە ئەمریکا خەڵاتی سێ ملیۆن دۆلاری داناوە بۆ هەر کەسێك زانیاری بدات لەسەر شوێنی کاڵکان .

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی

ھەواڵی زیاتر