راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ئەمرۆ 18 ی 6ی 2022 ،  بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی عێراق بەردی بناغەی 1000 هەزار قوتابخانەی نوێی لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی عێراقی – چینی دانا ، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لەو پارێزگایانە دەکەین کە لە چوارچێوەی هەرێم رێکنەخراون   و ڕامان وایە شیاوی ژینگەیەکی پەروەردەیی باشن . بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بێبەشکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە کە 150 قوتابخانەیە  و بە نوسراومان ژمارە 374 لە 23 ی 11 ی 2020 ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدرالمان کردووە، پارێزگارە بەڕێزەکانی کوردستان لەسەردانی شاندی عێراقی بۆ چین ئامادەبوون و ئەو رێکەوتننامەیە بۆ هەموو عێراق و عێراقییەکانە ، لەدوای هاتنی تیرۆریستانی داعش لە 2014 وە ، زۆرێک لە دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکان ڕوویان کردە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ، ئێستا زیاتر لە 180000 سەد و هەشتا هەزار قوتابی ئاوارەی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن و بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانمان بۆ تەرخانکردوون، بەجۆرێک قوتابخانەی یەک دەوامیمان بووەتە دوو دەوامی و دوو دەوامی بۆتە سێ دەوامی بەهۆی ئەو تەرخانکردنەوە کە ئێمە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و مرۆڤایەتی لێی دەڕوانین ، تەنانەت داوای 10 دە ملیار دیناری عێراقیمان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە و حکومەتی عێراقی فیدرال رەتی کردووەتەوە .

دووبارە پیرۆزبایی لە گەلانی عێراق  دەکەین و وێرای بێبەشکردنمان ، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین لە سەر پێکەوەژیان و خزمەتکردنی قوتابیانی ئاوارەی ناوخۆ  ، لەهەمانکاتیشدا نیگەرانی و نارازیبوونمان  دەردەبڕین لەبەرامبەر بێبەشکردنی خەڵکی کوردستان و داواش لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین، پەروەردە وەک مافێکی بنەڕەتی هەموو عێراقییەکان ببینێت بێ جیاوازی و پشکی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێبدرێت، بە پێچەوانەوە، بێبەشکردنی هاووڵاتییانی هەرێمەکەمان بەهەموو پیکهاتەکانییەوە، مانای وایە حکومەتی عێراقی فیدرال، سیاسەتی گەشەپێدانی هاوسەنگ، ناگرێتەبەر بۆ هەموو عێراقییەکان.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان