پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ی پارتی دەست بەکارەکانی دەکات 

بڕیارە لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ی پارتی دەست بەکارەکانی بکات و جێگری سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێ، لە رۆژانی داھاتوو لیژنە بڕیار لەسەر کارەکانی دەدات بۆ ئامادەکاریەکانی کۆنگرە و ئەوەی پێویستە بۆ سەرخستنی کۆنگرەی ١٤ی پارتی ئەنجام دەدرێت.

نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئیدریس ھادی بۆ ئامادەکاری بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 14ی پارتی پێکھاتووە و سەرۆک و جێگر و یاریدەدەر و ئەندامانی لیژنە دیاریکراون، لە رۆژانی داھاتوو لیژنەکە دەست بەکارەکانی دەکات بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێت بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان”.

جێگری سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنگرەی 14ی پارتی  ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: “لە رۆژانی داھاتوو لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی پارتی کۆدەبێتەوە و تێدا بڕیار لەسەر ئامادەکاریەکان دەدات، چی پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرە بڕیاری لێوە دەدرێت، ئێمە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی کارەکانمان بەڕێوەدەبەین”.

نەجات حەسەن روونیکردەوە: “ئەوەی پێویستە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەندامانی کۆنگرە ئەنجامی دەدەین، رۆژانی داھاتوو لیژنەکە پلانی کارەکانی دیاری دەکات، کۆبوونەوەی خۆمان دەبێت و ئەرکەکان دابەش دەکرێن”.