پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كه‌مال محه‌مه‌د: له‌ هه‌فته‌یه‌كدا 3 ملیۆن لیتر به‌نزین ده‌خه‌ینه‌ بازاڕه‌وه‌

كه‌مال محه‌مه‌د، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ وه‌كاله‌ت، بە “كوردستان٢٤”ی ڕاگەیاند: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 3 سه‌رچاوه‌ی بۆ دابینكردنی به‌نزین هه‌یه‌، یه‌كێك له‌و سه‌رچاوه‌یه‌، یه‌ك ملیۆن لیتر به‌نزینه‌ له‌ پاڵاوگه‌ی كاره‌وه‌ دێته‌ بازاڕ.

گوتیشی: یه‌ك ملیۆن و 50 هه‌زار لیتری دیكه‌ به‌ پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌، كه‌ له‌ نێوان وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق واژۆ كرابوو، دابین ده‌كرێت. سه‌رچاوه‌ی سێییه‌م بۆ دابینكردنی به‌نزین، هاورده‌كردنه‌ له‌ رێگه‌ی توركیا و ده‌روازه‌كانی دیكه‌وه‌.

كه‌مال محه‌مه‌د، روونیكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو، له‌ 1ی مانگی ئایاری رابردووه‌ رایگراوه‌، كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 47 رۆژه‌ ئه‌و به‌نزینه‌ نایه‌ت، هه‌ر چه‌ند دوای راگرتنه‌كه‌ بڕێك به‌نزینیان ناردووه‌، به‌ڵام دواتر نه‌یاننارده‌وه‌، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی له ناوچه‌كانی دیكه‌ عێراق به‌نزین به‌شیان ناكات.

روونیشكرده‌وه‌، هۆكارێكی دیكه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌ جیهانییه‌كه‌یه‌، ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌نزین له‌ رێگه‌ی ده‌رواز سنوورییه‌كانه‌وه‌ هاورده‌كرێت.

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ وه‌كاله‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌ 29ی مانگی رابردوو وه‌كو وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت ده‌ستبه‌كار بووم، له‌ 1ی ئه‌م مانگه‌ داوام له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كردووه‌، ئه‌و رسووماته‌ی له‌سه‌ر هاورده‌كردنی به‌نزینه‌، كه‌ 45 دۆلار بۆ هه‌ر تۆنێكه‌، هه‌ڵبگیرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌ سوپاسه‌وه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ درا به‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان، تا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ین، بۆیه‌ بڕیار درا ئه‌و رسووماتانه‌ هه‌ڵبگیرێن.
كه‌مال محه‌مه‌د باسی له‌وه‌ كرد، دوای بڕیاره‌كه‌، دوو ملیۆن لیتر به‌نزینمان دابینكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ولێر و دهۆك دابه‌ش بكرێت، له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی دیكه‌ رێككه‌وتووین 2 تا 3 ملیۆن لیتر به‌نزین بۆ سلێمانی دابینبكرێت.
وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ وه‌كاله‌ت گوتیشی: “پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ هه‌فته‌یه‌كدا 3 ملیۆن لیتر به‌نزین بخه‌ینه‌ نێو بازاڕه‌وه‌. روونیشیكرده‌وه،‌ وێڕای دابه‌شكردنی به‌نزین به‌نرخی 800دیناری بەنزینی 690 دیناریش هه‌ر ده‌مێنێت، ئه‌و به‌نزینه‌شی به‌ 800 دینار ده‌فرۆشرێت، به‌ 1200 دینار له‌سه‌ر حكومه‌ت ده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌ پاڵپشتی حكومه‌ت به‌ 800 دینار ده‌فرۆشرێت.