هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵيۆزى تازه‌ى ئه‌مه‌ريكا كرد 

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشەم نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی لە خاتوو ئالینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی تازەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

له‌ ديدارێكدا نێچيرڤان بارزانى پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ خاتوو ڕۆمانۆوسكى كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخى سياسيى عيراق و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات و تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌، خسته‌ ڕوو.

هه‌ردوولا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكايان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد و جه‌ختيان له‌ خواستى دوولايه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش دووپات كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى ئه‌مه‌ريكيدا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێويسته‌ هێز و لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هاريكار بن بۆ دۆزينه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌ى ده‌ر‌چوون له‌ چه‌قبه‌ستوويى و بنبه‌ستى سياسى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌كان و دابينكردنى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منى له‌ وڵات.

گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و كاريگه‌رييه‌كانى له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمى كوردستان و چۆنيه‌تيى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش، دۆخى ناوچه‌كه‌ به ‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ ڕۆبێرت پاڵادينۆ كونسولى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.