پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حکوومەتی هەرێمی کوردسیان، هاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە كە لەڕێگەی پاڵپشتی نرخی بەنزین و بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەموو رێكارێك دەگرێتە بەر بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و خستنەڕووی بەنزینێكی زیاتر لە بازاڕەكاندا.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڵاویکردەوە: “لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی نرخی بەنزین، كە گرانبوونی نرخەكەی لەئاكامی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی و پابەندنەبوونی حكوومەتی عێراق، بەناردنی ئەو بڕە بەنزینەی كە بۆ هەرێمی كوردستانی بەنرخێكی دیاریكراو دەینارد دروستبووە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە كە لەڕێگەی پاڵپشتی نرخی بەنزین و بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەموو رێكارێك دەگرێتە بەر بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆو خستنەڕووی بەنزینێكی زیاتر لەبازاڕەكاندا”.

ئاماژەی بەوەشکراوە: “بۆ ئەم مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی دارایی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەكات، بەشێكی زۆری رسومات و باجەكان لەسەر هاوردەكردنی بەنزین هەڵدەگرێت و كار ئاسانی پێشكەش بە هەموو كۆمپانیاكان دەكات، بۆ  هێنانی بەنزین بە مەرجێك كاریگەریی  لەسەر كوالێتی  بەنزین و تەندروستی هاووڵاتیان نەبێت و لەگەڵ رێنماییەكانی پاراستنی ژینگەدا بگونجێت. هاووڵاتیانیش دڵنیا دەكەینەوە لە ماوەیەكی كورتدا كۆنتڕۆڵی نرخەكان دەكەین”.