عێراق بێ باکە لە بەرامبەر دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم

حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە گەڕاندنەوەی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان و سەرجەمیشیان بۆ سنووری پارێزگای مووسڵ دەگەڕێنێتەوە. پەرلەمانتارێکی کوردیش لەو پارێزگایە، دەڵێ، حکوومەتی عێراق لە جیاتی ئەوەی بێت خەڵک قەرەبوو بکاتەوە، دێت هەستیان بریندار دەکات بە گەڕاندنەوەی چەکدار و خێزانەکانی داعش، لەگەڵ ئەوەی بە دەیان شانەی نووستووی داعش لە مووسڵ و دەوروبەری هەن، ئەوەش مەترسین بۆ سەر ئایندەی شارەکە.

دەشڵێ، پەکەکە و بە دەیان گروپی چەکدار لە شنگال هەن، ئەوەش وای کردووە رۆژبەرۆژ بارودۆخی ئەو شارە تێک بچێت، پێویستە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا مەترسی لەسەر شارەکە هەیە.
شەریف سلێمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” مەلەفی ئاوارەکان مەلەفێکی گرنگە، پێویستە کاری گرنگی بۆ بکرێت، عێراقیش خۆی لە ئاوارەکان ناکاتە خاوەن، وەکو لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق بەردەوام بەدواداچوون دەکەین، دەبینین وەکو پێویست ھاوکاری ئاوارەکان ناکرێت، گەندەڵی لەو مەلەفەدا هەیە، بەتایبەتی لە کاتی دابینکردنی پارە کەس نازانێت ئەو پارەیە چۆن و بە چ شێوەیەک بۆ ئاوارەکان خەرج دەکرێت، ئێمە نوێنەری خەڵکین، بەتایبەتی خەڵکی سنووری پارێزگای مووسڵ، هەر لەبەر ئەوەش بەردەوام لەناو خەڵکداین، بەرگریان لێ دەکەین داواکارییەکانیان وەردەگرین و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکەین بۆ جێبەجێکردنیان.
ئەو پەرلەمانتارە، روونیشیکردەوە:” بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان خراپە، بەتایبەتی شنگال، دۆخی ئەمنی ئەو شارە خراپە و ئیدارەی شەرعی لێ نیە و ئەو خەڵکەی ئاوارەش بوونە بەھۆی خراپی دۆخی ئەمنی ناگەرێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لەو رێککەوتنەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، ئەوەش وای کردووە خەڵکی شنگال هەموو لە سنووری دھۆک بژین، هەروەھا مەلەفی سیاسی لە شنگال چارەسەر نەکراوە، پەکەکە و بەدەیان گروپی چەکدار لەناوچەکە هەن، ئەوەش وای کردووە رۆژبەرۆژ بارودۆخی ئەو شارە تێک بچێت، بۆ ئەوەی دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئاوەدان بکرێتەوە، پێویستە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا دۆخەکە هەر بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت”.

ھەواڵی زیاتر