ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازی حکوومەتی هەرێم؛ هەزاران مووچەی نایاسایی کە پلەی باڵاشی تێدایە دەستنیشان کراون

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە هەنگاوێکی کرداریی لەو چاکسازییەی ڕایگەیاندووە و تا ئێستا ٢ ڕاپۆرتی چاکسازیی ئاراستەی پەرلەمان کردووە و بەم نزیکانەش ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازیی دەنێرێتە پەرلەمان، بە پێی لێدوانی پەرلەمانتاران، لەم ڕاپۆرتەی ئەمجارەدا هەنگاویی کرداریی تێدایە بۆ چاکسازیی و چاوەڕوان دەکرێت بە پەسەندکردنی ڕاپۆرتەکە کاریگەریی باش بکاتە سەر زیادبوونی داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بە پێی زانیارییەکانی هێڤیدرا ئەحمەد، پەرلەمانتاری کوردستان، لە ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازیدا، هاتووە ٤٩٨ کەس بە شەهید هەژمار کراون، کە شەهید نەبوونە. لەو ژمارەیەش ٢٧٤ کەسیان لە سنووری هەولێرە و ٦١٨ کەسیان لە سنووری سلێمانی و ١١٩ کەسیان لە سنووری پاریزگای دهۆک بووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ ٢٧هەزار و٨٣٤ کەس ناویان لە لیستی کەمئەندامان بووە و مووچەیان بۆ بەستراوە لە کاتێکدا ئەو کەسانە کەمئەندام نەبوونە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ٤١٨٩ کەس ٢ مووچەیان وەرگرتووە و لەوانە هەبووە ٢ مووچەی خانەنشینی و تیایاندابووە فەرمانبەرە و لە هەمان کاتدا خانەنشینی وەرگرتووە و هەشە ٢ مووچەی فەرمانبەری وەرگرتووە.
١٥٤ کەسیش بەناوی بریکاری وەزیر و پارێزگار و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییە، مووچە وەردەگرن و جێگەیان نییە کاری تێیدا بکەن. ئاماژەی بەوەش کردووە،
نزیکەی ٢٠ملیار دینار بۆ کرێ خوێندنی منداڵانی شەهید خەرج کراوە.
پێشتریش، سەعید ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ڕاپۆرتی سێەمی چاکسازیی حکوومەت، بە هەولێری ڕاگەیاندبوو؛ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو سێکتەرەکان دەستی کردووە بە چاکسازی بەتایبەت لە خەرجی و داھاتەکان، بەمەش داھاتێکی باش گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت، جێ بەجێ کردنی یاسای چاکسازی بۆ رۆژێک و دوو رۆژ نییە، بە شێوەیەکی گشتی کاتی پێویستە، بۆیە مەرج نییە ھەموو یاساکە لەو کابینەیەدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام قۆناغی گرنگی تێپەڕاندووە، ئەوەی جێگەی خۆشحالیشە حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت زۆر رژدە لەسەر جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی، لەبەر ئەوەش ھەنگاوی گرنگ نراوە، راپۆرتی یەکەم و دووەم بەڵگەن، لە داھاتوودا ھەنگاوی زۆر گرنگتر دەنرێت.
ئەوەشی ڕاگەیاندبوو؛ بڕیارە لەو چەند رۆژەشدا حکوومەت راپۆرتی سێیەم لەبارەی یاسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان بکات، بۆیە ھەر کاتێک راپۆرتەکە گەیشتە پەرلەمان، بە زووترین کات کار لەسەر بڕگەکانی ئەو راپۆرتە دەکەین، کە ئەو راپۆرتە جیاواز دەبێت لەگەڵ ھەر دوو راپۆرتەکەی پێش خۆی کە گەیشتوونەتە دەستی پەرلەمانتاران، چونکە ھەنگاوی پڕاکتیکی دەست نیشان کراون کە چ ھەنگاوێک نراوە و تا چەند یاسای چاکسازی کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ھەواڵی زیاتر