پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

یەکەم حاڵەتی پەتای کۆلێرا لە کەرکووک تۆمارکرا 

یەكەم حاڵەتی كۆلێرا لە شاری كەركووك تۆماركرا و تەندروستی شارەکە رایدەگەیەنێت، باری تەندروستی نەخۆشەکە جێگیرە.

دكتۆر نەبیل بوشناق، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كەركووك رایگەیاند: “حاڵەتێكی نەخۆشی كۆلێرا لە كەركووك تۆماركراوە”.

گوتیشی: “نەخۆشەكە باری تەندروستی جێگیرەو لەژێر چاودێری پزیشكیدایە”.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای سلێمانی ئەمرۆ چوارشەممە 15/6/2022، لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “رێژەی تووشبوون بە پەتای سکچوون لە پارێزگای سلێمانی زۆر زیادیکردووە و دوێنێ هیچ شوێنێک لە نەخۆشخانەی شار نەماوە و  بەناچاری نەخۆشخانەیەکی دیکەیان بۆ نەخۆشانی ئەو پەتایە تەرخانکردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “هەرچەندە تا ئێستا بە پشکنین دەرنەچووە ئەم پەتایە کۆلێرا بێت، بەڵام بەپێی نیشانەکان گوماندەکەین پەتای کۆلێرا بێت”.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی گوتیشی: “ئامادەکاریان کردووە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا و داواش لە هاووڵاتییان دەکەن پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن چونکە پەتای سکچوونیش لە قۆناغێکدا کوشندەیە”.