پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دوو پڕۆژەی ئاو لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێدەكرێن 

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو پڕۆژەی ئاو لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێدەكرێن كە گرفتی ئاو لە بەشێكی زۆری ئەو دوو شارەدا چارەسەر دەكەن و لە كۆتایی ئەم مانگەشدا پڕۆژەكان بە فەرمی دەكرێنەوە.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بەو دوو پڕۆژەیە، رایگه‌یاند: پڕۆژەكەی سلێمانی به‌ ناوی ( IQ-28 pak-4 lot1)، بریتییە لە ڕاكێشانی بۆڕیی 600ملم لەنێوان تاسڵوجە تاوەكو خەزانی سەرەكیی ئاو لە سەنتەری شاری سلێمانی لە نزیك سەرچنار، پڕۆژه‌كه‌ی هەڵەبجەش (IQ-28 pak-4 lot2)، بریتییە لە گۆڕینی تۆڕی ئاوی دوو گەڕەك و چارەسەركردنی ئاوەڕۆی چەند شوێنێكی سەنتەری شاری هەڵەبجە.

سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكانیش ناوبراو گوتی: “گوژمەی پڕۆژەكان نزیكەی 6 ملیۆن و 700 هەزار دۆلارە و بەشێوەی قەرزی ژاپۆنی بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاژانسی جایكا كە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هەیە، جێبەجێدەكرێن.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا بەشێكی پڕۆژەكان كەوتوونەتە بواری كاركردنەوە، پڕۆژەكەی سلێمانیش لە قۆناغی تێست دایە و لە كۆتایی ئەم مانگەدا هەردوو پڕۆژه‌ دەكرێنەوە.