تەندروستی هەولێر لەبارەی شەڕ لەنێو نەخۆشخانەیەک روونکردنەوە دەدات 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک، کە تێیدا شەڕ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات روویداوە رایدەگەیەنێت، شەڕەکە چەند مانگێک پێش ئێستا لەنێوان دوو بنەماڵە روویداوە و پەیوەندی بە کارمەندانی نەخۆشخانەوە نەبووە.

لە روونکردنەوەکەی تەندروستی هەولێر هاتووە: “دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەك لە سۆشیال میدیا گوایە کارمەندانی پرسگەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات لەگەڵ خانەوادەیەك شەڕ کراوە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە ئەم شەڕە زیاتر لە چەند مانگێك بەر لەئێستا (لەمانگی نەورۆز) لەنێوان دوو بنەماڵە روویداوە و پێشتریش شەڕ لەنێوانیان هەبووە و برینداری هەردوولا لە نەخۆشخانە بوون بۆ چارەسەرکردن و لەوێ جارێکی تر بە شەڕهاتوون”.

 ئاماژە بەوەشکراوە: “بەهیچ شێوازێك کارمەندی نەخۆشخانە و پاسەوانەکان بەشدار نەبوون، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بەدواداچوونی زیاتر دەکات بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی”.

ھەواڵی زیاتر