پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

له‌ ئه‌ڵمانیا قوربانی و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌رز ڕاگیرا 

ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ شاری بوخوومی ئه‌ڵمانیا چالاكییه‌ك له‌سه‌ر قاره‌مانێتی و داستانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش ئه‌نجامدرا و تێیدا ڕۆلی بێ وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ خاكی كوردستان به‌رز ڕاگیرا.

چالاكییه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای سه‌نگه‌ر و پێشمه‌رگه‌ و به‌هاوكار ناوه‌ندی ڕه‌وه‌ندی كوردی و ناوچه‌ی دۆسلدۆرف له‌ شاری بوخوومی ئه‌ڵمانیا و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ و ڕێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كانی كوردستان و كه‌سایه‌تی و سیاسه‌تمه‌دارانی كورد و ئه‌ڵمان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ڕه‌وه‌ندی كوردی به‌ڕێوه‌چوو.

هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌نگه‌ر و پێشمه‌رگه‌ و نوێنه‌ری لقی 6ی ئه‌وروپا و نوێنه‌ری ناوه‌ندی ڕه‌وه‌ندی كوردی و كۆمه‌ڵه‌ كوردستانییه‌كان له‌ چالاكییه‌كه‌دا وتاریان پێشكه‌ش كرد و تێیدا ڕۆلی بێ وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانیان بۆ به‌رگریكردن له‌ خاكی كوردستان به‌رز نرخاند.

دواتریش چه‌ندان وێنه‌ی داستانه‌كان و قوربانی و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه به‌تایبه‌تیش له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستانی داعش‌ نمایشكران.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌نگه‌ر و پێشمه‌رگه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ سازدانی چالاكییه‌ جۆراوجۆره‌كان به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و قوربانیدانه‌كانی و هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن تا قاره‌مانێتی و قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پێشانی جیهانی ده‌ره‌وه‌ بده‌ن.