پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی (65)ساڵه‌ى دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان-سوریا پیرۆز ده‌كات

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌بۆنه‌ى (65)ساڵه‌ى دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان-سوریا په‌یامێكی پیرۆزبای ئاراسته‌ی ئه‌و پارته‌ كرد .

ده‌قی په‌یام:

برووسكه‌ى پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان، به‌بۆنه‌ى (65)ساڵه‌ى دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان-سوریا 

به‌ڕێز/ سعود مه‌لا  سكرتێری گشتی پارتی دیموكراتی كوردستان-سوریا 
بەڕێزان/ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا

  به‌بۆنه‌ى (65)مین ساڵیادى دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان –سوریا  جوانترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ى ئێوهی بەڕێز ‌و كادیر و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى حزبه‌ تێكۆشه‌ر و دێرینه‌كه‌تان  ده‌كه‌ین و، ئومێده‌وارین هه‌میشه‌ له‌ پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتندا بن له‌پێناو به‌دیهێنانى گشت مافه‌ نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراسییه‌كانی گه‌لی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان.

پارتی دیموكراتی كوردستان–سوریا  وه‌كوو یه‌كه‌م حزبی سیاسی كوردی له‌ كوردستانی سوریا ( 65) ساڵ پێش ئێستا دامه‌زرا، یه‌كێك بوو له‌ وێستگه‌ گرنگه‌كانی خه‌باتی سیاسی رێكخراو له‌ سوریا به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ و رێكخستنی هه‌وڵ و تواناكان و ئاراسته‌كردنی جەماوەر لە پێناو به‌دیهێنانی ماف و داخوازییه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ سوریا.

پارتی دیموكراتی كوردستان–سوریا  وه‌كوو حزبێكی میانڕه‌و و بوێر و متمانه‌پێكراو له‌ لایه‌ن گه‌لی كوردستانی رۆژئاوای كوردستان له‌ رابردوو  و ئێستاشدا له‌ مه‌یدانی خه‌بات و  قوربانیداندا  هه‌میشه‌ له‌ رێزی پێشه‌وه‌ی كاروانی تێكۆشان  بووه‌،  وێستگه‌ جیاجیاكانی خه‌باتی گه‌لی كوردستان له‌ سوریا  ئه‌و شایه‌دیه‌ بۆ ئه‌م حزبه‌ ره‌سه‌ن و هه‌ڵقوڵاوەی ناو جه‌رگه‌ی كۆژان و ئازاره‌كانی جه‌ماوه‌ری گه‌لی كوردستان له‌ كوردستانی سوریا ده‌ده‌ن، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ كاروانی خه‌بات و تێكۆشاندا پێشڕه‌ووبووه‌ له‌ پێناو به‌دیهێنانی ماف و ئازادیه‌كانی گه‌لی كورد له‌ سوریا.

 به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ دوباره‌ جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ سه‌ر هاوپه‌یمانیی و دۆستایه‌تى به‌هێزى نێوانمان و سوور بوون له‌ سه‌ر پته‌وكردنى بنه‌ما راست و دروسته‌كانى خه‌بات و تێكۆشانى مه‌ده‌نیانه‌ و دیموكراسیانه‌ و به‌دیهاتنى ته‌واوی ئامانجه‌كان له‌ ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی.

دووباره‌ (65) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی (PDK-S) پیرۆز ده‌كه‌ین و دڵنیاین کۆسپ و تەگەرە دروستکراوەکانی بەردەم خەباتی رەواتان کاتین و مەیدانی راستەقینەی تێکۆشان دواجار ھەر بۆ حزبە رەسەن و جەماوەرویستەکانە و، كاروانی خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌ و دیموكراسیتان به‌رده‌وام و بەرھەمدار دەبێ.

هه‌ر سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفراز بن…

 مه‌كته‌بی سیاسی 
پارتى دیموكراتى كوردستان
14ـی6ـی2022