بە مەبەستی رێگریکردن لە هاوسەرگیری خوار تەمەن 18 ساڵ کۆنفرانسێک لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و پڕۆژەیاسایەکیش دەخرێتەڕوو، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری لەسەر بکەن، بە ئامانجی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی.
ئەمڕۆ سێشەممە 14/6/2022، بە بەشداری شارەزایانی یاسا و مامۆستایانی، لە هەولێر کۆنفرانسێکی راوێژکاری لەبارەی رێگریکردن لە هاوسەریگری خوار تەمەن 18 ساڵ بەڕێوەدەچێت.
ئاودەل ئەنوەر، سەرپەشتیاری پڕۆژەکە رایگەیاند: “وەک رێکخراوی لێکۆڵینەوە و سەروەری یاسا پڕۆژەیەکمان هەیە بە هاوبەشی لەگەڵ سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی کارپێکراو لە هەرێمی کوردستان لەو بڕگانەی کە رێگەی داوە هاوسەرگیری خوار تەمەن 18 ساڵ ئەنجام بدرێت، بە رەزامەندی بەخێوکەر و دادوەرەکان”.
گوتیشی: “پڕۆژەیاسایەکمان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی ئەو بڕگەیە لە یاسای باری کەسی هەموار بکرێتەوە، هاوسەرگیری لە سەرووی 18 ساڵییەوە بێت، لەو یاسایەدا دیارکراوە لە سەرووی 15 ساڵ بێت، بەو پێیەی ئێمە لە دادگاکان ئیش دەکەین جیابوونەوەی هاوسەران زۆربەیان لە تەمەنی خوار 18 ساڵییەوە هاوسەرگیریان کردووە”.
ئاماژەی بەوەشدا: “بۆ ئەو مەبەستە نووسراوێکمان ئاراستەی وەزارەتی داد و ئەنجومەنی دادوەری کردووە، ئەوانیش نووسراوێکیان ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کردووە، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە مامۆستایانی ئایینی، پێش ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکان، مامۆستایانی ئایینی نەیکەن، چونکە کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ ئەو مەرجانەی تێدا نییە هاوسەرگیری بکات، مامۆستایانی ئایینی پێش دادگاکان گرێبەستەکە ئەنجامدەدەن”.
باسی لەوەشکرد: “دوای نووسراوەکەی وەزارەتی داد، وەزارەتی ئەوقاف گشتاندنی کردووە و بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی ئەوقافی ناردووە، بۆ ئەوەی هەموو مامۆستایانی ئایینی ئاگادار بکەنەوە، هیچ گرێبەستێکی هاوسەرگیری خوار تەمەن 18 ساڵ پێش دادگاکان ئەنجام نەدەن