سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە: هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە

وەزیری پێشمەرگە، دەڵێ: “لەسەر ئەرکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەنگەرەکانی پێشمەرگە سەرلەنوێ ڕێک خراونەتەوە و تۆکمە کراون. سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان، دیار کرد، ئەو ھەنگاوانەی سەرۆکی ھەرێم دەنێت بۆ یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە، ھەنگاوی گرنگن و جێگەی دڵخۆشیی ھێزی پێشمەرگەیە و دەنگدانەوەیەکی باشی ھەبووە لەناو پێشمەرگەدا.

ھەوڵ و چاکسازییەکان بۆ یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن. ھەردوو ھێزی پشتیوانی یەک و دوو، ٢٢ لیوای یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام ئاستەنگ بۆ خێراکردنی یەکخستنی تەواوی ئەو ھێزانە ماون.
لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە تاوەکو ساڵی ٢٠١٣ نزیکەی ٤٢ ھەزار پێشمەرگەی یەکەکانی ٧٠ و٨٠ یەکخران و ١٤ لیوای ھاوبەش دروستکران، بەڵام دواتر گرژیی نێوان لایەنەکان، شەڕی داعش، ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری٢٠١٧ پرۆسەکەی دوا خست.
لە ساڵی ٢٠١٨ جارێکی دیکە بە ھاوئاھەنگی ھاوپەیمانان، پڕۆژەیەکی ٣٥ خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە ڕاگەیێندرا، لەوکاتەوە کە مەترسییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان زیاتر بوون ھێشتا ھێزەکان بە تەواوەتی یەک نەخراونەتەوە.
وەزارەتی پێـشمەرگە، خاوەنی ٢٢ لیوایە کە ژمارەیان بەفەرمی ١٢٥ ھەزار پێشمەرگە دەبێت، دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای ھاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی ٦ـی ئەفسەران و خولی ١٦ـی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی ٣ـی قەڵاچوالان باسی پێویستی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کرد.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت، دەبێت پارتی و یەکێتی بە باوەڕ و بێ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن، کە دەستی حزب لەسەر پێشمەرگە ھەڵبگرن، دەبێت کۆتایی بە دەستتێوەردانی حزبی لەناو کاروباری پێشمەرگەدا بھێنن، بەو شێوەیە چاکسازی و یەکخستنی ڕاستەقینەی پێشمەرگە دەستپێدەکات و سەر دەکەوێت، ئەگەرنا لەگەڵ ھەموو ناکۆکییە سیاسییەکاندا ئەوەی جێبەجێش کراوە ھەڵدەوەشێتەوە”.
لەبارەی ھەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە، ڕێڤینگ ھرۆری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ھەولێر دەڵێت: “بە بەردەوامی کۆبوونەوەمان ھەبووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی و لیواکان و وەزیری پێشمەرگە، ئۆمێد دەکەین ھەرچی زووە ھێزی پێشمەرگە یەک بگرێتەوە، بۆیە ھەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەی ھێزەکان بەردەوامە.
سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێ: “پڕۆژەی چاکسازی، پڕۆژەیەکی دوورودرێژە، بۆ ڕۆژێک و چەند مانگێک نییە، ھەنگاوی باش نراوە، بەڵام لە تموحی ئێمەدا نییە کە بڵێین پڕۆژەکە بە تەواوەتی جێبەجێ بووە، پڕۆژەکە لەناو ھێزەکانی پێشمەرگە و سێکتەرەکانی دیکە ڕەنگدانەوەی ھەبووە، ھەتا ئێستا چەندین لیژنە دروست کراون، ئامار وەرگیراوە، پێشمەرگە پۆڵین دەکرێت. پێشمەرگەکان لە یەکدی جیا دەکرێنەوە، بەردەوام بە دواداچوون ھەیە، پڕۆژەکە بەدەوامە ھەتا ئێستا چەندین لیوای ھاوبەش دروست کراون، یەکەی پشتیوانیی یەک و دوو چوونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش ھەر تایبەتە بە پڕۆژەی چاکسازی.
ھرۆری، ئاشکراشی کرد: “زۆر گرنگە ھێزی پێشمەرگە ببێتە یەک ھێز، ئەو ھەنگاوانەی سەرۆکی ھەرێم دەنێت، ھەنگاوی گرنگن و جێگەی دڵخۆشیی ھێزی پێشمەرگەیە و دەنگدانەوەیەکی باشی ھەبووە لەناو ئەو ھێزانەدا، لەگەڵ ئەوەی پارتی و یەکێتی پشتیوانیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی پێشمەرگە ببێتە یەک ھێز و لە ژێر دەستەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگەدا کار بکات. ھێزەکانی ھاوپەیمانانیش ڕژدن لەسەر ئەو بابەتە و ھاوکارن لەگەڵ وەزارەت، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ھێزی پێشمەرگە یەک بگرێتەوە.
سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە: “پشتگیریی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە گرنگە و بەردەوامە، ھەتا ئێستا ھەڵوێستی ئەوان ڕوونە و بەردەوامی دەدەنە ھاوکارییەکانی خۆیان بۆ ھێزی پێشمەرگە، ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە و پێویستە سوودی لێ وەربگرین”.
رێڤینگ ھرۆری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: “بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر خراپە، بەردەوام داعش و گرووپە چەکدارەکان ھەڕەشە دەکەن، کێشە بۆ خەڵک دروست دەکەن، بەتایبەتی خەڵکی کورد، لێ ناگەڕێن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لە ناوچە سنوورییەکانیش پەکەکە بۆتە سەر ئێشە و ھۆکاری ھاتنی ھێزەکانی تورکیایە بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر