عێراق یارمەتی حکوومەتی هەرێم نادات بۆ دروستکردنی بەنداو

بەھۆی کەمیی باران بارینەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان دابەزیوە، بەڕێوەبەری پێشووی بەنداو و کۆگاکانی ئاویش رایدەگەێنێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی داناوە و چەندین بەنداوی دیکەش جێبەجێ دەکات. دەشڵێ، لە عێراق جگە لە فورات، ئەگەرنا ھەموو سەرچاوەکانی دیکەی ئاو کە بەو وڵاتەدا تێپەڕ دەبن، سەرچاوەکەیان ھەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەش پێویستە حکوومەتی ناوەند ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات و کار بۆ دروستکردنی بەنداو بکات، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم عێراق لەو بارەیەوە ھیچ ھەنگاوێک بنێت.

ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری پێشووی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، بۆ “ھەولێر” ڕایگەیاند:” ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوەکان کەم بۆتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئاستی ئاو لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست زۆر خراپە، لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش بە ھەمان شێوە، ئەوەش بۆ کەمی باران بارین دەگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەری پێشووی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، روونیشیکردەوە” بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکە ساڵی دەبێت پلانت ھەبێت، لەوانە پلانی A پلانی ستراتیجییە، بەنداو ھەبێت بۆ کۆکردنەوەی ئاو، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست بەکاری بھێنی، لەگەڵ ئەوەی دەبێت خەڵک دەست بە ئاوەوە بگرێت و بەردەوام ئاو خاوێن بکرێتەوە، بۆ ئەوەی دووبارە بەکاربھێنیەوە، ئەوە بابەتێکی زۆر ھەستیارە و دەبێت زۆر بە وردی کاری لەسەر بکرێت، ئەگەرنا لە ھەموو جیھان کە رێژەی دانیشتووانان زیاد دەبێت، خواست لەسەر ئاو زیاد دەبێت، گۆڕانکاری کەشوھەوا وای کردووە کە بە شێوەیەکی رێک و پێک باران لە ھەموو شوێنەکان نەبارێت.
ئەکرەم ئەحمەد، ئاشکراشی کرد:” لە ھەرێمی کوردستان ١٩ بەنداو ھەن، ٣ بەنداو گەورەن، ئەوانی دیکە بچووکن، لەگەڵ چەندین شوێن ھەن بۆ کۆکردنەوەی ئاو، ھەر بەنداوێکیان شوێنێک دروست بکرێت بۆ کۆکردنەوەی ئاو کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی مەترسییەکانی وشکە ساڵی دەبێت، لەکاتی خۆی پلانی باشمان دانابوو، ئەگەر جێبەجێ بکرێت کوردستان لە قەیرانی بێ ئاوی رزگار دەبێت.
بەڕێوەبەری پێشووی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، گوتیشی:” ئاو سەرچاوەی ژیانە، بەبێ ئاو ژیان نابێت، ئەگەر کێشەی ئاو ھەبێت کێشەی گەورەتری بەدواوە دێت، دەبێت حکوومەت پلانی باشی ھەبێت، بۆ ئەم مەبەستە حکوومەت پلانی باشی داناوە و ئێستا چەند بەنداوێک لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، چەند بەنداوێکیش کاریان تێدا وەستاوە، کە ١٣ بەنداو دەبن، ئەگەر کار لەو بەنداوانە بکرێت و تەواو بکرێن سوودێکی زۆریان بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت، لەگەڵ ئەوەی چەندین بەنداوی دیکەش لە پلاندان، کە لە کاتی خۆی دیزاینی دەیان بەنداو کراوە ئەگەر ئەو پلانە ستراتیژییە کە دانرابوو جێبەجێ بکرێت، ئاسایشی ئاو لە ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری پێشووی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، جەختی لەوەشکردەوە:” عێراق وەزعی زۆر لە ئێمە خراپترە، لەزۆربەی ناوچەکانی ھەرێم بەدەیان سەرچاوەی ئاو ھەن، بەڵام لە عێراق ئەوە نییە، زۆربەی سەرچاوەکانی ئاو تەنھا فۆرات نەبێت ئەگەرنا ئەوانی دیکە ھەموویان دەکەونە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەش پێویستە حکوومەتی عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات و کار بۆ دروستکردنی بەنداو بکات، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم عێراق لەو بارەیەوە ھیچ ھەنگاوێک بنێت”.

ھەواڵی زیاتر