مەسرور بارزانی: کابینەی نۆیەم بایەخێکی زۆر بە بوژاندنەوە و بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ دەدات 

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد و لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لێ کرا.
دواتر سەرۆکی حکوومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاپۆرتێکی دەربارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت و بەرنامە و پلانەکانیان بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خستەڕوو. وەزیری کشتوکاڵ سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی کرد کە گرینگی و بایەخێکی زۆر بە بووژاندنەوە و بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرووبوومی ناوخۆیی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک دەدات.

پاشان سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا وێڕای ئاماژەدان بەردەوامبوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم لە گرینگیدان بە کشتوکاڵ وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز، بەتایبەتیش چونکە خوای مەزن سروشتێکی جوان و خاکێکی بە پیتی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە و پێویستە بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین و بیخەینە خزمەتی خەڵکی کوردستان و گەشەپێدانی ئابووری.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵێک بخەینەگەڕ لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک و پشتگیریکردنی بەرووبوومی ناوخۆیی و بەرهەمی جووتیارانی کوردستان، ئاماژەشی بەوەدا کە لە هەموو سەردانەکانی بۆ وڵاتانی دەرەوە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتانە، يەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی گرینگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی بازاڕ بووە بۆ بەرووبوومی ناوخۆیی.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت باسی لە گرینگیی بەفیڕۆنەدانی ئاو و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و بایەخدان بە بەنداوەکان و گلدانەوەی ئاو و دروستکردنی بەنداوی نوێ کرد، چونکە بەنداوەکان جگە لە سوودی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی کارەبا، دەکرێ وەک پڕۆژەی گەشتوگوزاریش سوودیان لێ وەربگیرێت. بۆیە ئەرکی سەرەکی حکوومەت و کۆمەڵگە و هاووڵاتییانە بەگشتی، پارێزگاری لە سامانی ئاو بکەن و بەفیڕۆی نەدەن .

سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بە گرینگیی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکان و لەبەرچاوگرتنی مەرجە ژینگەییەکان لە بیناسازی و پاراستنی دارستانەکان و بایەخدانی زیاتر بە پارک و باخچەکان کرد وەک ڕێکارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا.

لە کۆتاییدا، چەندین سەرنج و ڕاسپاردە و پێشنیار بە مەبەستی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن ئامادەبووانەوە خرانەڕوو.

ھەواڵی زیاتر