هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

زیاتر له‌ 5 ملیار دینار بۆ ئه‌نجامدانی 34 پرۆژە لە هەولێر ته‌رخان ده‌كرێت 

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخانكردنی گوژمەی پێنج ملیار و 459 ملیۆن دینار، بۆ جێبەجێكردنی 34 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر.

ئه‌مڕۆ 13/6/2022، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، راگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، “گوژمەكە لەسەر ڕێژەی ١٥٪ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە و بە گوێرەی پلانی ساڵی 2022 بە مەبەستی جێبەجێكردنی 34 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر خەرج دەكرێت.

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كراوه‌، “پرۆژەكان پێكهاتوون لە دروستكردنی شەقام، قیڕتاوكردن، كاشیكردنی كۆڵان، نۆژەنكردنەوەی شۆستە، قەشتەكردن و قیڕتاوكردنی شەقامی جووتساید، داڕشتنی كۆنكرێت بۆ شەقامەكان و ڕاخستنی چینی ستابلایزەر، كڕینی پێداویستی بۆ پارك و باخچەكانی شاری هەولێر، نۆژەنكردنەوەی یاریی منداڵان، كڕینی كورسی و سەبه‌ته‌ی زبڵ، لەگەڵ چەند بوارێكی دیكەی خزمەتگوزاری.

جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە كاریگەری زۆر باشیان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی شاری هەولێر دەبێت، هەروەها ئێستا ژمارەیەك پرۆژەی دیكەش لە سەنتەری شاری هەولێردا لە قۆناغی جێبەجێكردندان.