دوو فەرمانبەری زانكۆی سۆران، هاوكاری گەڕاندنەوەی ڕوفاتی قوربانییەكی جەنگی عێراق – ئێران دەكەن

دوو فەرمانبەری زانكۆی سۆران ڕوفاتی قوربانییەكی شەڕەکەی عێراق‌ئێران دەدۆزنەوە. قوربانییەكە هاونیشتیمانییەكی مەسیحی بووە‌ و‌ ساڵی 1979 لە ناوچەی قەرەداغی سلێمانی مامۆستا بووە. ڕوفاتی قوربانییەكە ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە.

ئیدریس و مەهدی محەمەد پیرۆت دوو بران كە لە‌ بەشی پێترۆلیۆم جیۆساینسی فاكەڵتیی زانست فەرمانبەرن. ئەوان لە دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕوفاتی قوربانییەكە هاوكار دەبن.
دۆزینەوەی ڕوفاتەكە لە دوای ئەوەوە هات كە مەهدی لەگەڵ چەند خزمێكی لە یەكێك لە كێڵگەكانی ناوچەی حاجیئۆمەرانی سەر بە قەزای چۆمان كاری هەرەوەزی دەكەن. لە كاتی كاركردنیدا ڕوفاتێك دەدۆزنەوه. ئیسك و پروسك و جلوبەرگ و ناسنامەی ڕوفاتەكە دەردەكەون. پاشان زیاتر دەگەڕێن و ناسنامەی قوربانییەكە دەدۆزنەوە.
بە پێی راگەێینراوێكی ڕاگەیاندنی زانكۆی سۆران قوربانیەكە ناوی (موسا جەرجیس ئاكۆ) بووە، هاونیشتیمانییەكی مەسیحی بووە‌. بە گوێرەی ناسنامەكەی، ساڵی 1979 لە ناوچەی قەرەداغی سلێمانی لە قوتابخانەی (سۆڵە) مامۆستا بووە. دواتر لە جەنگی عێراق – ئێران، لە ناوچەی حاجیئۆمەران بووەتە قوربانی و چووەتە ڕیزی ئەو هەزاران قوربانییەی كە بوونەتە سوتماكی جەنگ و قوربانیی دیكتاتۆر و ڕژێمە شەڕخوازەكان.
خانەوادەی قوربانییەكە سوپاسی ئەو دوو فەرمانبەرەی زانكۆی سۆرانیان كردووە كە لە‌ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕوفاتی باوكی كۆچكردوویان ڕۆڵیان هەبووە. ڕاشیانگەیاندووە زیاتر لە سی ساڵە لە چاوەڕوانیی یەكلابوونەوەی چارەنووسی نادیاری باوكیان بوون و هیواداربوون بە هەر ئەنجامێك بێت بزانن باوكیان چی بە سەردا هاتووە.

ھەواڵی زیاتر