تیمی UNITAD هەزاران بەڵگەی دیکە دژی داعش کۆدەکاتەوە و سنووری کارەکانی فراوان دەکات

سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێک بەسەر سەرکەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا بەڵگە و تاوانەکانی داعش ئاشکرا دەبن و لێکۆڵینەوەش لە بەڵگەکان هەر بەردەوامە و بەڵگەی زۆری دیکە ئاشکرا کراون .

ئەنجوومەنی ئاسایش لە راپۆرتێکدا دوای کۆبوونەوەی تایبەت بە راپۆرتی یونیتاد رایگەیاندووە:” کریستیان ریچەر ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی بەرپرس و چەکدارانی داعش و لێکۆڵینەوەکان لەو پرسەدا لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا، بەپێی ئەو پوختەیەی بڵاوکراوەتەوە لە راپۆرتی هەشتەمدا هەماهەنگی باش کراوە لە نێوان یونیتاد و حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە راپۆرتەکەدا کە دوای کۆبوونەوەکە راگەیەنرا هاتووە:” هەماهەنگی لەو پرسەدا گرنگترین کاری تیمەکەیە، کریستیان ریچەر سوپای هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد کە هاوکاربوون لە جێبەجێکردنی کارەکانی تیمەکە، ئەو دەڵێ:” من بەردەوام قسەم لەگەل هەموو بەرپرسان کردووە، هەموو سەرکردەکان پشتیوانی کاری تیمەکە دەکەن .ئەو باسی کارەکانیان لە ساڵی رابردوو و گفتوگۆی ستراتیجی دەکات لە نێوان یونیتاد و عێراقدا، لیژنەی هاوبەشی هەردوولا زانیاری و بەڵگەی زۆریان لەسەر تاوانەکانی داعش کۆکردووەتەوە .
لە دانیشتنەکەدا، سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، کۆمەڵێک بەڵگەی خستەروو لەبارەی ئەو پێشێلکاری و تاوانانەی داعش بەرامبەر کەمینەکان، کاکەیی، شەبەک، تورکمان و پێکهاتەکان کردوویەتی، یەکێک لەو نموونانەش بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بووە لەلایەن داعشەوە، بە لێکۆڵینەوە و بەڵگەوە دەرکەوتووە، داعش چەکی کیمیایی دروست کردووە و بەکاری هێناوە، ریچەر دەڵێ لە لێکۆڵینەوەکانمان لەبارەی ئەو چەکانە بەدوای سەرچاوەی دارایی و دابینکردنی کەرەستەی ئەو چەکە و چۆنیەتی دروستکردنی کردووە .
ریچەر پلانی داهاتووی تیمەکەشی ئاشکرا کرد و رایگەیاند:” بەردەوام دەبین لە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە موسڵ، لێکۆڵینەوەکانیشیان فراوان دەکەن بۆ تاوانەکانی داعش لە بواری شوێنەواردا ، ئەو بێ ئومێدی خۆیشی دەربڕی لە ئاستی ئەو وێرانکارییەی داعش لە کەرتی کولتووریدا کردوویەتی، تەنانەت لە هەندێک ناوچەدا داعش هەرچی شوێنەوارە تێکی داوە ونەیهێشتووە، داوای کرد عێراق پەلە بکات لە نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچە شوێنەوارییانە .
ریچەر دەڵێ :”نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچە شوێنەوارییانە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و چەندین ساڵی دەوێت، بەڵام هەر دەبێت بکرێت، پێویستیشە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ دادگاییکردن و لێپرسینەوە لە بەرپرس و سەرکردەکانی داعش .
ئاژانسی یونیتاد بە بڵاوکردنەوەی وێنە و دیمەنەکانی رێوڕەسمەکە ئاماژەی لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و بە هاوکاری هاوبەشانی نێودەوڵەتی کار دەکات بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر لە تاوانەکانی داعش و دڵنیای لە دۆزینەوەی روفاتی هەموو قوربانیانی دەستی داعش و ناسینەوەیان و گەڕاندنەوەیان بۆ خێزانەکانیان .
ساڵی رابردوو ئەسعەد کەریم خان سەرۆکی پێشووی تیمەکە لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر دوایین ڕێکارە یاسایی و تەکنیكییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی کردوویەتی. ئاماژەشی بەوەدا کە ئامانج لەم دادگاییکردنە، پەند وەرگرتنە لەو تاوانانە و ڕێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەیان .
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندبوو هاوکات لە گەڵ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەماهەنگ و هاوکاريش بێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی، لە لایەن تیرۆریستانەوە وێران کراون.