هەڤاڵ کوێستانی: یەکڕیزیی کورد بەرامبەر بەغدا پێویست و گرنگە

هەڤاڵ کوێستانی نووسەر و پێشمەرگەی دێرین لەم گفتوگۆیەدا دەڵێت: “ئەگەر دەوڵەتی عێراق ھێزێکی چەکداری بەھێزی هەبێت ئەمریکا و ھاوپەیمانان و وڵاتانی ھەرێمایەتی ڕێگریی لێ نەکەن پەلاماری کوردستان دەدات”. ئەوەشی گوت: “لایەنە عێراقییەکان چاویان بە ھیچ پێشکەوتنێکی کوردستان ھەڵنایەت”.

هەڤاڵ کوێستانی نووسەر و پێشمەرگەی دێرین لەم گفتوگۆیەدا دەڵێت: “لایەنە عێراقییەکان چاویان بەھیچ پێشکەوتنێکی کوردستان ھەڵنایەت ئەو مافانەی کورد بە پشتوانیی ھاوپەیمانان و دەستوور بەدەستی ھێناوە، پێی ڕەوا نابینن ئەوەش دەڵێت: “کورد دەبێت لەرێگەی دەستوورەوە شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بکات.”

  • ئێستا بە چییەوە سەرقاڵیت؟
  • ئەم ساڵ و پار ساڵیش خەریکی دوو کتێب بووم؛ یەکیان دیداریی منە لەگەڵ شێرکۆ بێکەس، سی و حەوت ساڵ پێش ئێستا ئەو دیمانەیە كراوە، بەھۆی ئەوەی بەئامێری ڕۆنیۆ چاپ کراوە کوالێتیەکەی زۆر خراپە و باش ناخوێنرێتەوە لەبەر من نا لەبەر وەڵامەکانی شێرکۆ بێکەس گرنگییەکی زۆر ھەیە بۆیە لە چاپدانەوەی جارێکی دیکەی بەپێویست دەزانم، دوای ئەوەیش یەکەم کتێبم بەناوی ئافرەت و ژانی لەدایکبوونێکی نوێ، پەیوەندییەکی قووڵی بە شۆڕش و ڕۆڵی ئافرەتەوە ھەیە لەچاپ دەدەمەوە”.
  • ئەو ڕۆژانەی نیشتمان ھی ھەمووان بوو، دوا وێستگەی نووسینەکانت دەبێت یان نا؟
  • دوای چاپکردن و بڵاوکرنەوەی ئەو بەرھەمە شتێک نییە بۆ دوا وێستگەی نووسینم، ئەو کتێبە باس لە شەش ساڵی پێشمەرگایەتیم دەکات، من بۆخۆم دوانزە ساڵ پێشمەرگە بووم کەرەستەی زۆریشم لایە ئەگەر دەست بە بەرگی دووەمی ئەو کتێبە بکەمەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کتێبەکە دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو منی لەگەڵ خۆیدا مەشغووڵ کرد و زۆری لەسەر نووسرا ئەمەش منی وا لێ کرد ھەر لەقۆناغی ئەو کتێبەدا بمێنمەوە و نەچمە قۆناغی دواتر”.
  • هەندێک ڕاگەیاندنی کوردی بەھەمان ڕاگەیاندنەکانی شۆڤێنیی عەرەبی پەیامەکانیان بۆ خەڵکی کوردستان دەگوازنەوە، بە بڕوای ئێوە بۆچی ئەو کارە دەکەن؟
  • ئەو کاتەی کە لە شاخ بوین چەند ڕادیۆیەکی کوردی ھەبوون کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر خەڵک ھەبو ئەوەی لە ڕادیۆ بڵاو دەکرایەوە جێگەی متمانەی خەڵک بوو، ئەوەی لە دامودەزگا و ڕاگەیاندنەکانی ڕژێمی بەعسەوە بڵاو دەکرایەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر خەڵک نەبوو، سەرجەم ڕادیۆکان دژایەتیی حکوومەتی عێراقمان دەکرد، بەڵام ئێستا بەداخەوە سەرباری زیادبوونی ئەو ھەموو کەناڵە بیستراو بینراوانە ئەو دژایەتییە نابینرێت منیش نازانم بۆچی ئەوە دەبێت لەخۆیان بپرسین”.
  • ئەو فشار و بڕیارانەی لە دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە بەرامبەر بە کورد دەردەکرێن، ھۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێننەوە؟
  • دادگای فیدڕاڵی دادگایەکە بۆ یەکلاکرنەوەی پرسە یاسایی و سیاسییەکان، کێشەیەکی سیاسی دێتە ئاراوە و بە دامودەزگاکانی دیکە چارەسەر ناکرێت و ناکۆکیی زۆر لەسەرە ڕەوانەی دادگای فیدڕاڵی دەکرێت بۆیە ئەو بڕیارانەی بەرانبەر بەکورد دەردەکرێن دەکرێت تێکەڵەیەک بێت لەبابەتی یاسایی و سیاسییش”.
  • تا چەند ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق بەڕەوا دەزانیت کە دەڵێت، دەبێت نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێت؟
  • من لەگەڵ ئەو دەستوورەدام نوێنەرانی کورد لەبەغدا بەژداربوون لە نووسینەوەیدا و خەڵکی کوردستان دەنگیان پێ داوە، دەبێت بەو دەستوورە کێشەکان چارەسەر بکرێت یان مامەڵە لەگەڵ یاسای نەوت و غاز بکرێت ھەرچەندە یاسای نەوت و غاز ئێستا ھەر ڕەشنووسە و دەرنەچووە، بەڵام من بڕوام وایە ئەم پڕۆژە یاسایە ببێت بەیاسا و دەربچێت کێشەکان بە زەقی و ئاڵۆزی نامێنێتەوە من لەگەڵ ئەوەدام عەدالەت لە دەرھێنان و دابەشکردنی نەوتدا ھەبێت”.
  • چەندە گرنگە کورد یەک دەنگ بێت بەرامبەر ئەو فشار و ھەڕەشانەی لە بەغداوە لێی دەکرێت؟
  • یەک ڕێزی و یەک دەنگی کورد زۆر گرنگە و پێویستە بەرامبەر بەغدا، بەڵام ئەم یەکڕیزییە لە بەغدا دروست نابێت تا یەکڕێزی و یەکدەنگی لەناو ماڵی کوردا و لەناوخۆدا دروست نەبێت، ئەوەش بەوە دروست نابێت حیزبەکان لەناو خۆیاندا کۆ بنەوە و بڵێن ئێمە دەچینە بەغدا ئەو پۆستانەی دەستمان دەکەون لەناو خۆماندا دابەشی دەکەین و شەڕ لەسەر مافەکانی کورد دەکەین بەوە حەل نابێت، دەبێت چاکسازییەک لە کوردستاندا بکرێت و خەڵک ئاشت بکرێتەوە لەگەڵ دەسەڵات”.
  • ئایا کورد بەرامبەر فشارەکانی بەغدا دەتوانێت چ فشارێک بێنێت؟
  • ھەرێم جگە لە چاکسازیەکی ڕیشەی لە سیستەمی حکومڕانی لە ناوخۆی ھەرێمدا چەکێکی لەوە بەقوەتتری نییە بەرامبەر بەغدا بکاری بھێنێت. ئەگەر ئێمە پشت بە ئەمریکا و تورکیا ببەستین بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق تا زەرەرمەند نەبین ئەوا حکوومەتی عێراق زۆر بەئاسانی دەتوانێت قەرەبووی ئەو زەرەرانەی ئەمریکا و تورکیا بکاتەوە لە نەوت و غاز و مەجالەکانی دیکەی بازرگانیدا بۆیە بەبڕوای من پاڵپشتی تورکیا و ئەمریکا بۆ کورد چەکێکی بەھێز نیە دەبێت ئەوە باش بزانن”.
  • حکوومەتی عێراق ھەوڵ دەدات ئەم قەوارەی ئێستای ھەرێم لەناو ببات پێویستە کورد بۆ ڕێگری لەمە چی بکات؟
  • لایەنە عێراقییەکان چاویان بەھیچ پێشکەوتنێکی کوردستان ھەڵنایەت، ئەگەر دەسەڵاتیان ھەبێت ئەو مافانەی کورد بە پشتوانیی ھاوپەیمانان و نووسینەوەی دەستوور بەدەستی ھێناوە لێی وەردەگرنەوە و پێی ڕەوا نابینن، بۆیە کورد دەبێت لەرێگەی دەستوورەوە شەڕ لەگەڵ عێراق بکات ھەوڵ بدات ئەو سیستەمەی لە کوردستان ھەیە بەڕاستی دیموکراسییە، کارێک نەکەین ئەمریکا و ھاوپەیمانان پشتمان تێ بکەن چونکە ئەوکات بیانویەکی زۆر دەبێت بۆ عێراق تا پەلامارمان بدەت”.
  • پێتان وایە حکوومەتی عێراق بتوانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵ ھێز بنێرێتە سەر کوردستان؟
  • ھەموو ئەوانە پەیوەندییان بە لاوازی ھەرێم و بەقوەتی دەوڵەتی عێراقەوە ھەیە ھەر کات دەوڵەتی عێراق بزانێت ھێزێکی چەکداری بەھێزی ھەیە و وڵاتانی ھاوپەیمان و ئەمریکا و تەنانەت وڵاتانی ھەرێمایەتیش ڕێگری ناکەن لە پەلاماردانی کوردستان ئەوا پەلامار دەدات ھەروەک چۆن پەلاماری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانیدا لەڕابردودا و دەستی بەسەردا گرت”.
ھەواڵی زیاتر