لە پێناو رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان، کە ئێستا هەندێ پارێزگای عێراقی گرتووەتەوە، وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى كوردستان 6 رێکارى دەرکرد.
وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنى ئەم نەخۆشییە، ئهم رێكار و بڕیارانهی خوارهوهی دهركرد:
یەکەم/ پێویستە سەربڕینى ئاژەڵان لە سەربڕخانە فەرمییەکان بێت و بەپشکنین و مۆری فەرمی ڤێتەرنەری بکەوێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر رێگه و شەقام و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.
دووەم/ پێویسته پێش سەربڕین و دوای سەربڕین پشكنین بۆ ئاژەڵەکان بکرێت بەمەبەستی دڵینابوونهوه لە تەندروستییان.
سێیەم/ پێویستە رێکارە تەندروستییەکان لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و بەکارهێنانى کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکان رەچاو بکرێت.
چوارەم/ پێویستە لە خاڵە سنوورى و فڕۆکەخانەکان، پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت، كه له دهرهوه هاوردهی هەرێمی کوردستان دهكرێن، ئهمهش بۆ دڵنیابوونهوه لە تەندروستییان.
پێنجەم/ وەزارەت رێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆر (قڕنە)، کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان و ئەم هەڵمەتە هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
شەشەم/ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی بازرگانیی ئاژەڵان بە شێوەی نافەرمی لە دەرەوە و ناوخۆی هەرێم و عێراقی فیدراڵ، هەروەها رێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵی ئەو پارێزگایانەی کە نەخۆشییەکە تێیاندا بڵاوبووەتەوە.
H.B