حزب و لایەنەکان ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بەرز دەنرخێنن

سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی، وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت. نێچیرڤان بارزانی، لە دەرکەوتنەکانیدا ھەمیشە وەک سەرۆکی وڵاتێکی گەورە دەرکەوتووە و توانیویەتی سەرنجی سیاسەتمەداران و میدیاکانی جیھان ڕابکێشێ. ڕای گشتیی کوردستان لای ڕوونە کە سەرۆکی ھەرێم لە ئاستی باڵای دنیادا لە ڕووی دیپلۆماسیەت و پێداگری لەسەر ھەرێمی کوردستان، دەستکەوتی گەورەی بەدەست ھێناوە لە ڕاگرتنی باڵانسی دیپلۆماسی و یەکڕیزیی حزبە کوردستانییەکان ڕۆڵی سەرۆکی ھەرێم بەرچاو و دیارە، ئەوەش وای کردووە کە حزب و لایەنەکان ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بەرز نرخێنن.

ڕۆژی ٢٨-٥-٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان نێچیرڤان بارزانی وەک دووەمین سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژارد،١٠-٦-٢٠١٩ نێچیرڤان بارزانی وەک دووەمین سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستبەکار بوو. ھەر لە ڕۆژی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێمدا فۆکسی جیھان کەوتە سەر کوردستان و توانی لە ھەر شوێنیک لێی بووبێ لەوێ پشتیوانیی کورد بکات. نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی واقعبین و دووربینە، لە ئاڵۆزییەکانی عێراقدا دەیەوێ لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان بێنێتە سەر مێزی دانوستاندن و بە یەک بەرە پشکداری لە مینبەرەکانی جیھاندا بکەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوای سوێندخواردنی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: “سەرۆکایەتیی ھەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پێکھاتە ئیتنی و ئایینییەکان دەبێت، بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناو ژیانێکی ئاشتییانە و ئارامی گەلی کوردستاندا.
دەسەڵات و ئەرکەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ دیاری کراون، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێ کراوە و دەتوانێ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات و نوێنەرایەتیی ھەرێم دەکات لە دەرەوە و بەرپرسە لە پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی سەرەکیی باڵاترین دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر دەزگای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئەویش ھەوڵدانێکە بۆ ئەوەی ببێتە چەترێک بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێکی سەرەکی ھەبوو لە لێک نزیککردنەوەی ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، ساڵی ٢٠١٤ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی لەیلا زاناوە سوپاسی ھەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانیی کرد بۆ ھێنانەکایەی پرۆسەی ئاشتی. لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، جەختی لە پێویستیی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیا كردەوە، كە پێویستە هەموو دەرفەتێك بۆ ئاشتی بقۆزنەوە.
وەحیدە یاقو، سەرۆکی پێشووی کوتلەی گردبوونەوەی کلدان سریان ئاشووری لە پەرلەمانی کوردستان، بە “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند: “نێچیرڤان بارزانی، چۆن لە ڕابردوودا بە سیاسەت و دیپلۆماسیەتی خۆی کاری کرد و خزمەتی خەڵکی کوردستانی کرد بەتایبەتی پێکھاتەکان، لەو ماوەی کە پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی وەرگرتووە کە سێ ساڵ دەبێت، بە ھەمان شێوە لە سەرۆکایەتی ھەرێم درێژەی بەو خەباتە داوە و ئەو دامەزراوەیەی خستۆتە خزمەتی خەڵکی کوردستان و پێکھاتەکانەوە، بەردەوام کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان، بەتایبەتی ئەو پێکەوەژیانەی کە لە کوردستان ھەیە بەھێزتر دەکات، بۆیە وەکو پێکھاتەکان ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە پاراستنی پێکەوە ژیان بەرز دەنرخێنین، چونکە بەردەوام پشتگیریی لە پێکھاتەکان کردووە. ھەروەھا توانیی ھەموو ئەو قەیران و کێشانەی کە ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە چارەسەر بکات و ھەرێمی کوردستان بگەیەنێتە کەنارێکی ئارام”.
د. ماھر فکری، چاودێری سیاسی، بە “ھەولێر”ـی گوت: “لە بواری سیاسەت و ئابووری و پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی، نێچیرڤان بارزانی ئەزموونی سیاسی زۆری ھەیە، لە ماوەی ڕابردوودا کاری زۆری کرد بۆ کۆکردنەوە و یەکگرتنی حزب و لایەنە سیاسییەکان، لەگەڵ ئەوەی ڕۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی ھەرێمی کوردستان و لە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیھاندا.
فکری، دەشڵێ: “نێچیرڤان بارزانی، چ وەکو سەرۆکی حکوومەت، چ ئەوە بۆ ماوەی سێ ساڵە کە پۆستی سەرۆکایەتیی ھەرێم وەرگرتووە، بەردەوام پشتگیریی لە پارچەکانی دیکە کردووە، ھەموو کات ویستوویەتی حزب و لایەنەکانی ئەو بەشانە لە دەوری یەکدی کۆ بکاتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو پارچانەش بە مافەکانی خۆیان بگەن.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی بواری سیاسی، بۆ ھەولێر گوتی: “نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە سیاسەتی نەرم لە نێوخۆ و بەھێز لە دەرەوە ناسراوە، ھەوڵەکانی لە نێوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی گوتاری لایەنەکان بەرامبەر بەغدا لە ماوەی سێ ساڵی سەرۆکایەتیدا ڕەنگی داوەتەوە، بەردەوام ھەوڵی لێک نزیککردنەوەی لایەنەکانی داوە، نێچیرڤان بارزانی دەسپێشخەرییەکی زۆر باش و ئومێد بەخشی دەست پێ کردووە بە کۆکردنەوەی تەواوی لایەنە سیاسییەکان کە مایەی دڵخۆشی و ئومێدی ھەموو کوردستانییەک و کوردپەروەرێکە، کە ئاوات بە یەکریزی نێو ماڵی کورد دەخوازێت، یەک گوتاری و یەکھەڵوێستیی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان گرنگە، بۆیە دڵنیام بەرھەمی ئەو یەکڕیزیەی کە سەرۆکی ھەرێم ھێناویەتە بوون لە داھاتوویەکی نزیکدا دەبینین و ھەرێمی کوردستان لەناو کۆی کێشمە کێشمەکانی ناوچەکە پارێزراو دەبێت”.

ھەواڵی زیاتر