پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دوای شکستی میلیشیاکان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق هێرشەکانیان زیادی کردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

میلیشیاکانی عێراق سەرەڕای ئەوەی کە پەتی درۆ و تۆمەتەکانیان پساوە، ملهوڕانەتر لە جاران دەستیان بە نانەوی بشێوی و تێکدانی دۆخی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە یاساییەکانی عێراق و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەو هەنگاوانە تووڕەن و داوای سنووردارکردنیان دەکەن.

میلیشیاکان حوکمی عێراق دەکەن و ملهوڕانە و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیان لە دژی دامەزراوە فەرمی و ئابووری و تەنانەت هاووڵاتیانی سڤیل و فڕۆکەخانەکان بەکار دەهێنن، لە ساڵانی رابردوودا ئەوان لە ژێر ناو و پەردەی جیاوازدا ئەم هەنگاوانەیان دەنا بەڵام ئێستا ناوەکانیشان دیارە و خۆشیان نەک شەرم لەو جووڵانە ناکەن بەڵکوو بە ئاشکرا لە هەڕەشە و کارە تیرۆریستی و بشێوییەکانیان بەردەوامن.
سەرجەم میلیشیاکانی عێراق کە بە تایبەت لە ٢٠١٤ەوە دوای سەرهەڵدانی داعش و بە فتوای مەرجەعی سیستانی دامەزران بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ناسراون بەڵام بەسەر دەیان گرووپ و یەکەی جیاوازی چەکداریدا دابەش دەبن، هەر یەک لەو گرووپانە لە لایەن کەسێک یان هێزێکی دیاریکراو فەرماندەیی دەکرێن و بەشێکی زۆر لەو گرووپانەش لەگەڵ ئەوەی کە لە ناوخۆی عێراق لە بودجە و یارمەتییە داراییەکانی حکوومەت سوودمەندن ئەوا لە شوێنی تریشەوە بە چەک و پارە و هەندێک تەکنەلۆجیای سەربازی وەک مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان یارمەتی دەدرێن.
چالاکییەکانی ئەو گرووپانە بە تایبەتی دوای ئەوە زیاتر پەرەی سەندووە کە لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو شکستێکی گەورەیان بەرکەوت و باڵە سیاسییەکانیان ژمارەیەکی زۆری کورسی پەرلەمانیان لەدەست دا. لە دوای هەڵبژاردنەوە کە بە یاسا و بە پێی رۆڵی جەماوەرییان لە حکوومەتی داهاتوودا بە تەواوی دەستیان لە حکوومەت بەردەبێت، دەستیان بە کارشکێنی و دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم هەموو هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت کردووە.
ئەو گرووپانە بەوەش نەوەستاون و لە کۆمەڵێک رەهەندی جیاوازی سیاسی و تەناهی و سەربازی ملهوڕتر بوون.
پرسی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، پرسی ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، پرسی نەوت و گاز، پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق ئەم بابەتانە بوون کە میلیشیاکان هەر جارە و پرسێک زەق دەکەنەوە و هەموو ئامانجەکە ئەوەیە ئاڵۆزی و نائارامییەکان لە عێراق زیاتر ببن، چونکە دەزانن تەنیا لە ژێرسایەی نائارامی و سەروەرنەبوونی یاسا و هەبوونی حکوومەتێکی لاواز دەتوانن درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن و بۆ ئەو مەبەستەش لە کۆمەڵێک پاساو سوود وەردەگرن و توانیویانە بەشێک لە جەماوەری ئاسایی ناو ماڵی شیعەی پێ فریو بدەن.
هەژمارکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان وەک هێزی داگیرکەر، پیشاندانی هەرێمی کوردستان وەک هێزێک کە مافی عێراقییەکان دەخوات و هێڵی سووری پێوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلی بەزاندووە، ئەو پاساوە درۆیانەن کە بەردەوام سوودی لێ وەردەگرن و لایەنگرانی خۆیانی پێ رازی دەکەن، بەڵام پەتی درۆیان لەم دواییانەدا کورتی هێناوە و ئیتر نە عێراقییەکان و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی باوەڕ بە پاساوەکانیان ناکەن.
ئەوانەی هێڵی سووریان بەزاندووە لە راستیدا ئەو میلیشیایانەن و ملهوڕییەکانیان گەیشتە قۆناغێک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی بکەنە ئامانج، ئەوان بەوە نەوەستان چەندان بەرپرس و رۆژنامەنووس و کەسی دیاری عێراقیان رفاند یان لەناو برد. لە هەرێمی کوردستانیش بێدڵیی خۆیان نەکردووە و چەندین جارە بە مووشەک و هاوەن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان شوێنە مەدەنییەکان و ناوەندی بازاڕ و شەقامە گشتییەکانیان کردووەتە ئامانج.
هەفتەی رابردوو لەسەر رێگای پیرمام بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان زیانیان بە هاووڵاتیان و کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل و شوێنی کاسبی خەڵک گەیاند. پێنجشەمی رابردوو دوای هێرشەکەی سەرهەولێر، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە ئاشکرا ناوی ئەو میلیشیایانەی هێنا و ئاماژەی دا هێرشی تیرۆریستیی بۆ سەر هەولێر، درێژەی ئەو هێرشانەیە كە بە مەبەستی گۆشار بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن، ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەكار هاتووە لە سنووری شارۆكەی پردێ لە لایەن میلیشیای حزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر كراوە.
دواتر باڵوێزخانەکانی و نوێنەرایەتی وڵاتان هەر زوو بە دەرکردنی بەیاننامە و راگەیەنراو، هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد و هاوخەمی و پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی. باڵوێزخانەی ئەمەریکا پێداگری کرد لەوەی عێراق و هه‌رێمی كوردستان شوێنی هێرشی هه‌ڕه‌مه‌كی نین، واشنتن پابه‌ندی كاركردنی به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانی. بەریتانیاش پێداگری لەوە کرد كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ن‌ له‌سه‌ر سه‌لامه‌تی و ئاسایشی عێراق.
پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکرێ ئەوەی لەسەر میلیشیاکان باس دەکرێ مشتێکە لە خەلوارێک تاوان، ئەوان جگە لەوەی کە بودجەیەکی زۆریان بۆ دەڕوات و بەهۆی ئەو هەژموونەی لە رابردوودا هەیانبووە هەندێک یاسایان لە قازانجی دارایی خۆیاندا دەرکردووە و تەنانەت هەندێک یاسای تریشیان لە پەرلەمانی عێراق دەرکردووە کە وەک پاڵپشتی بۆ پاساوەکانیان بە کاریان هێناوە، هاوکات بەردەوام خەریکی دزی و گەندەڵیی بوون و دامەزراوەکانی عێراقیان لەسوودی خۆیاندا قۆستۆتەوە، لە چەندین شوێن هێڵەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراقیان کون کردووە و نەوتەکەی دەفرۆشن. لەم دواییانەدا ئاژانسێکی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد تەنانەت بە ئامانجگرتنی تاوەرەکانی کارەباش لە ساڵانی رابردوودا هەر ئەوانیان لە پشت بووە و ئامانجیان بووە بە بەشداری پێکردنی کۆمپانیاکانیان سودی زیاتری داراییان پێ بگات.
تا ئەو گرووپ و میلیشیایانە لە عێراق جڵەو نەکرێن دۆخی عێراق ئەگەر خراپتر نەبێت ئەوا باشتر نابێت و خاڵی ئەرێنی ئەوەیە چ لە ناوخۆی عێراق و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی بە تەواوی هەست بە سەرچاوەی کێشەکە کراوە.