یەدەگی ئاو لە ئێراق کەم دەکات و دیسان لە وەرزی گەرمادا کێشەی کەمئاوی بەرۆکی ئێراقییەکان و کوردستانیان دەگرێت

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ساڵانە لە وەرزی گەرمادا، کێشەی کەمئاوی لە سەرجەم شارەکانی ئێراق دەبێتە کێشەی سەرەکی و هاوڵاتیان بەدەستییەوە دەناڵێنن.

ئێراق كە لەنێو پێنج وڵاتەكەی جیهاندا بە یەكێك لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە نەوت و گاز دادەنرێت، زۆترین زیانی لە گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا و بە بیابانبوون بەركەوتووە، بابەتی ئاویش بۆتە پرسێكی سەرەكی لەم وڵاتە نیمچە بیابانییە كە ژمارەی دانیشتووانەكەی ٤١ملیۆن كەسە.
بەهۆی گۆڕانکاریە خێراکانی کەش و هەوا لە ئێراق و وڵاتانی دراوسێی بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، پرسی ئاو و ئاستەنگەکانی بەردەمی بووەتە بابەتی گەرم و گوڕی کۆنفرانس و ناوەندە زانستیەکان، لە نێوان دەوڵەتەکانیشدا گفتوگۆی جیاجیای لەسەر دەکرێت. ئێستاکە ئێراق وەکو زۆرینەی وڵاتانی جیھان بەدەست کەمبوونەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ئاوەوە دەناڵێنێت. ڕێژەی بەکاربردنی ئاو لەلایەن دانیشتوانی وڵاتەکەوە بۆ ھەر تاکێک بە ٥٠٠ تا١٠٠٠م سێجا دەخەمڵێنرێت بۆیە بە یەکێک لەو وڵاتانە پۆڵێن دەکرێت کە مەترسییەکی گەورەی دروستبوونی قەیرانی ئاوی لەسەرە و وا پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٤٠ ڕووباری دیجلە و فرات هەردووکیان بە تەواوی وشک ببن کە ئێستاکە ڕۆژ بە ڕۆژ پێشبینییەکان دەبنە ڕاستی.
لە ئێراق کەرتی کشتوکاڵ نزیکەی ٨٤٪و بەکارهێنانی ئیش وکاری ناوماڵ رێژەی ٪‏٩و چالاکیە پیشەسازی و بازرگانیەکان بە رێژەی ٪‏٧ی بەکارهێنانی ئاو لەخۆ دەگرێت.
دیارە پڕۆژە ئاویەکانی هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رێژەی دەستەبەربوونی ئاوەوە دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزی گەرمادا، بۆیە هەرێمی کوردستان کە ٦٠٪ی ئاوی رووباری دیجلەی پێدا دەڕوات دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی پاراستنی ئاسایشی ئاو لە ناوچەکەدا کەرێژەی ساڵانەی دەگاتە نزیکەی ٢٠ملیار مەتر سێجا.
هەروەها ئەو ڕێژەیەی کە لە ئاوی زێی بچووك لە وڵاتی ئێرانیشەوە دێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە بە هەمان شێوە سەرچاوەی گرنگی ئاوە بۆ هەرێم.
ئێستاکە ئاوی کۆگاکراو لە ئێراق بە بەراورد بە ساڵی پار بۆ نیوە دابەزیوە ئەوەش لە ئەنجامی كەمبارانی و دابەزینی ئاوی بەردراوە لە رووبارەكانی وڵاتانی دراوسێوە. ئەمەش یەکێکە لەو مەترسیانەی کە هەرەشەیە بۆ سەر سەرچاوە و بوونی ئاو و کەمبوونی رێژەی ئاوی ژێر زەوی. کۆی ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان بە ٢.١ملیۆن مەتر سێجا مەزەندە دەکرێت. لە کۆی ٢.٤ملیار مەتر سێجای سەرجەم ئاوی ژێر زەوی عێراق، بەڵام ئەم سەرچاوەیە بەهۆی زۆری بەکارهێنان و بەفیڕۆدانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە مەترسیدایەو بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، دیارە یەکێك لە هۆکارەکانی ئەو کەمبوونەوەیە ژمارەی زۆری ئەو بیرانەیە کە لە کوردستاندا هەن کە خۆیان زیاتر لە ٢٣ هەزار بیری فەرمی دەدەن، ئەوە وێرای بە سەدان بیری نافەرمی تر كه‌ به‌ شێوه‌ی سه‌رپێی هه‌ڵكه‌نراوون و نه‌توانراوه‌ رووپێوی و وردبینی ته‌واویان بۆ بكرێت، كه‌وا مه‌زنده‌ ده‌كرێت ژماره‌یان بگاته‌ نزیكه‌ی زیاتر لە ٨٠ هەزار بیر.
لەو بارەیەوە، عەون زیاب راوێژكار لەوەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی حكوومەتی ئێراق لە لێداونێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستاکە ئاوی عەمباركراوی بەردەست لە٥٠٪ی لەچاو ساڵی ڕابردوو كەمترە ئەوەش بەهۆی كەمی بڕی باران بارین و هاتنی بڕێكی كەمی ئاو لەوڵاتانی دراوسێوە.
دیاردەی بەفیرۆدانی ئاو یەکێکە لەو هۆکارانەی کە رێژەی ئاو بەرەو کەمبوونەوە دەبات، بەپێی زانیاریەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار، ئێستا هەرێمی کوردستان رۆژانە ٢.١ملیۆن مەتر سێجا ئاوی سازگاری خواردنەوە بەرهەم دێنێت، کە بڕی تێچووی رۆژانەی دەکاتە ٨٤٠ ملیۆن دینار، لەم رێژەیە نزیکەی ٨٥٠ هەزار مەتر سێجا ئاو ساڵانە بەفیڕۆ دەچێت کە تێچوەکەی دەکاتە نزیکەی ١٢٤ ملیار دینارو بەهەدەردانی نزیکەی ٤٠ مێگاوات لە ووزەی کارەبا.
پسپۆرانی زانکۆکانی هەرێم دەڵێن پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەنداوی زیاتر دروست بکات و بۆ ڕزگاری لە مەترسیەکانی کەمبوونەوەی ئاو، ڕێکاری نوێ و خێرا بگرێتە بەر.

ھەواڵی زیاتر