حکوومەتی هەرێم راپۆرتی سێیەمی چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان دەکات

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرتی سێیەمی لیژنەی باڵای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان رەوانەی پەرلەمان دەکات. پەرلەمانتارێکیش دەڵێ،حکوومەتی هەرێم زۆر پرۆژەی گرنگ و باشی رەوانەی پەرلەمان کردووە و پەسەند کراون و کەوتوونەتە خزمەتی ھاووڵاتییان.

دوای پەسندکردنی یاسای چاکسازی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا ھەر سێ مانگ ‏جارێک راپۆرتێک لەسەر چۆنێتی ‏جێبەجێکردنی یاساکە بداتە پەرلەمانی‏‏ کوردستان‌ و دیوانی چاودێریی دارایی.
یاسای چاکسازی لە ١٩ ماددە پێکهاتووە، لە ١٦/١/٢٠٢٠ لە پەرلەمان‏‏دەرچووە رۆژی ٣/٢/٢٠٢٠ لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر کرا، لە سەرەتای مانگی تەممووزی ٢٠٢٠ـەوەیاساکە چووەتە بواری ‏جێبەجێ کردنەوە، تا ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوو راپۆرتی لیژنەی باڵای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان رادەستی پەرلەمان کردووە.
ئەنجامدانی چاکسازی لە سەرجەم کەرتەکان، کارنامەی سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئاستەنگ و رێگری سیاسیش زۆرن، بەڵام ئەو ئاستەنگانە نەبوونەتە ھۆی راگرتنی چاکسازی، چونکە ئیرادەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو ئاستەنگانە بەھێزترن.
راپۆرتی سێیەمی چاکسازی جێبەجێکردنی بەشێکی دیکەی یاساکەی لە خۆگرتووە لە داهات و خەرجی و چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاساکە لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکوومەت، بەشێکی دیکەش باس لەو داهاتانە دەکات، کە بەھۆی ئەم چاکسازیانەوە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
سەعید ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” لە ماوەی چەند مانگیڕابردوودا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو ھەنگاوانەی بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ناویەتی دوو راپۆرتی بۆ پەرلەمان ڕەوانە کردووە، بۆ ئەوەی پەرلەمان ئاگاداری وردەکارییەکان بێت، بڕیارە سێ مانگ جارێک ڕاپۆرت ڕەوانە بکەن، بەڵام ئەم جارە ھەندێک دوا کەوت، لە رۆژانی رابردوو راپۆرتێک لەلایەن دەستەی دەست پاکی رەوانەی پەرلەمان کراوە، کە سێیەمین راپۆرتی ئەو دەستەیە بوو، بڕیارە لەو چەند رۆژەشدا حکوومەت راپۆرتی سێیەم لەبارەی یاسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان بکات، بۆیە ھەر کاتێک راپۆرتەکە گەیشتە پەرلەمان، بە زووترین کات کار لەسەر بڕگەکانی ئەو راپۆرتە دەکەین، کە ئەو راپۆرتە جیاواز دەبێت لەگەڵ ھەر دوو راپۆرتەکەی پێش خۆی کە گەیشتوونەتە دەستی پەرلەمانتاران، چونکە ھەنگاوی پڕاکتیکی دەست نیشان کراون کە چ ھەنگاوێک نراوە و تا چەند یاسای چاکسازی کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ھەرکی، دەشڵێ:” حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو سێکتەرەکان دەستی کردووە بە چاکسازی بەتایبەت لە خەرجی و داھاتەکان، بەمەش داهاتێکی باش گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت، جێ بەجێ کردنی یاسای چاکسازی بۆ رۆژێک و دوو رۆژ نییە، بە شێوەیەکی گشتی کاتی پێویستە، بۆیە مەرج نییە ھەموو یاساکە لەو کابینەیەدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام قۆناغی گرنگی تێپەڕاندووە، ئەوەی جێگەی خۆشحالیشە حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت زۆر رژدە لەسەر جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی، لەبەر ئەوەش ھەنگاوی گرنگ نراوە، راپۆرتی یەکەم و دووەم بەڵگەن، لە داھاتوودا ھەنگاوی زۆر گرنگتر دەنرێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی کرد:” ھەموو ئەو پرۆژەیاسایانەی لە پەرلەمان پەسەند کراون و بوونەتە یاسا لە بەرژەوەندی حکوومەت و هاووڵاتیاندا بوونە، زۆر پرۆژەی گرنگ و باشی رەوانەی پەرلەمان کراوە و پەسەند کراون، لە داهاتووشدا ھەوڵدەدەین ھەر پرۆژەیەک لە بەرژەوەندی گشتی بێت، لە ماوەیەکی زوودا پەسەند بکەین و بکەوێتە خزمەتی ھاووڵاتییانەوە”.

ھەواڵی زیاتر