ئەو گرووپە چەکدارانە هەڕەشەن بۆ سەر هەولێر و ناوبەناو هێرشی دڕۆنی دەکەن

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

گرووپە چەکدارەکانی سێبەری حەشدی شەعبی جگە لەوەی بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە چەندین ناوچەی عێراقیش ستراتیجی “دابڕاندنی ناوچەکان و داگیرکردن” دەگرنە بەر، ئامانجیانە هەژموونیان زیاتر بکەن لەرێگەی چەک و هەڕەشەوە، لە نەینەوا خەریکی پەرەپێدانی ئەو پلانەیانن .

راپۆرتێکی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتیەکان باس لە جموجۆڵی ئەو گرووپە چەکدارانە دەکات، کە خەریکی شەڕ و ئاژاوەن و خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانیش بەکار دێنن، لە هەندێک ناوچەشدا لەگەڵ پەکەکە تێکەڵ بوون و تورکیا دەکەنە ئامانج، جگە لەوەی ناوە ناوە دەبنە هەڕەشەش لەسەر هەرێمی کوردستان .
لە کاتێکدا داعش لە 2017وە لە ناوچە جیاوازەکان دەر کراوە، ئەو گرووپە چەکدارانە بە دروستکردنی ناسەقامگیریی عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ و ئاژاوە و هەڕەشەی وڵاتان دەبەن، هەڕەشەکانیان بۆ سەر زۆربەی پێکهاتەکانە لەوانە کوردی ئێزدی، شەبەک و تورکمان و سوننە و کورد و تەنانەت شیعەش، جگە لەوەش ئەو گرووپە چەکدارانە خەریکی دروستکردنی گرووپی سێبەرن لە کەمینەکان و دەیانەوێت دابەشکاری دروست بکەن لە نێوان پێکهاتە و نەتەوەکانی عێراق، ئێستا بەهۆی ئەو گرووپانەوە عێراق بووەتە گۆڕەپانی شەڕی هەرێمیش لە نێوان وڵاتان. تورکیا بەهۆی بوونی پەکەکە لە شنگال و ناوچەی دیکە ناوەناوە بۆردوومان دەکات. جگە لە پەکەکە ئێستا هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی لە شنگال و ناوچەی دیکەوە بنکەی سەربازیی تورکیا تۆپباران و مووشەکباران دەکەن؛ تورکیاش لە بەرامبەردا ئەو گرووپانە بۆردومان دەکات و خاکی عێراق و کوردستان کراوەتە گۆڕەپانی ململانێی سەربازی و چەکداری .
ئێستا شنگال بووەتە چەقی ئەو ململانێیانە، کاتێک داعش لە 2014دا هێرشی کرد، کوردی ئێزدی کەوتنە خراپترین دۆخ، ژمارەیەکی زۆر کوردی ئێزدی شەهید کران و بەشێکی دیکەشیان ڕفێنران و هێشتا بەشێکیان چارەنووسیان نادیارە .
بەریا عەلەمودین، نووسەر و ڕۆژنامەڤان لەبارەی ئەو دۆخەی گرووپە چەکدارەکان دروستیان کردووە لەو ناوچەیە دەڵێ:” ئەو دۆخەی بەسەر پێکهاتەی شنگال هاتووە چەندین نەوەی دەوێت تاوەکو ساڕێژ بێت.
هەفتەی ڕابردوو، کەتائیبی حیزبوڵا کە لەلایەن زۆربەی وڵاتانەوە وەکو ڕێکخراو و گرووپێکی تیرۆرستی ناسێنراوە بە درۆن هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان، هێرشەکە کاردانەوەی وڵاتانی لێکەوتەوە و پێش هەمووشیان سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکۆنەی کرد، ئەوە ١٢ـیەمین هێرشی گرووپە چەکدارەکان بوو لە ماوەی ساڵێک و ٩ مانگدا، لەکاتێکدا هەمان ئەو گرووپانە ئامانج و ئیشەکانیان دیارە و لە جیاتی ئامانجەکانیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە چەندین ساڵە ئارامترین ناوچەیڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. ئەو گرووپە چەکدارانە ئێستا بە پێی ڕاپۆرتێکی “میدڵ ئیست مۆنیتەر” لە نەینەوا خەریکی دابەشکاری و پەرتکردنی ڕیزی پێکهاتە و دانیشتووانی ئەو پارێزگایەن، سەرەڕای هەوڵەکانیشیان لە نەینەوا و ناوچەی دیکە تەنانەت لە پارێزگا شیعەنشینەکانیش دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر کاری ئەو گرووپانەڕووی لە زیادبوونە .
ئێستا ترسێکی زۆر لە نێو کەمینەکان هەیە لە ناوچەکانی وەکو شنگال و نەینەوا کە ئەو گرووپانە لەسەر ژیانی خەلک و ژێرخانی عێراق هەژموونیان زیاتر بکەن، ئەوان مووچە و پارە لە دەوڵەت وەردەگرن و ڕێگەش نادەن پڕۆژە و ئاوەدانی بگاتە ئەو ناوچانە، بەشێکی گرووپەکانی ژێرسێبەری حەشدی شەعبی ملیۆنان دۆلار وەردەگرن لە دانانی خاڵی پشکنینی نایاسایی و پارە لە بازرگان و شوفێران لەکاتی تێپەڕین وەردەگرن .
ئێستا ئەو گرووپانە کە لەدوای هەڵبژاردنەوە تووشی شکست بوون دەیانەوێت بە هەژموون و هەڕەشەکان مانەوەی خۆیان لە عێراق بڵێنەوە، ئەوان لە عێراق ڕۆچوونەتە نێو هەموو شوێن و دەزگایەک. بەدوای ئەوەشن لە حکومەتی داهاتوو پشکیان هەبێت، بەڵامڕەوتی سەدر ڕەتیان دەکاتەوە و تەنانەت داوای هەڵوەشاندنەوەی بەشێکی ئەو گرووپانەش دەکات کە لەیاسا دەرچوون و کوێرانە مووشەک و درۆن ئاراستەی ناوچەکان دەکەن
ئێستا لە ناوەندەکان و ڕێکخراوەکان هۆشداری هەیە کە دۆخی نەینەوا بەو هەولانەی گرووپە چەکدارەکان دەیدەن هەڵدەکشێت و بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات، بۆیە داوا دەکرێت حکوومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدات دەست و پێی ئەو گرووپە لەیاسا دەرچووانە کەم بکاتەوە .
سەرچاوە: میدڵ ئیست مۆنیتەر

ھەواڵی زیاتر