ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی تاقیکردنەوەی خواستی کارەبای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان 

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی سەبارەت بە تاقیکردنەوەی خواستی کارەبای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە ڕەچاوی  جیاوازی پلەکانی گەرما کراوە و 50 مێگاوات کارەبا لەسەروو پشکی سلێمانی بۆ پارێزگاکە دیاری کراوە.

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لێژنەیەکی تایبەتمەند بە فەرمانی وەزاریی بۆ تێستی خواستی شارەکان بۆ کارەبا دامەزرا و بەشێوەیەکی پیشەیی و زانستی و دادپەروەرانە کارەکانی بە سەرکەووتوانە جێبەجێ کرد، دەرئەنجامەکەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت ڕاگەیەنرا.

ڕاشیگەیاند: وەزارەت ڕەچاوی هەموو تێبینی و سەرنجەکانی کردووە لە جیاوازی پلەکانی گەرما و هەر حاڵەتێکی دیکەی هەبووبێت و دەرئەنجامەکەشی جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ خواستی پێشووی لێ نەکەوتۆتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە “لەگەڵ ئەمەشدا 50 مێگاوات کارەبا لەسەروو پشکی سلێمانی بۆ ئەو پارێزگایە دابینکراوە و تاوەکو لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران یەکلا بکرێتەوە.”

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ پشکی کارەبای گەرمیانیش بە ڕەچاوکردنی بەرزی پلەکانی گەرمای ناوچەکە، لە 4,1% پشکیان لە تێستەکە کراوەتە 4,7%.

ھەواڵی زیاتر